ئەوینداری و رۆژی جیهانیی خۆشەویستی لە روانگەی هاووڵاتییانەوە

ئەوینداری و رۆژی جیهانیی خۆشەویستی لە روانگەی هاووڵاتییانەوە
رۆژی 14ی فێبریوەری،رۆژی جیهانیی خۆشەویستی، یان ڤاڵانتاین (Valentine›s Day)ـە و لەم رۆژەدا ئەوینداران لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بە گۆڕینەوەی گوڵ و شیرینی هەستی خۆیان بۆ یەكدی دەردەبڕن، چاوگ و سەرچاوەی ئەو رۆژە جیهانییە رای جۆراوجۆری لە سەرە، كە باوترینیان بۆ سەردەمی كلۆدیۆسی دووەم لە رۆمانیا دەگەڕێتەوە، كە هاوسەرگیریی سەربازەكانی قەدەغە كردبوو، بەڵام قەشەیەك بە ناوی ڤاڵانتاین (ڤالێنتەنیوس) بە نهێنی سەربازە رۆمییەكانی لەگەڵ كچە خۆشەویستەكانیان لێك مارە دەكرد، لە سەر ئەوەش لە سێدارە درا. ڤاڵانتاین وەك رۆژی جیهانیی خۆشەویستی و ئەوینداری وەك واقعێكی كۆمەڵایەتی، خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت. لە هەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی وڵاتان، ئەم رۆژە بەشێوەی جیاجیا بەڕێدەكرێت و عاشقان روو لە دوكانەكانی گوڵفرۆشی دەكەن تاوەكو گوڵی سوور پێشكەش بەخۆشەویستەكانییان بكەن، گەنجێك رایوایە لە ئێستادا زۆربەی كوڕان لە خۆشەویستیدا راستگۆ نین و هەر بەو هۆیەشەوە زۆر كچانیان لە خشتە بردووە، چالاكێكی مافی ئافرەتانیش جەخت لەوە دەكاتەوە كە ژیان بە بێ خۆشەویستی هیچ مانایەكی نییە و ئەوە مافێكی رەوای هەر تاكێكە لە كۆمەڵگەی شارستانیدا و دەبێت رەچاو بكرێت.


«دەكرێت نەك لە رۆژی ڤاڵانتاین، بەڵكو لە تێكڕای رۆژەكانی ساڵ خۆشەویستی و وەفاداری بە خۆشەویستی خۆمان ببەخشین، بەڵام مخابن لە كۆمەڵگەی ئێمەدا بە چاولێكەرییەكی رووكەش یادی ئەو رۆژە دەكرێتەوە و لە پیرۆزیی ناوەرۆكەكەی تێ ناگەن.» ئەوە قسەی نەریمان محەمەد بوو. ئەو وەك گەنجێك رایوایە: «گەنجان بە بێئەوەی لە مانای پیرۆزی خۆشەویستی و عەشق تێبگەن، لە تەمەنێكی نەگونجاو و بە رێگەیەكی ناتەندروست عاشق دەبن و لەبری ئەوەی بە عەقڵ بیربكەنەوە، بە دڵ بیردەكەنەوە، بۆیە زۆر جار هاوسەرگیرییەكە شكست دەخوات، چونكە ناتوانن شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتی ژیانێكی هاوبەش».
ئاراس جەلال رۆژنامەنووس و چالاكی مەدەنییە و بە دیدێكی رەخنەیی لە واتای خۆشەویستی لە كۆمەڵگەی كوردی دەڕوانێت و دەڵێت: «بە رای من شتێك نییە بەناوی خۆشەویستی، لە وڵاتی ئێمەدا زیاتر لە90%ی خوشەویستی بۆ مەرامی نەشیاو بەكاردێت، چونكە لەپەنای شتێك بەناوی خوشەویستی، پیاو زیانی زۆری بەئافرەت گەیاندووە».
نارین سەعید قوتابیی زانكۆیە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «ئێمەی خۆرهەڵاتی، هێشتا نامۆین بە جەستەی خۆمان و هێشتا كۆیلەی درۆكانی خۆمانین و تا ئێستاش بەندەی بۆماوەییەكانی رابڕدووین، بۆیە بەم رەنگدانەوە نەرێتییەوە، ناتوانین لە مانای خۆشەویستی وەك خۆی تێ بگەین. چونكە ئەوەی لە رووكەشدا دەیبینن، لە دەرووندا هەستمان پێینەكردووە، واتا ئەوەی بەچاودەیبینین، لەناخماندا بە مانا نەبووە».
نارین جەخت لەوە دەكاتەوە كە «ئەوەی وایكردووە، رەگەزێك زیاتر لەوەی بەرامبەر زەرەرمەندبێ، بەتەنیا هەر پیاو، یان ئافرەت نییە، كە ئەوەی بەرامبەری كردووەتە قوربانی، بەڵكو خودی ژینگە كۆمەڵایەتییەكە پشكو نەخشی هەرە لەپێشی خۆی هەیە.» گوتیشی: «بەبێ بنەما چەسپاوەكانی عەشق، پەڕینەوە بۆ خێزانداری، دۆزەخێكی نەبڕاوە و تاقەتپڕووكێن دەبێت. بێگومان، ئەو كۆمەڵگەیەی تاكەكانی ئازادنەبن، ناشتوانێت وەك یەكەیەك ئازادانە بجووڵێت، ئەوەتا كە ئازاو رەچەشكێنەكانن دواجار دەتوانن ئازادی بەدەستبهێنن و بیپارێزن ورێزی لێبگرن».
رۆشنا فاتیح فەرمانەبەرە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە لەگەڵ هاوسەرەكەی دوای ماوەیەكی زۆری ژیانی هاوسەری، هێشتا لەو پەڕی خۆشەویستیدا پێكەوە دەژین و هەر لەو بارەیەوە گوتی: «من خۆم هیچ كێشەیەكم لە بواری خۆشەویستی نییە، لەگەڵ هاوسەرەكەشم دوای پازدە ساڵ ژیانی هاوبەش، لە هەمیشە زیاتر ئەوینداری یەكترین، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی زۆر بەداخەوە بەشێوەیەكی هەڵە لە بنەماكانی عەشق و خۆشەویستی تێگەیشتووین.هۆكاری هەڵەكەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئێمەی كورد لەبنەڕەتدا لەسەر بنەمای باوكسالاری گەورەكراوین، ئەوە بۆخۆی وایكردووە، ئەگەر كوڕەكەمان عاشقبێت، ئەوا دایكوباوك بەشانازییەوە باسی دەكەن، ئەگەر كچەكانمان عاشقبن، ئەوە لەلایەن باوك و براكانەوە دوچاری هەڕەشەو ئەشكەنجەو ئازار دەبنەوە، هەتا هەندێ جار دەگاتە ئاستی كوشتن و زۆر كارەساتی دڵتەزێن». گوتیشی: «ئەگەر بەراستی هەر مرۆڤێك لە مانای خۆشەویستی تێبگات، هەرگیز ناتوانێت خۆشەویستەكەی ئازار بدات، ئەگەر تەنانەت لێكیش جیاببنەوە»،جەختیش لەوە دەكاتەوە كە «دەكرێ هەموو رۆژێك بكەینە ١٤/٢ وەك رۆژی خۆشەویستی، دەكرێ هەموو رۆژێك بكەینە ڤاڵانتاین و هەردەم یەكمان خۆشبوێت، بۆیە مرۆڤەكان دەبێت هەردەم بەرامبەر بەخۆشەویستەكانیان بەوفا و پڕ لەسۆز بن، پێغەمبەر دروودی خوای لەسەربێت، دەفەرمێت. دەبێت هاوسەرەكانیەكیان خۆشبوێت و هاوكاریی یەكتری بكەن و ئەركەكاندا بەشبكەن، بەڵام هێشتا لە كۆمەڵگەی كوردیدا باوكسالاری بەردەوامەو ئافرەت هەردەم دەبنە قوربانی ئەو عەشقە جوانەیان،كە پێویستە كچانیش وەك كوڕان دەرفەتیان هەبێ، بیر لە خۆشەویستیی پاك و بێگەرد بكەنەوە و لەسەر ئەو بنەمایەش بناغەی خێزان دابنێن».
نازدار عومەر، وەك توێژەرێكی كۆمەڵایەتی لە دەستپێكی قسەكانیدا هێما بۆ ئەوە دەكات كە عەشق خۆی لەخۆیدا مانایەكی جوان بە ژیان دەبەخشێت و ئەوین هەستێكی راستگۆیانە لای تاك دروست دەكات. ئەوەشی لە ئەوینداریدا راستگۆ نەبێت، لە بنەڕەتدا لە عەشق و ئەوینداری تێنەگەیشتووە.» گوتیشی: «سرووشتی ئینسان وایە، لە قۆناغێك بە خەستی عاشق دەبێت، دواتر عەشقەكەی كاڵ دەبێتەوە، یان دەگۆڕێت، یان رەنگە بۆ هەتایە ئەو هەستە لەلای بمێنێتەوە، كێشە ئەوەیە عەشق لە وڵاتی ئێمە قەدەغەیەو وەك تاوان سەیری دەكەن، بۆیە باجەكەی قورس و گرانە و زۆرجار بەكۆتایی ژیانی كەسەكان و بەتایبەت ژنان كۆتایی دێت». زۆریشن ئەو چیرۆكانەی كە دوو كەس عاشق بوون و بەیەك نەگەیشتن، چ بەهۆی بە زۆرەملێ بەشوودانی كچەكە، یان ژنهێنان بۆكوڕەكە، بەڵام یەكێك لە سیفەتەكانی كۆمەڵگەی ئینسانی و شارستانی ئەوەیە عەشق بگەڕێتەوە بۆخاوەنەكەی و بەبێ هیچ قەیدی و بەندێكی كۆمەڵایەتی ئینسانەكان عاشقبن، لە رۆژی ڤاڵانتاینیش وەك رۆژی جیهانیی خۆشەویستی پێویستە خۆشەویستییەكان نوێ بكرێنەوەو پەیمانەكان دووبارە ببنەوەو خۆشەویستان و عاشقان و بەتایبەتی هاوسەران وابكەن هەموو رۆژێكی ژیانیان ڤاڵانتاین بێت».
Top