نەخۆشانی شەكرە: پێیەكانتان بپارێزن

نەخۆشانی شەكرە: پێیەكانتان بپارێزن
یەكێك لەو ئاڵۆزییانەی كە دوچاری تووشبووان بە نەخۆشی شەكرە دەبێت بریتییە لە كولبوونی پێیەكان كە زۆر جار دەبێتە ئەگەری لاڕەشە Gangrene و پەل بڕینەوە Amputation، بۆیە پێویستە لەسەریان كە پتر لە دەموچاویان گرنگی بە پاكوخاوێنی پێیەكانیان بدەن. بۆ پاراستنی پێیەكان جگە لە كۆنترۆڵكردنی ئاستی شەكری خوێن، پەیڕەوی ئەم هەنگاوانە بكە: رۆژانە پێیەكانت بپشكنە بۆ هەر سووربوونەوە و داڕوشان یان كولبوونێك، رۆژانە پێیەكانت بە ئاوێكی گەرم و سابوونێكی سووك بشۆ و زوو وشكیان بكەرەوە بەتایبەتی كەلێنی پەنجەكان، هەفتانە نینۆكی پێیەكانت بە شێوەیەكی راستەهێڵی نەك كەوانەیی ببڕە و هەرگیز زۆر كورتیان مەكە، گۆرەوی نەرم و گوشا بپۆشە، لەكاتی نووستندا ئەگەر پێیەكانت سارد بن گۆرەوی بپۆشە، كەفشی گوشا لەبەر بكە و هەرگیز بە پێی پەتی مەگەڕێ هەتا لە باخچەی ماڵیشدا، جگەرە مەكێشە چونكە دەبێتە ئەگەری كەمبوونەوەی لێشاوی خوێن بۆ پێیەكان، بە شێوەیەكی رۆتینی هەر
3-2 مانگ جارێك سەردانی دكتۆر بكە بۆ بەسەركردنەوەی پێیەكانت. یەكسەر سەردانی دكتۆر بكە ئەگەر هەر یەكێك لەم نیشانانەت لە پێیەكانتدا بەدی كرد: گۆڕان لە ڕەنگ و پلەی گەرمی پێیەكان، ئاوسان لە پێ یان گۆزرینگ، ئازار لە قاچەكاندا، قڵیشان یان برین یان كولبوون هەر چەند بچووكیش بێت، هەوكردنی نینۆكەكان بە كەڕوو یان كە نینۆك دەچەقێتە ناو پێستی پەنجەكانی پێ.
Top