بەهای خۆراكی گەنمەشامی

بەهای خۆراكی گەنمەشامی
بەهای خۆراكی گەنمەشامی Corn لەوەدایە كە مادەی گرنگی وەكو ڤیتامین B1 و ڤیتامین B5 تێدایە كە گرنگن بۆ كرداری زیندەپاڵ یان میتابۆلیزمی مادە كاربۆهیدراتییەكان، هەروەها فۆلێت Folate كە لەش بۆ دروستكردنی خانەی نوێ سوودی لێ وەردەگرێت و گرنگی زۆری هەیە لە پێش و لەكاتی دووگیانیدا بۆ پاراستنی كۆرپە لە سەقەتی زگماكی. هەروەها گەنمەشامی رێژەیەكی باشی لە ڤیتامین Cتێدایە كە مادەیەكی دژەئۆكسانی بەهێزە و سوودی هەیە بۆ بەهێزكردنی بەرگری لەش بەتایبەتی بەرگری دژی هەوكردنە میكرۆبییەكان. گەنمەشامی سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی ریشاڵی خۆراكییە Fiber كە رێژەكەی دەگاتە پتر لە 18%ی پێویستی رۆژانە كە بریتییە لە 35-25 گرام بۆ مرۆڤی پێگەیشتوو. گرنگی گەنمەشامی زیاتر لەبەر ریشاڵی خۆراكییە كە ئاستی كۆلیستیرۆل لە خوێندا دادەبەزێنێت و ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی قۆڵۆن دووردەكاتەوە. خواردنی گەنمەشامی هەفتانە دوو جار بە تازەیی یان هەتا بە فریزكراوی سەرەڕای ئەم سوودە تەندروستییانەی كە لە سەرەوەدا باسكران، یارمەتیدەرە بۆ كۆنترۆلكردنی ئاستی شەكری خوێن بەتایبەتی لە تووشبووان بە نەخۆشی شەكرەدا. ریشاڵی خۆراكی دوو جۆری هەیە، جۆری تواوە و جۆری نەتواوە، هەردووكیان سوودی زۆریان بۆ تەندروستی هەیە بەتایبەتی بۆ كۆئەندامی هەرس و كۆئەندامی دڵ و سووڕان.
Top