چێژی تاڵ لە دەم و قوڕگدا

چێژی تاڵ لە دەم و قوڕگدا
هەستكردن بە چێژێكی تاڵ Bitter taste یان چێژێكی ناخۆشی وەكو تام سارد لە دەمدا حاڵەتێكی باوە. بەگشتی كولبوونی دەم ئەم گرفتە پەیدا دەكات كە گەلێك هۆكاری لەپاڵە وەكو: سووتانی ناوپۆشی دەم لەبەر خواردن و خواردنەوەی گەرم، پاك رانەگرتنی دەم و ددان، بەكارهێنانی فڵچەی ددان بە ناڕێكی كە ببێتە ئەگەری برینی بچووك لە پوك یان زمان یان ناوپۆشی دەم، كەمی ڤیتامین و كەمی كانزایەكان، قەیرانە دەروونییەكان. هۆیەكانی تری چێژی ناخۆش لە دەمدا بریتین لە: هەوكردنی پشتەوەی زمان و دەم و قوڕگ بە تایبەتی هەوكردن بە كەڕووی كاندیدا Candida كە زیاتر لەو كەسانەدا روودەدات كە بەرگری لەشیان كەمە وەكو منداڵ و پیرەكان و نەخۆشانی شەكرە و تووشبووان بە ئایدز یان شێرپەنجە. زۆرجار دەرمانی ددانسازی و هەندێك دەرمانی تری وەكو فلاجیل چێژی دەم ناخۆش دەكەن. پەستی توند و قووڵ، خەمۆكی دەبنە ئەگەری گۆڕان لە ناوپۆشی دەمدا بەتایبەتی گۆڕان لە رێژەی دەردانی لیكدا. وشكبوونی دەم دەبێتە ئەگەری هەر دوو بۆنی ناخۆش و چێژی ناخۆش لە دەمدا كە گرنگترین هۆكارەكانی بریتین لە كەم خواردنەوەی شلە و زیاد ئارەقەكردن، زیاد قسەكردن، نەخۆشی شەكرە، سستبوونی گلاندی تایرۆید، پەككەوتنی گورچیلەكان، نەخۆشی ئەلزهایمەر، نەخۆشی پاركینسۆن، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان. چارەسەركردنی ئەم گرفتە بە دۆزینەوە و چارەسەركردنی هۆیەكەی ئەنجام دەدرێت، لە ماڵەوە دەكرێت هەر جۆرێكی غەرغەرە یان شووشتنی دەم Mouth Wash بە گیراوەی دژەمیكرۆب ئەنجام بدرێت. زیاد خواردنەوەی ئاو، زیاد خواردنی سەوزە و میوە، كۆنترۆلكردنی شەكرە، هەنگاوی سادە و گرنگن بۆ رێگرتن لە وشكبوونی دەم.
Top