سەبارەت بە تۆپبارانكردنی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق هه‌ڵوێست ده‌نوێنێت

سەبارەت بە تۆپبارانكردنی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق هه‌ڵوێست ده‌نوێنێت
-عەبدولستار ئەحمەد

گوڵان- بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزاییی بەرامبەر تۆپبارانە بەردەوامەكانی هەریەك لە ئێران و توركیا بۆ ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی باڵیۆزی ئێران و هەڵسورێنەری كارەكانی توركیا لە بەغدای پایتەخت دەكات .

بەگوێرەی بەیانێكی وەزارەتی دەرەوە كە كۆپییەكی بەدەستی سایتی گوڵان كەوتووە ، بەیانەكە بەتوندی ناڕەزایی وەزارەتی دەرەوەی بە تۆپبارانە بەردەوامەكانی ئێران و توركیا بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەربڕیوە كە بەهۆیەوە زەرەرو زیانی گیانی و مادیان لێكەوتۆتەوەو بەهۆیەوە دەیان خێزان لە پێناو پاراستنی ژیانی خۆیان ماڵ و حاڵی خۆیانیان بەجێهێشتووە .

وەزارەتی دەرەوە بە هەریەك لە باڵیۆزی ئێران و هەڵسوڕێنەری كارەكانی توركیای راگەیاندووە كە تۆپبارانە بەردەوامەكانی وڵاتەكانیان بۆ ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردسان و بەزاندنی سنووری عێراق نابێتە هۆی چارەسەركردنی كێشەی سنووری وڵاتەكانیان بەتایبەت لە دزەكردنی چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكەو چەكدارانی پژاك بۆ ناو خاكی وڵاتەكانیان .

وەزارەتی دەرەوە ئەوەشی دووپاتكردۆتەوە ئەو تۆپبارانانە كاردانەوەی سلبی لێدەكەوێتەوە، داواشی لە هەردوو وڵاتی دراوسێ كردووە رێز لە بنەماكانی دراوسێیەتی و دۆستایەتی عێراق بگرن .

جێی باسە ماوە ماوە تۆپخانەكانی ئێران و توركیا بە بیانووی لەناوبردنی چەكدارانی پەكەكەو پژاك ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان تۆپباران دەكەن و بەهۆیەوە هاوڵاتیان و دانیشتووانی ئەو ناوچانەی نیگەران كردووە و لەو نێوەندەشدا زەرەرو زیانی گیانی و مادی زۆریان بەركەوتووە و لای خۆشییەوە چەندین جار حكومەتی هەرێم ئیدانەی تۆپبارانەكانی كردووەو داوای راگرتنی ئەو تۆپبارانەیشی كردووە.
Top