وریای چەورییە شاراوەكان بن

وریای چەورییە شاراوەكان بن
ئەوە روون و ئاشكرایە كە شوكولاتە و كێكەكان بە وزە باركراون، بەڵام قەت بیرت لەو خۆراكانە كردۆتەوە كە حەزیان لێدەكەیت ئایا چەند چەوری شاراوەیان تێدایە؟ لێرەدا باسی چەند جۆرێكی خۆراك دەكەین كە رێژەیەكی بەرزی چەوری شاراوە Hidden Fatلەخۆدەگرن. مایۆنێز Mayonnaise چێژی زۆربەی سەلاتەكان خۆش دەكات، لەگەڵ خۆراكی خێرادا دەخورێت، بەڵام ئایا دركت بەوە كردووە كە رێژەی چەوری ناو مایۆنێز دەگاتە 80% یان 80 گرام لە هەر 100 گرامدا، وا باشترە كە لەجیاتی ئەوەی مایۆنێز بخەیتە ناو ساندویچی مریشك یان ماسی تونا، هەندێك ساسی سۆیا یان ماست و پەنیری كەم چەوری یان تەماتە یان بیبەری رەش وەكو (درێسینگ Dressing) بخەیتە سەر ساندویچ و سەلاتە. كەرەی فستق عەبید Peanut butter بە رێژەی 50% چەوری تێدایە. پەنیرەكان بە گشتی رێژەیەكی بەرزی چەورییان تێدایە، بۆ نموونە رێژەی چەوری ناو پەنیری شیدار Cheddar دەگاتە 33%. گۆشتی سوور بە رێژەی 31% چەوری لەخۆدەگرێت كە چەورییە تێرەكانن و لە لەشدا ئاستی كۆلیستیرۆل بەرزدەكەنەوە، ئەگەرچی گۆشتی سوور رێژەیەكی چەوری كەمتری تێدایە لەچاو گەلێك خۆراكی تر كە چەوری شاراوەیان تێدایە، بەڵام لەبەر ئەوەی كە گۆشتی سوور بە بڕی زیاتر دەخورێت، بۆیە دەرەنجام رێژەیەكی زیاتری چەوری دەبەخشێت. گوێز، باوی، كازو بە رێژەی پتر لە 70% چەوری لەخۆدەگرن، ئەم چەورییانە سوودبەخشن بۆ تەندروستی، بەڵام زیاد خواردنیان لەوانەیە كە ببێتە زیادبوونی كێشی لەش. رێژەی چەوری لەناو جیبسی پەتاتەدا دەگاتە 35% كە چەورییە نێوەندییەكانن و بۆ تەندروستی پەسند ناكرێن. میوەی ئەڤۆكادۆ Avocadosبە رێژەی 17% چەوری تێدایە كە بە چەورییە باشەكان دەژمێردرێن، بەڵام دیسان زیاد خواردنی ئەڤۆكادۆ لەوانەیە كێشت زیاد بكات.
Top