ڤیتامین و نەخۆشی شەكرە

ڤیتامین و نەخۆشی شەكرە
نەخۆشی شەكرە بریتییە لە بەرزبوونەوەیەكی نائاسایی لە ئاستی شەكری خوێن لەبەر گرفت لە فرمانی گلاندی پەنكریاسدا. لەبەر ئەوەی كە نەخۆشی شەكرە نەخۆشییەكی درێژخایەنە و دەرمان بە بەردەوامی وەردەگیرێت، حاڵەتەكە پێویست بە وەرگرتنی ڤیتامینی جۆراوجۆر یان ماڵتی ڤیتامین Multivitamins دەكات. هەندێك جۆری ڤیتامین یەكجار گرنگ و پێویستن بۆ نەخۆشانی شەكرە، چونكە رۆڵی گرنگیان هەیە بۆ رێكخستنی ئاستی هۆرمۆنی ئینسولین لە لەشدا. ئەو ڤیتامینانەی كە بۆ نەخۆشی شەكرە پێویستن و بە ڤیتامینەكانی شەكرە ناسراون بریتین لە: ڤیتامین D، C، B6، B12. بڕی تەواوی ڤیتامین C لە لەشدا ئاستی شەكری سۆربیتۆل Sorbitol لە خوێندا دادەبەزێنێت، لەو كاتەی كە زیادبوونی ئاستی ئەم جۆرە شەكرە لە خوێندا ئەگەری ئاڵۆزییەكان لە نەخۆشانی شەكرەدا زیاتر دەكات. ئەوە راستییەكی زانستی چەسپاوە كە ئاستی بەرزی شەكری خوێن هۆكارە بۆ روودانی ئاڵۆزی لە دەمارەكاندا بە شێوەی هەوكردنی دەمارەكانی دەوروبەر Neuropathy، ئەمەش زانراوە كە ڤیتامن B6 و ڤیتامین B12 رۆڵیان هەیە بۆ پاراستنی دەمارەكان بەتایبەتی كە خودی نەخۆشانی شەكرە دوچاری كەمی ئەم ڤیتامینانە دەبنەوە. هەروەها ڤیتامین D رۆڵی هەیە لە جێگیربوونی ئاستی شەكری خوێندا، ئەم ڤیتامینە زیاتر لە هێلكە و پەنیر و ماسیدا هەیە، بەمە و لەگەڵ خۆدانە بەر تیشكی خۆر بەتایبەتی بەیانیان زوو بڕی تەواوی ئەم ڤیتامینە بۆ لەش دابین دەبێت.
Top