سووزەنەگ هۆكارێكە بۆ نەزۆكی

سووزەنەگ هۆكارێكە بۆ نەزۆكی
سووزەنەگ Gonorrhoea باوترینی ئەو نەخۆشییانە كە بە رێگەی سێكسی لابەلا لە دەرەوەی پێوەندی هاوسەرێتیدا دەگوازرێنەوە. سووزەنەگ واتە هەوكردن لە دەزگای زاوزێدا، لەوانەیە بێ نیشانە بێت بەتایبەتی لە ئافرەتاندا، ئەمەش مەترسی تەندروستی هەیە. نیشانەكان لە ئافرەتدا بریتین لە: ئازار لە خوارەوەی سكدا، گۆڕان لە دەردراوی زێدا بە شێوەی زیادبوونی دەردراو لەگەڵ گۆڕانی رەنگ و بۆنی دەردراو، ئازار لەكاتی میزدا، دیتنی خوێن لە زێدا لە بەینی سووڕەكانی مانگانەدا و لە پاش جووتبووندا، ئازار لەكاتی جووتبوون و لە پاش جووتبووندا. نیشانەكان لە پیاودا بریتین لە: دەردراوێكی زەرد لە بۆڕی میزەوە، خورشت لەناو بۆڕی میزدا، ئازار لە بۆڕی میزدا بەتایبەتی لە كاتی میزكردندا. ئەگەر سووزەنەگ زوو لەلایەن دكتۆر چارەسەر نەكرێت، ئەوا چەندین ئاڵۆزی لێدەكەوێتەوە كە زۆر جار دەبێتە ئەگەری نەزۆكی، بۆ نموونە لە ئافرەتدا هەڵكشانی هەوكردن بۆ ملی منداڵدان، منداڵدان، لوولەكانی فالوپ، هێلكەدانەكان، هەوكردنی حەوز PID كە نەخۆشییەكی سەختە و دەبێتە ئەگەری تا و ئازار لە خوارەوەی سكدا. لە پیاویشدا لەوانەیە كە هەوكردن هەڵكشێت بۆ بۆڕی میز، بربخ، گونەكان، پرۆستات.
Top