بەهای خۆراكی خورما

بەهای خۆراكی خورما
خورما Dates سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی ریشاڵی رووكییە، مرۆڤی پێگەیشتوو رۆژانە بە تێكڕایی 25 گرام ریشاڵی پێویستە. ریشاڵی رووەكی دوو جۆری هەیە، ریشاڵی تواوە و نەتواوە، هەر دووكیان سوودی تەندروستی تایبەتیان هەیە. جۆری تواوە كۆنترۆڵی نەخۆشی شەكرە دەكات بەوەی كە ئاستی شەكری خوێن دادەبەزێنێت، هەروەها ئاستی كۆلیستیرۆل دادەبەزێنێت بەتایبەتی كۆلیستیرۆلی خراپ. جۆری نەتواوە تێكڕای جوولەی خۆراك لە ریخۆڵەدا تاودەدات و دژی قەبزی كاردەكات. رێژەی كاربۆهیدرات بە شێوەی شەكر لە خۆرمادا دەگاتە نزیكەی 73%، خورما هەرسێ شەكری فركتۆز و گلوكۆز و سوكرۆز لەخۆدەگرێت كە لەش بە ئاسانی سوودیان لێ وەردەگرێت، بۆیە خورما بە سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی وزە دادەنرێت. هەروەها خورما پرۆتین و زەیت و كانزایەكانی كالسیۆم، سولفەر، ئاسن، پۆتاسیۆم، كۆپەر، مەنگەنیز، مەگنسیۆم لەخۆدەگرێت كە هەموویان بایەخی تەندروستی زۆریان هەیە. خورما گەلێك ڤیتامین لەخۆدەگرێت وەكو ڤیتامینB1، B2، B5، B6، ئەم ڤیتامینانە گرنگی تەندروستی زۆریان هەیە لە دروستبوونی هیمۆگلۆبین و خڕۆكە سوور و سپییەكانی خوێندا، هێشتنەوەی ئاستی شەكری خوێن. خورما مەگنسیۆمی تێدایە كە زەروورە بۆ تەندروستی ئێسكەكان، ئەمە جگە لەكانزای ئاسن كە گرنگە بۆ دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، خورما هیچ كۆلیستیرۆلی تێدا نییە. خورما سەرچاوەیەكی باشە بۆ پۆتاسیۆم كە زۆر گرنگە بۆ گرژبوونی ماسوڵكەكانی لەش و ماسوڵكەی دڵ و كۆئەندامی دەمار لەگەڵ دابەزاندنی پەستانی خوێن. خواردنی خورما دەمانپارێزێت لە قەبزی، گرفتەكانی ریخۆڵە، سكچوون، هەروەها لە شێرپەنجەكانی كۆئەندامی هەرس.
Top