تۆ كە گەنجیت بۆ زوو ماندوو دەبیت؟

تۆ كە گەنجیت بۆ زوو ماندوو دەبیت؟
زۆرجار دەبینین كە گەنجێك لەوكاتەی كە بە پێپیلكەكان بۆ نهۆمی دووەم یان نهۆمی سێیەمی باڵەخانەیەك سەر دەكەوێت، لە پڕێكەوە بۆ ماوەیەكی كورت دەوەستێت و دەڵێ ((ئاخ ماندوو بووم، هەناسەم تەنگبوو))، ئینجا ساڵ لە دوای ساڵ ئەم گەنجە كە بە پێپیلكەكان سەردەكەوێت زیاتر سەخڵەت دەبێت و هەناسەی خێرا و كەمێكیش تەنگ دەبێت و ناچار دەبێت كە لەنیوەی رێگەدا پشووێك بدات، ئینجا تا دێت لای ئەم گەنجە گەیشتن بۆ نهۆمی دووەم و سێیەم بە رێگەی پێپیلكەكان قوڕستر دەبێت كە ساڵانی پێشوو بێئەوەی ماندوو بێت یان هەناسەی سوار بێت بەئاسانی سەردەكەوت، بۆیە وا بیردەكاتەوە كە هۆی ئەمە بۆ تەمەن و بەساڵاچوون دەگەڕێتەوە. بە كورتی لەوانەیە تەمەن هۆكاربێت، بەڵام بە تەنیا هەموو هۆیەكانی زوو ماندوو بوون و كێشەی هەناسە ناگریێتەوە، بۆیە مرۆڤ لەم تەمەنەدا كە زوو ماندوو ببێت، ئەوا پێویستە جگە لە تەمەن بیر لە هۆیەكانی تری ئەم كێشەیە بكاتەوە. لەوانەیە هۆكاری زوو ماندووبوون و تەگەرەیەكی كاتی لە هەناسەدا بگەڕێتەوە بۆ شڵەژان و تێكچوونی فرمانی دڵ و سییەكان، بۆیە لە گەنجیشدا زوو ماندووبوون و كێشە لە هەناسەدا لەوانەیە گرفتێكی تەندروستی لەپاڵەوە بێ و مەسەلەكە لە بەساڵاچووان قووڵتر ببێ. لەگەڵ جوولەدا لێدانەكانی دڵ و هەناسە خێرا دەبن، ئەگەر دڵ نادروست یان نەخۆش بوو، ئەوا لەكاتی جوولەدا چالاك نابێ و ناتوانێ بڕێكی باش لەخوێن پاڵ بنێ بۆ ناو خوێنبەرەكانی لەش، واتە بڕێكی كەمتر لە پێویست خوێن پاڵ دەنێ بۆ شانە و سییەكان، بەمەوە دڵ زیاتر لێدەدات و هەناسە خێراتر دەبێ و خاوەنەكەی هەست بە ماندووبوون دەكات، هەرچەندە كە جوڵەیەكی ئاواشی ئەنجام نەدابێت كەبە مانای وشە ماندوو و هیلاكی بكات. ئەگەر دڵ پەكی بكەوێ، ئەوا خوێن لە شانەكاندا كۆ دەبێتەوە و دەبێتە هۆی گرفت و كێشەیەكی گەورەتر لە سییەكاندا، بۆیە لەوانەیە كە ئەو كەسە لەكاتی پشوودانیشدا هەر هەناسەی تەنگ و هەست بە ماندووبوون بكات. كەواتە دڵ بە پلەی یەكەم دێت لەم كێشەیەدا ئینجا نەخۆشییەكانی سی و بۆڕییەكانی هەوا وەكو نەخۆشی رەبو، شڵەژانی باری دەروونیش زۆرجار بەشێوەیەكی كاتی دەبێتە هۆی زوو ماندووبوون و هەناسە تەنگی وەكو ئەوەی كە لە قوتابییەكاندا بەر لە دەستپێكردنی تاقیكردنەوەكان بەدی دەكرێت، دەبێ ئەوەش لەبیر نەكەین كە جگەرەكێشان و قەڵەوی دوو هۆی گرنگی ترن بۆ زوو ماندووبوون و كێشەی هەناسە لە گەنجاندا.
Top