پەستانی خوێنت دابەزێنە

پەستانی خوێنت دابەزێنە
بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن Hypertension نەخۆشییەكی درێژخایەنە، تا ئێستا چارەسەرێكی بنبڕ یان یەكجارەكی بۆ نەدۆزراوەتەوە، تووشبوو تا لە ژیاندا ماوە پێویستە كە پابەندی پارێزی خۆراك و وەرگرتنی دەرمان و خۆبەسەركردنەوە لەلایەن دكتۆر بێت، ئەگینا دەبێتە ئەگەری ئاڵۆزی تەندروستی گەورە بە مەترسی مردنیشەوە. گەلێك كەس تووشی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن دەبن بێئەوەی كە دركی پێبكەن، چونكە لەزۆربەی حاڵەتەكاندا كە هێشتا دوچاری ئاڵۆزییەكان نەبووبن، تووشبوو هەست بە هیچ نیشانەیەك ناكات، بۆیە ئەم نەخۆشییە بە بكوژی بێدەنگ Silent killer ناوزەد دەكرێت. گرنگترین هەنگاوەكانی سروشتی بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێنی بەرز بریتین لە: كەمكردنەوەی كێشی زیادی لەش و چارەسەركردنی قەڵەوی تەنیا لەژێر چاودێری دكتۆردا، ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی رۆژانە وەكو رۆیشتنی خێرا و راكردن یان لێخوڕینی پایسكل، كەمخواردن و كەمكردنەوەی خوێ بۆ كەمتر لە 2 گرام رۆژانە لەگەڵ كەمكردنەوەی خواردنی ترشیات و ئەو خۆراكە قوتووبەندانەی كە رێژەیەكی بەرزی سۆدیۆم یان خوێی شاراوە Hidden salt لەخۆدەگرن بەتایبەتی گۆشتی قوتووبەند، كەمكردنەوەی خواردنی گۆشتی سوور و ئەندامەكانی ئاژەڵ، زیاد خواردنی میوەكان بەتایبەتی سێو و ترێ لەگەڵ سەوزەواتی جۆراوجۆر، زیاد خواردنەوەی ئاو، دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان، چونكە نیكۆتین پەستانی خوێن بەرزدەكاتەوە، دووركەوتنەوە لە تووڕەبوون و گرژی دەمارەكان و هەڵچوون و كاردانەوە دەرووونییەكان، دووركەوتنەوە لە خواردنەوەی قاوە.
Top