نــەخــۆشی تورەگەی ئاوی

نــەخــۆشی تورەگەی ئاوی
تورەگەی ئاوی یان كیسی ئاوی یان نەخۆشی هایداتید Hydatid نەخۆشییەكی مشەخۆرییە كە بەهۆی جۆرێك كرمی شریتی بەناوی Echincoccus تووشی مرۆڤ دەبێت، گەرای ئەم كرمە لە ڕیخۆڵەی سەگدا بە رێگەی پیسایی فڕێ دەدرێت، ئەگەر سەوزە یان ئاوی خواردنەوە بەم گەرایە ئاڵودە بێت و بگاتە لەشی مرۆڤ ئەوا تووشی ئەم نەخۆشییەی دەكات. كە گەرا گەیشتە ڕیخۆڵەی مرۆڤ دەبێتە لارڤا Larva كە ئەویش دیواری ڕیخۆڵە دەبڕێت و لەگەڵ خوێندا دەگاتە هەموو بەشەكانی لەش و دەتوانێ لە هەر بەشێكی لەش كیس یان تورەگە دروست بكات، بەڵام زیاتر لە جگەر و سییەكاندا تورەگەی ئاوی دروست دەبێت. تورەگەی ئاوی بەهۆی تیشك وسۆنار و پشكنینی خوێن دەستنیشان دەكرێت. تاكە ڕێگە بۆ چارەسەركردنی تورەگەی ئاوی بریتییە لە نەشتەرگەری شان بە شانی دەرمانی ڤێرمۆكس Vermox كە ناوە زانستییەكەی میبیندازۆلە Mebendazole كە دەرمانێكی بەهێزە دژی كرمەكان و نزیكەی هەموو كرمێك لە لەشدا لەناو دەبات. گرنگترین هەنگاوی خۆپاراستنیش لەم نەخۆشییە بریتییە لە پاكوخاوێنی دەست و سەوزە و میوە و ئاو بەتایبەتی لە گوند و ئەو شوێنانەی كە مەڕوماڵاتیان زۆرە.
Top