خانمان خوێندنەوەی جیاوازیان لەسەر یاسای چاکسازی و مووچەی پلە باڵاکان ھەیە

خانمان خوێندنەوەی جیاوازیان لەسەر یاسای چاکسازی و مووچەی پلە باڵاکان ھەیە
گوڵان – کۆمەڵایەتی

چاکسازی و بنبڕکردنی گەندەڵی، یەکێک لە پلانە سەرەکییەکانی بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بووە، پەرلەمانیش پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد، ئەوەش بە وەرچەرخانێکی ئەرێنی ھەژمار دەکرێت بۆ ھەنگاونان بەرەو حوکمڕانیی باش، بۆ ئەوەی سامانی وڵات بەفیڕۆ نەچێت و دەستی حکومەتیش بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بە ھاووڵاتیانی کراوەتر بێت. بێگومان ئەوەش لە سەر کۆی جومگەکانی کۆمەڵگە کاریگەری دەبێت و خانمانیش لەو بارەیەوە راو سەرنجی خۆیان ھەیە و لەم راپۆرتەی گوڵان-دا زیاتر تاوتوێی ئەو پرسە گرینگ و ستراتیژییە دەکەن.


ئەمەل جەلال ئەندامی ئەنجومەنی کاروباری خانمان، رایوایە "پڕۆژەی چاکسازی بابەتێکی فرەڕەھەندە و ناکرێت کورت بکرێتەوە لە کەمکردنەوەی مووچە و دەرماڵە و ھەر لە بنەڕەتدا دەبوایە ئەو قورسایی و ھەڵاوسانە لە سەر بودجە و داھاتی ھەرێمی کوردستان نەکرایە، کە سەرەنجام جگە لە دروستکردنی قەیرانی دارایی، جۆرێک لە نادادی و جیاکاری لە نێوان توێژو چینەکان بەرھەمھێنا کە بەداخەوە ئێستا ئاسەوار و کاریگەرییە خراپەکانی دەبینین." ھاوکات دەڵێت: "بۆ ئەوەی پرۆسەی چاکسازی بەرھەمی ھەبێت، دەبێت تەواوی بابەتە پەیوەندیدارەکانی پەیوەست بەم پرۆسەیە وەک یەک پاکێچ کاری لەسەر بکرێت. بە بڕوای من بەر لەم پرۆسەیە دەبوو دەست بکرایە بە راستکردنەوە و رێکخستنی خەرجی و داھاتەکان و دراسەیەکی ورد و بابەتییانە بۆ توانای دارایی و بەرپرسیارێتی لە دابینکردن و وەڵامدانەوەی خواست و پێداویستیی گشت توێژەکان بکرایە، بە ئامانجی نەھێشتنی ئەو جیاکاری و نادادییەی کە ھەیە." گوتیشی: "پرسی چاکسازی کاتێک بەرھەمی دەبێت، کە ھێز و توانای لێپرسینەوەی لەو ھەموو بەھەدەردان و خۆدەوڵەمەندکردنە لە سەر حیسابی قوتی خەڵکی ھەبێت، بە بڕوای من تا ھێزی ئەوەمان نەبێت کە بپرسین: (ئەمەت لە کوێ بوو؟) ئەستەمە بتوانرێت دادپەروەری و شفافیەت لە ھەنگاوەکانی داھاتوو بەدی بێت، چونکە ئەم پرۆژەیە دەیان گرووپی گەندەڵکار دژی دەوەستنەوە و رێگری لێ دەکەن، بۆیە پێویستە دوور لە لایەنداریی کەسی و سیاسی، لە رێکخستنەوەی پەیکەری دامەزراوەیی و سزادان و لێپچپنەوە و پاککردنەوەی سەرچاوەکانی داھات و کەسانی شیاو و دڵسۆز بە خاک و گەل دابنرێن، ئەمانەو دەیان ھەنگاوی دی پێویستن بۆ ئەوەی بتوانرێت ھەنگاوە سەرەتاییەکانی گەڕانەوەی متمانە و ئینتیما بۆ تاک و ھاووڵاتی دەست پێ بکات."
تانیا جەمال بەرپرسی پەیمانگەی ناوین بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، سەرەتا باسی ئەوە دەکات کە "جێبەجێکردنی پڕۆژەی چاکسازی لە ھەرێمی کوردستان، پێویستییەکی زۆر زەروورە بۆ ئەوەی ھەرێم لەوە زیاتر نوقمی گەندەڵی و بێ سیستەمی نەبێت، پێویستیشە ھەموومان پشتگیریی ھەر کارێک بکەین، کە ھەنگاو بەرەو باشترکردنی ئەو رەوشە خراپە بنێت." سەبارەت بە پڕۆژە یاسای چاکسازیش گوتی: "ئەو پڕۆژەی لەم چەند رۆژەی رابردوو ھاتە پەرلەمان و زۆر قسەوباسی لەسەر کرا و جێگای ئومێدی خەڵکی بوو، بەتایبەتی مووچەخۆران، بەڵام بێ ھیوایی لێ کەوتەوە، رەنگە لە ھەندێک لایەنی دیکەوە بڕگەی باشی تێدا بێت و لەوانەیە چاکسازییەکان سامانێکی زۆر بۆ حکومەت بگەڕێنێتەوە، بەڵام ھاووڵاتی کوردستان متمانەی نییە بەوەی کاتێک ئەم سامانە گەڕاوە، چی بەسەر دێت، با سەیری ھاوکێشەیەکی ئاسان بکەین، فەرمانبەرێک بە خزمەتێکی سی چل ساڵی بە سەدا ھەشتای مووچەی بنەڕەتی خانەنشین دەکرێت، لە کاتێکدا بەو خزمەتە زۆرەوە مووچەکەی زەحمەتە بگاتە ملیۆنێک دینار، بەڵام کەسێک بە چوار ساڵ پەرلەمانتاری بە مووچەی ساڵێکی فەرمانبەری دیکە خانەنشین بکرێت، ئەوە نادادپەروەرییە و لە شکۆدان و بچووککردنەوەی تاک و ھاووڵاتی ئەو ھەرێمەیە، ھەر وەک چۆن مووچەی خانەنشینی جاشێک و کۆنە بەعسییەک لە پێشمەرگەیەکی دێرین و ماندووی ئەو وڵاتە زۆر زۆرترە و پێگەشی زۆر باشتر و بەھێزترە. بەداخەوە کەسایەتیی پێشمەرگەیان ھێند بچووک کردووەتەوە کە ئێستا بە پاسەوانی بەرپرسەکانیش دەڵێن پێشمەرگە. جگە لەوانەش پلەکانی پەرلەمانتاری و بەڕێوەبەری گشتی و راوێژکار و... وەک ئیمتیاز لە ھەندێک شوێن دراونەتە کەسانێک وەک مەکرەمە و دیاری و بۆ رازیکردن بووە، ھیوادارم سەرۆکی ھەرێم واژۆی لەسەر نەکات و پڕۆژە یاساکە بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و بە بڕیارێکی بوێرانە خانەنشینیی پەرلەمانتار بنبڕ بکرێت و دوای چوار ساڵی پەرلەمانتاری بۆ کاری پێشووی بگەڕێتەوە."
تەرزە حسێن کارگێڕی لیژنەی ناوچەی ناوەندە ئەکادیمییەکان، سەرەتا باسی ئەوە دەکات کە "لەو رۆژەوە مرۆڤەکان ناچاربوون لە کۆمەڵگەدا بژین، (کۆمەڵگەی خێزانی، یان خێڵەکی تا دەگاتە ئاستی بەرزترین و باڵاترین دیاردەی کۆمەڵایەتی کە دەوڵەتە) ناچاربوون پەیڕەوی لە جۆرێک سیستەم بکەن و بەپێی رێککەوتنێکی کۆمەڵایەتی (نووسراو، یان نەنووسراو) پێکەوە رێز لە ماف و ئەرکەکانی یەکتر بگرن." ھاوکات دەڵێت: "کاتێک نادادیی کۆمەڵایەتی بەردەوام بێت، ئەو نادادیە دەبێتە ھۆی دروستبوونی ململانێیەکی بەردەوامی کۆمەڵایەتی بە جۆرێک کە چاکسازی دەبێتە زەروورەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کۆی بوارەکانی ژیاندا. ھەر لە چاکسازیی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرھەنگی تا دەگاتە چاکسازی لە بواری پەروەردە بۆ دروستکردنی تاکێکی کارا، ھەر بۆیە ئێمەی کورد کە چەندین سەدەیە لە چوار لاوە داگیرکراوین، زیاتر لە ھەموو لایەک پێویستمان بە چاکسازییەکی بنەڕەتی ھەیە، کە تاکی کورد ئامادە بکات بۆ ئەم قۆناغە سەختە کە ھێشتا لە قۆناغی رزگاریخوازیی نیشتمانی و نەتەوەیین." سەبارەت بە چاکسازی لە ھەرێمی کوردستانیش گوتی: "کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستان توانی دەست بۆ پڕۆسەی چاکسازییەکی گرنگی ئابووری بەرێت، کە ھەوڵدانێکی پڕە بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییە چینایەتییەکانی ناو پلەبەندیی حکومەت بە کەمکردنەوەی مووچەی پەرلەمانتاران و پلەباڵاکان." گوتیشی: "چاکسازی و بنبڕکردنی گەندەڵی کارێکی ئاسان نییە لە بیئەی کۆمەڵگەی کوردیدا، چونکە چەندین حزب و لایەن بوونەتە ھۆکاری گەندەڵی، بۆیە دەستبردن بۆ ئەو سێکتەرانە یاسای دەوێت، ئەو یاسایەی کە ھەموومان چاوەڕوانی دەکەین لە سەریەک بە یەکی تاکەکانی کوردستان جێبەجێ بکرێت، خۆشبەختانە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان یەکەم ھەنگاوی چاکسازییان لە خانەنیشنیی پلەباڵاکانەوە دەست پێ کرد و مووچەی خۆیان کەم کردەوە، ئەمەش وادەکات ھاووڵاتیان متمانەیان بە دروشم و ھەڵبژاردنەکان زیاتر بێت."

- سپۆت:
- تا ھێزی ئەوەمان نەبێت کە بپرسین: (ئەمەت لە کوێ بوو؟) ئەستەمە بتوانرێت دادپەروەری و شفافیەت لە ھەنگاوەکانی داھاتوو بەدی بێت
- ھیوادارم سەرۆکی ھەرێم واژۆی لەسەر نەکات و پڕۆژە یاساکە بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و بە بڕیارێکی بوێرانە خانەنشینیی پەرلەمانتار بنبڕ بکرێت و دوای چوار ساڵی پەرلەمانتاری بۆ کاری پێشووی بگەڕێتەوە
- جێبەجێکردنی پڕۆژەی چاکسازی لە ھەرێمی کوردستان، پێویستییەکی زۆر زەروورە بۆ ئەوەی ھەرێم لەوە زیاتر نوقمی گەندەڵی و بێ سیستەمی نەبێت
- چاکسازی و بنبڕکردنی گەندەڵی کارێکی ئاسان نییە لە بیئەی کۆمەڵگەی کوردیدا، چونکە چەندین حزب و لایەن بوونەتە ھۆکاری گەندەڵی، بۆیە دەستبردن بۆ ئەو سێکتەرانە یاسای دەوێت
- پرسی چاکسازی کاتێک بەرھەمی دەبێت، کە ھێز و توانای لێپرسینەوەی لەو ھەموو بەھەدەردان و خۆدەوڵەمەندکردنە لە سەر حیسابی قوتی خەڵکی ھەبێت
-
Top