خۆراك لە بۆشایی ئاسماندا

خۆراك لە بۆشایی ئاسماندا
تەكنۆلۆژیای پیشەسازی و قوتووبەندكردنی خۆراك پێشكەوتنێكی ئاوای بەخۆوە بینیوە كە خۆراكی كەشتیوانانی بۆشایی ئاسمانی والێكردووە كە زۆر لەخۆراكی سەر زەمین نزیك بێت. كەشتیوانانی بۆشایی ئاسمان Astronauts وەكو ئێمە بە چەقۆ و چەنگال خۆراك دەخۆن، تەنیا ئەو خۆراكانە نەبن كە لەناو پاكێت یان قوتووی تایبەت و داخراودا هەڵگیراون، جلە زیوییەكانیان دوو مقەسی بچووكیان تێدایە بۆ بڕین و كردنەوەی پاكێت و قوتووەكانی خۆراك. بەگشتی ژەمەكانی خۆراكی كەشتیوانانی بۆشایی ئاسمان ئەو خۆراكانە لەخۆدەگرن كە مامەڵەیەكی تایبەتیان لەگەڵدا كراوە بە مەبەستی پاراستنیان و رێگرتن لە گەشەی بەكتریا و میكرۆبەكانی تر لەناویاندا. هەندێك لەو خۆراكانەی كە كەشتیوانانی بۆشایی ئاسمان لەگەڵ خۆیان دەبەن پێویست بە هیچ مامەڵەیەكیی تایبەتی ناكات بۆ نموونە هەندێك جۆری نەستەلە و باوی و گوێز. هەندێك خۆراكی دیكە لەسەر زەویدا بە مامەڵەیەكی تایبەت رێژەی ئاویان كەم دەكرێتەوە وەكو مەعكەرۆنە و پەنیر و هێلكە، پاشان لە بۆشایی ئاسماندا كەشتیوانەكان بۆ نەرمكردنەوەیان بە ئاو تەڕیان دەكەنەوە. میوە، ماست، هەروەها هەندێك جۆری گۆشت بۆ لەناوبردنی بەكتریا بە پلەی گەرمی بەرز مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، هەندێك جۆری میوەی وەكو قەیسی وشك دەكرێنەوە. ستیك و هەندێك جۆری گۆشتی تر بۆ لەناوبردنی میكرۆب بەهۆی تیشكەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت. لەبەر نەمانی هێزی كێشكردن لە هیچ لایەكدا، ئێسكەكان لاواز دەبن، بۆیە پێویستە كە خۆراكی دەوڵەمەند بە كالسیۆم و ڤیتامیەنەكان بدرێت بە كەشتیوانانی بۆشایی ئاسمان، هەندێك خۆراكیش لەناو كەشتی بۆشاییدا مەترسیدارن وەكو نان یان سەموون و هەموو ئەو خۆراكانەی كە ورد دەبن یان پارچەی بچووكیان لێدەبێتەوە، ئەمەش لەبەر مەترسی چوونە ناو كۆئەندامی هەناسە و خنكان، هەروەها خۆراكی زۆر گەرمیش مەترسیدارە، چونكە لەكاتی رژانیدا بە ئازادی دەجوولێ كە ئەگەر بەر پێستی كەشتیوانێك بكەوێت، ئەوا دەبێتە هۆی سووتانی.
Top