سیاسەتی ناڕۆشنی بانكی ناوەندی عێراقی بەهای دینار و ئابووری وڵاتی بەرەو داڕمان بردووە

سیاسەتی ناڕۆشنی بانكی ناوەندی عێراقی بەهای دینار و ئابووری وڵاتی بەرەو داڕمان بردووە
بوونی بانك و سیاسەتە نەختینەییەكان لە هەر وڵاتێكدا بە بنەمایەكی سەرەكی بۆ بونیادنانی ئابووری و بەهێزبوونی بەهای دراوەكەی دادەنرێت، بەپێچەوانەشەوە دواكەوتوویی دەزگای بانكی و سیاسەتی هەڵەی دارایی و نەختینەیی ناجێگیربوونی بەهای پارەو دراوی لێدەكەوێتەوە. هەروەكو چۆن سیاسەتە نازانستییەكانی بانكی ناوەندی عێراق وایكردووە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دراوە بیانییەكان بەتایبەتی بەرامبەر نرخی دۆلاری ئەمریكی روو لەداشكان بكات و پرۆسەی پارەدانان لە بانكەكان زۆر رووی لە كزی كرد. تەنانەت هەرێمی كوردستان خاوەنی نوێنەری راستەقینە نین لە ئەنجومەنی بانكی ناوەندی و لە زۆر بەرنامە و راسپاردەی دارایی و نەختینەیی كە لە بانكەكەوە دەردەچێت، ئاگادار نییە. بانكی ناوەندی عێراقی كە رۆژانە لە پرۆسەی فرۆشتنی دۆلاری ئەمریكی سەدان ملیۆن دینار بە هەدەر دەدات، كەچی نەیتوانی نرخی ئاڵوگۆڕی دیناری عێراقی بەرامبەر دراوە بیانییەكان بەتایبەتی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی راگرێت، چونكە بەهای راستەقینەی هەموو پارەیەك لە هێزە یاسایی و ئابوورییەكەی وڵاتەكەدایە كە وادەكات یەدەگی دراوی بیانی و سەبیكە زێڕی زۆری وەكو پاڵپشتییەك بۆ بەهای دراوەكەی هەبێت. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە راوبۆچوونی بەڕێوەبەری گشتی بانكی ناوەندی لقی هەولێر و شارەزایەكی بانكیمان وەرگرتووە كە لە دووتوێی ئەم راپۆرتە دەیخەینەڕوو.
Top