كالۆری یان گەرمۆڵە

كالۆری یان گەرمۆڵە
كالۆری Calorie یان گەرمۆڵە یان تاوزە، یەكەی پێوانەی ئەو وزەیەیە Energy كە لە خۆراكدایە و لەش بۆ راپەڕاندنی فرمانەكانی و بۆ جوولە بەكاری دێنێت. كالۆری پێناسە دەكرێت بەو یەكەیە یان بەو بڕە وزەیەی یان گەرمییەی كە پێویستە بۆ بەرزكردنەوە پلەی گەرمی یەك گرام ئاو بە یەك پلەی سەدی.

وشەی كالۆری بەردەوام لەسەر زمانی ئەو كەسانەدایە كە دەیانەوێت كێشی لەشیان دابەزێنن. كەمكردنەوەی كالۆری لە خۆراك رێگەیەكی زانستی چەسپاوە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش، لەوانەشە كە تاكە رێگە بێت. بۆ نموونە خۆراكی كەم چەوری لەسەر ئەم بنچینەیە ئامانجەكەی دەپێكێت كە نەك تەنیا چەوری لە خۆراك كەم دەكرێتەوە، بەڵكو لەگەڵیدا چەندین خۆراكی تریش كە سەرچاوەی وزەن كەمتر دەخورێن، بۆ نموونە مرۆڤ ناتوانێت كە بڕێكی زۆری نان یان پەتاتە بخوات ئەگەر بە زەیت یان كەرە و پەنیر چەور نەكرێن. هەموو چالاكییەكانی لەش پێویستیان بە وزەوە هەیە، ئێمە هەتا لەكاتی نووستنیشدا پێویستیمان بە وزە هەیە بۆ هێشتنەوەی پلەی گەرمی لەش و هەناسەوەرگرتن و گرژ و خاوبوونەوەی ماسوڵكەی دڵ. لەش بە چەندین رێگەی زیندەكیمیاییەوە وزەی ناو خۆراك دەگۆڕێت بۆ ئەو وزەیەی كە دەتوانێت بەكاری بێنێت. بڕی وزەی پێویست بەندە بەوەی كە لەش تا چەند وزە سەرف دەكات، ئایا باوەڕ دەكەیت كە بڕی ئەو وزەیەی كە منداڵێكی 12 ساڵی چالاك و بزۆك پێویستی پێیە زیاترە لەو بڕە وزەیەی كە پیاوێكی ناچالاك كە لە پشت مێزێكەوە دادەنیشێت و تەنیا ئیشی ئۆفیس دەكات پێویستی پێ هەیە. پیاوێكی ئاسایی رۆژانە پێویستی بە 2500 كالۆری و ئافرەتێكی ئاسایی پێویستی بە 2000 كالۆری وزە هەیە. وەرگرتنی بڕی وزەی پتر لە پێویست لە لەشدا دەگۆڕێت بۆ وزەی یەدەك بە شێوەی چەوری، پێچەوانەی ئەم دەستەواژەیەش راستە. ئەوە ماوە بڵێین كە هەر یەك كیلۆ چەوری هەڵگیراوی لەش 7000 كالۆری وزە لەخۆدەگرێت.
Top