وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو 60 هەزار پەنجەماسیی خستە بەنداوی دێگەڵەوە

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو 60 هەزار پەنجەماسیی خستە بەنداوی دێگەڵەوە
گوڵان- بەهادین جەلال
بایەخدان بە سامانی ماسی یەكێكە لە پلان و بەرنامەكانی بەردەوامی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەو واتایەی كە ئەم سامانە داهاتێكی دیاریكراوی نیشتمانی و ژینگەیی پێكدێنێت و سوود بە خاوەن پڕۆژەكان و ئابووریی وڵات دەگەیەنێت، بۆ ئەم مەبەستەو لەم وەرزەدا بەمەبەستی زۆركردنی ئەو سامانە لەنێو دەریاچەو بەنداوەكاندا، وەزارەت لەچوارچێوەی بەرنامەیەكدا بە هەزاران پەنجە ماسی بە پێی بەرنامەیەكی دیاریكراودا دەخاتە نێو دەریاچەو بەنداوەكانەوە، لەم سۆنگەیەوە ئەمڕۆ بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە یاوەريی ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت و بەرپرسانی ڤێتێرنەری 60 هەزار پەنجە ماسیی خستە نێو بەنداوی دێگەڵەوە، ئەمە بەشێكە لە 150000 پەنجە ماسی كە لە هەڵێنەری ماسیی دوكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی سلێمانیی بەرهەمهێنراون و90 هەزارەكەی دیكەش دەخرێتە بەنداوی شيوەسوورەوە، دواتر سەردانی شارۆچكەی تەقتەقی كردو لە دیدارێكدا لەگەڵ حاكم رەمەك رەمەزان قادر بەڕێوەبەری شارۆچكەكە، بە ئامادەبوونی شاندی یاوەری و سەرۆكانی بەش و هۆبەكانی كشتوكاڵی دڤەرەكە و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان، باسیان لەم پرۆسەیەو كێشەو گرفتەكانی كشتوكاڵ و ئاودێری و ڤێتێرنەریی ناوچەكە كرد و لەلای خۆیەوە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە بەدواداچوونی كێشەو گرفتەكاندا ئاماژەی بەوە كرد كە تەقتەق ناوچەیەكی گرنگ و فراوانی كشتوكاڵییە و پێویستە بەپێی توانا بایەخی پێ بدرێت.
لەمیانی كۆبوونەوەكەدا چەندین داواكاری و پێشنیار بە نووسراوێكی فەرمی پێشكەش بە وەزیر كرا، لەوانە دروستكردنی بەنداو لەو دەڤەرەدا، كە وەزیر روونی كردەوە 7 بەنداو رەزامەندی لەسەردراوە، بەڵام لەبەر قەیرانی دارایی لەئێستادا راگیراون، بەڵام سەەبارەت بە بەنداوی تەقتەق ئاماژەی بەوە كرد كە دەبێ بە قەرزی درێژخایەن یان لەرێی بانكی نێودەوڵەتی یاخود لەرێی بزنسمانانەوە ئەنجام بدرێت،هاوكات داوای دابینكردنی خانووی پلاستیك و ئامێری كشتوكاڵی و كەلوپەلی یەدەگ بۆ جووتیاران كرا لەگەڵ پەیینی كيمياوی و كردنەوەی خوولی رێنمایی و كۆلیژێكی كشتوكاڵی و بایەخدان بە سامانی ماسی كە لەئێستادا 552 حەوزی بەخێوكردنی ماسی هەیە كە هەندێكیان مۆڵەتیان نییە.
ئەمە وێڕای كێشەی زێدەڕۆیی سەر زەویی كشتوكاڵی، لە وەڵامی هەندێ لەو داواكارییانەدا عەبدولستار مەجید جەختی لە چارەسەركردنی هەندێكیان كردەوە لەوانە پێدانی مۆڵەت بە بەخێوكەرانی ماسی بەپێی رێنماییەكان،هەروەها پشتگیریكردن لە داواكاری خاوەن مافەكانی ئەوانەی زێدەڕۆیی كراوەتە سەر زەوییەكانیان، وێڕای هەوڵدان بۆ دابینكردنی خانووی پلاستیك و كردنەوەی خوولی زانستی و رێنمایی بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانیاريی جووتیاران، دواتر لە كۆبوونەوەیەكی فراواندا لەگەڵ جووتیارانی ناوچەكە بە هەمان شێوە كێشەو داواكارییەكان خرانەڕوو و وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەڵێنی دا كە بەپێی توانا بەدواداچوونیان بۆ بكات، تەنیا ئەوانە نەبێت كە پەیوەستن بە بواری بودجەی دارایی كە لەئێستادا بۆتە گرفت لەبەردەم جێبەجێكردنیاندا، لە كۆتایی گەشتەكەیدا بە یاوەریی شاندەكە چەندین پڕۆژەی كشتوكاڵی و ئاژەڵیی دەڤەرەكەی بەسەركردەوە.
Top