چۆن خۆراك هەرس دەكـرێت؟

چۆن خۆراك هەرس دەكـرێت؟
كرداری هەرس Digestion بریتییە لەگۆڕینی ئەو خۆراكەی كە دەیخۆین بۆ چەند پێكهاتووی سادەتر تاكو لەش هەڵیانمژێت و بۆ گەشە و هەموو زیندە چالاكییەكان سوودیان لێ وەرگرێت. كرداری هەرس لە راستیدا هەر لە كوڵاندن و ئامادەكردنی خۆراكەوە دەستپێدەكات، چونكە بەم شێوەیە شانەكانی خۆراك تێكدەشكێن و هەرسكردنیان ئاسانتر دەبێت لە كۆئەندامی هەرسدا. دەم، دوو رۆڵی سەرەكی هەیە لە كرداری هەرسدا كە بریتین لە وردكردنی خۆراك بە ددانەكان و تەڕكردنی خۆراك، بەمجۆرە بەشێك لە كرداری هەرسكردنی خۆراك ئەنجام دەدرێت. پاشان لە گەدەدا دەردراوەكان ماددەی پڕۆتینی وەكو گۆشت شیدەكەنەوە و هەرسی دەكەن، ترشی هایدرۆكلۆریك HCL كە لە خانەكانی گەدە دەردەدرێت جگە لەوەی پڕۆتین شیدەكاتەوە، بەشی هەرە زۆری ئەو میكڕۆبانەی كە دەگەنە گەدە لەناویان دەبات، هەر چەند یەك خولەك جارێك دەرگای گەدە دەكرێتەوە تاكو بەشێك خۆراك بچێتە ریخۆڵە باریكە، لەوێدا دەردراوەكانی ریخۆڵە بەشی هەرە زۆری خۆراكی كاربۆهیدراتی وەكو شەكر هەرس دەكەن و دەیانگۆڕن بۆ شەكری سادە واتە گلوكۆز، ماددە پڕۆتینییەكانیش بۆ ترشە ئەمینییەكان دەگۆڕن كە هەڵمژینیان ئاسانە. چەوریش بە هۆی چەند دەردراوێكی ترەوە هەرس دەكرێت بۆ ترشە چەورییەكان كە ریخۆڵە بە ئاسانی هەڵیاندەمژێت. رۆڵی جگەر لە هەرسكردندا بریتییە لە دەردانی شلەی زەرداو كە لە كیسی زراودا كۆدەبێتەوە و لەكاتی پێویست دەگاتە ریخۆڵە باریكە تاكو هاوكاری هەرسكردنی ماددە چەورییەكان بكات. پەنكریاسیش دەردراوی خۆی دەنێرێتە ناو ریخۆڵە باریكە كە هاوكاری هەرسكردن دەكات بەتایبەتی ماددە پڕۆتینییەكان. پاشان خۆراك دەبێتە دوو بەش، ئەوەی لەش كەڵكی لێ وەردەگرێت هەڵیدەمژێت، بەشەكەی تر كە لەش كەڵكی لێ وەرناگرێت و هەڵنامژرێت لە ریخۆڵە فڕێ دەدرێت.
Top