ئەدهەم كەریم دەروێش بەڕێوەبەری گشتی لقی بانكی ناوەندی لە هەولێر بۆ گوڵان :نرخی دینار بەرامبەر دۆلار لەسەر بنەمای ئەو بڕە دۆلارەیە كە رۆژانە بانكی ناوەندی عێراق بە نرخێكی دیاریكراو دەیفرۆشێت

ئەدهەم كەریم دەروێش بەڕێوەبەری گشتی لقی بانكی ناوەندی لە هەولێر بۆ گوڵان :نرخی دینار بەرامبەر دۆلار لەسەر بنەمای ئەو بڕە دۆلارەیە كە رۆژانە بانكی ناوەندی عێراق بە نرخێكی دیاریكراو دەیفرۆشێت
پرسی سیاسەتی دارایی و نەختینەیی بانكی ناوەندی لەسەر چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی گرفتی دارایی و پاراستنی بەهای دیناری عێراقی بە یەكێك لەو خاڵە گرنگانە دادەنرێت كە رۆڵی لە پاراستنی سەقامگیری دراو هەیە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم لایەنە، ئەدهەم كەریم دەروێش بەڕێوەبەری گشتی لقی بانكی ناوەندی لە هەولێر بەم جۆرە ڕای خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو.

«هەرێمی كوردستان خاوەنی دوو لقی بانكی ناوەندییە لە هەولێر و سلێمانی كە سەرچاوەی كۆكردنەوەی سەرجەم داهاتەكانن، ئەمە جگە لەوەی سەرپەرشتی 88 بانكی حكوومی و 84 بانكی ئەهلی و چەندین بانكی پسپۆڕایەتی لە كشتوكاڵ و عەقاری و پیشەسازی دەكەن. ئەمە لەكاتێكدا لەساڵی 1991 لە تەواوی هەرێمی كوردستان تەنیا 23 بانك هەبوو، لەم قەیرانەشدا بانكە ئەهلییەكان سەرەڕای خراپبوونی بارودۆخەكە و كەمبوونەوەی داهات و قازانجەكان، بەڵام لە كاروچالاكییان بەردەوامن و هیچ بانكێك دووچاری ئیفلاسبوون نەبووەتەوە، بەپێچەوانەوە لە مامەڵەكانیان بەردەوامن و تەنانەت پێوەندییەكی توندوتۆڵیان لەگەڵ بانكە نێودەوڵەتییەكانیش هەیە. لقی بانكی ناوەندی لە هەولێر و سلێمانی نوێنەریان لە ئەنجومەنی ئیداریی بانكی ناوەندی عێراق هەیە، بەڵام نوێنەری بەردەواممان نییە و ئاگاداری سیاسەت و كار و چالاكی ئەو بانكە نین، ئەو رێنماییانەی دەردەچن، یان ئەو بڕیار و شێوازی كاركردنەی رۆژانە پەیڕەو دەكرێن، دوای دەرچوونی رێنماییەكان ئاگادارین، پاساوی بانكی ناوەندی بەغدا بۆ نەبوونی نوێنەری كوردستانی لەناو بانكەكە ئەوەیە كە ئەو دوو لقەی بانكی ناوەندی لە هەولێر و سلێمانی نەگەڕاوەتەوە سەر بانكەكەیان، ئەمەش پێویستی بە دان و ستاندن و رێككەوتن هەیە، تاوەكو میكانیزمی كاركردن و بەشی كوردستان لەناو بانكی ناوەندی بەغدا زامن بكەین. بەهێزی بەهای دیناری عێراقی لەسەر بنەمای فرۆشتنی دۆلار بوو لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر بانكی ناوەندی رۆژانە دۆلار نەفرۆشێت، راستەوخۆ بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی روو لە هەڵكشان دەكات، واتا بەهای دیناری عێراقی و راگرتنی سەقامگیریی بەهاكەی بەرامبەر دۆلار لە سەر بنەمایەكی نازانستی بووە، ئەویش فرۆشتنی دۆلارە بە نرخێكی كەمتر لە نرخی راستەقینەی خۆی، نەك لەسەر سیاسەتی دەوڵەت و بەهێزیی ئابووری دەوڵەتی عێراق، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاریش بەرامبەر دیناری عێراقی كە لەم ماوەیەی رابردوودا روویاندا، هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بانكی ناوەندی بڕە دۆلارێكی كەمتری رۆژانە دەخستە ناو بازاڕەوە. راستە داشكانی جیهانی نرخی نەوت و شەڕی داعش و ئاوارەبوونی سێ ملیۆن عێراقی شوێنەواری لەسەر بودجەی عێراق و ئابوورییەكەی داناوە، بەڵام داشكانی ئەم دواییەی نرخی دیناری عێراقی بۆ كەمبوونەوەی ئەو بڕە دۆلارە دەگەڕێتەوە كە بە نرخێكی دیاریكراو رۆژانە بانكی ناوەندی عێراق دەیفرۆشێت، لەكاتێكدا وا پێویست بوو، سیاسەتێكی نەختینەییتر هەبێت كە لەسەر بنەمای بەهێزیی ئابووری و هەناردەكان بەهای دینار بەرز بكرێتەوە، ئەمە ئەو حاڵەتەیە كە هەریەك لە وڵاتانی توركیا و ئێران و لوبنان و تەواوی وڵاتانی تری دنیا بەهای دراوەكەیان راگرتووە. بە شێوەیەكی گشتی خراپی باری ئابووری و پەیڕەوكردنی سیاسەتی هەڵەی ئابووری وایكردووە بەهای دینار لاواز بێت، لەبری ئەوەی كار بكرێت بۆ چارەسەركردنی هۆكارە راستەقینەكانی داشكانی نرخی دینار، بانكی ناوەندی عێراق هاتووە لە رێگەی فرۆشتنی دۆلار نرخی دیناری چەسپاندووە، هەر ئەمەشە وایكردووە لە ناوچەكانی باشووری عێراق ئاودیوكردنی دۆلاری ئەمریكی بۆ ئێران زۆر بێت، چونكە ئەو وڵاتە گەمارۆی ئابووری لەسەرە و زۆر پێویستیان بە دۆلاری ئەمریكی هەیە.»
سەبارەت بە كار و چالاكی بانكەكانی كوردستانیش، بەڕێوەبەری لقی بانكی ناوەندی هەولێر گوتی: «بوونی ئەو ژمارە زۆرەی بانك لە كوردستان نیشانەیەكی روون و بەرچاوە بۆ دەستپێكردنەوەی چالاكی بانكی و پێشخستن و پەرەپێدانی بازرگانی و ئابووری، تاكو ساڵی 2013 وردەوردە بانكەكان روویان لە پێشكەوتنێكی باش كردبوو، ئەمەش دوای ئەوەی جموجوڵی بازرگانی و ئابووری لەناوخۆ و دەرەوەی هەرێم رووی لە بووژانەوە كردو قەرزی بانكی و سلفەی عەقاری و كشتوكاڵی و پیشەسازی دەدرا و ئەمە جگە لە چەندین كار و چالاكی تری بانكی، بەڵام لە مانگی 1ی ساڵی 2014 كاتێك بەغدا بەشە بودجەی هەرێمی بڕی و گەمارۆی ئابووری خستەوە سەر هەرێمی كوردستان و بە ئاشكرا دژایەتی بەرامبەر خەڵكی كوردستانی راگەیاند، ئێستاش ناردنی بچڕ بچڕ و رێژەیەكی كەمی بەشە بودجەی كوردستان واتا نەناردنی پارە بۆ كوردستان ئەمەش گەمارۆیەكی نەختینەییە كە حكومەتی بەغدا بەرامبەر كوردستان و گەلەكەی سەپاندی، بەمشێوەیە ئەو پارە كاشەی كە هەیە كە لە بەشە بودجە و داهاتەكانی حكومەتەوە سەرچاوەی گرتووە، ڕووی لەكەمبوونەوە كرد، بانكەكانیش چاوەڕوانی ئەوەیان نەدەكرد ئەو گەماڕۆیە دارایی و نەختینەییەی بەغدا لەسەر كوردستان وا درێژە بكێشێت و بەردەوام بێت، گەمارۆیەكە تا ئێستاش بە شێوازی جیاجیا بەردەوامی هەیە. تەنانەت سستبوونی جموجۆڵی بازرگانیشی لێكەوتەوە، كە بە شێوەیەكی گشتی داهاتەكانی حكومەتیش كەمی كرد. ئەمانە هەمووی وایانكردووە مامەڵەكردنی بانكەكان كەم بێتەوە. بەمجۆرە بانكیش وەكو هەموو دەزگایەكی تری دارایی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان دووچاری سستبوونی كار و چالاكی و كەمبوونەوەی مامەڵەكردن بوو. تەنانەت لقەكانی بانكی ناوەندی لە هەولێر و سلێمانی ناتوانن سەرچاوەی یەدەگی دراو هەڵبگرن، چونكە هەر داهاتێك بێتە ئەم لقانەی بانكی ناوەندی، دەبێت بە بەغدا بڵێین و لە بودجەمان دەبڕێت، ئەو بودجەیەی دەهاتە كوردستان مانگانە بوو كە بۆ مووچە و وەبەرهێنان و بوارەكانی خزمەتگوزاری تەرخان دەكرا. دەربازبوون لە شوێنەوارەكانی هەڵكشانی بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر دیناری عێراقی كارێكی ئاسان نییە، بەتایبەتی كە جۆرە دڵەڕاوكێ و نامتمانەییەكی لەلای هاووڵاتیان و بیزنسكار و بازرگانان لێكەوتۆتەوە و ترسی زیاتر داشكانی بەهای دینار لەئارادایە، بەڵام من هەرگیز پێشبینی بەردەوامبوونی داشكانی نرخی دینار و هەڵكشانی نرخی دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر دیناری عێراقی ناكەم، چونكە هەروەكو پێشتر ئاماژەم پێدا، نرخەكە لە سەر بنەمای پرۆسەی فرۆشتنی دۆلاری ئەمریكییە بە نرخێكی دیاریكراو كە بە تەئكید رێوشوێنی دیكە دەگرێتەبەر بۆ راگرتنی هەڵكشانەكەی نرخی گۆڕینەوەی دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر دیناری عێراقی.»
Top