گەڕێکی دیکەی گفتوگۆی ستراتیجیی بەغدا - واشنتن دەست پێدەکات

گەڕێکی دیکەی گفتوگۆی ستراتیجیی بەغدا - واشنتن دەست پێدەکات
گەڕێکی دیکەی گفتوگۆی ستراتیجیی ئەمریکا - عێراق لەڕێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە دەست پێدەکات.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، رۆژی چوارشەممە 7-4-2021 (ئەمڕۆ)، گفتوگۆی سترازتیجیی عێراقی - ئەمریکی دەست پێدەکات.

ئەنتۆنی بلینکن هەروەها رایگەیاندووە، لەو گەڕەی گفتوگۆ ستراتیجییەکەدا، لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق تاوتوێی پەیوەندییە ستراتیجییەکانی وڵاتەکەی و عێراق، دەکات.

بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، ئەنتۆنی بلینکن و فوئاد حوسێن گفتوگۆ لەبارەی ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ئابووری و وزە، پرسە سیاسییەکان و هاوکاریی واشنتن و بەغدا لەبوارەکانی فێرکردن و رۆشنبیری، دەکەن.

گاتع رکابی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، ئەو گفتوگۆیە سێیەم گفتوگۆی ستراتیجییە، کە لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵ بەڕێوە دەچێت و ”پرسی نوێ لەخۆ ناگرێت، درێژەپێدەری گفتوگۆکانی پێش خۆیەتی“.

گاتع رکابی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئامانج لە گفتوگۆکە، جێبەجێکردنی بڕیاری پەرلەمانی عێراق بە چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.

رۆژی 5-1-2020 و دوای کوژرانی قاسم سولەیمانیی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی و ئەبو مەهدی موهەندیسی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، پەرلەمانی عێراق بڕیاری دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکانی لە عیراق دابوو.

رۆژی 3-1-2020، قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس و ژمارەیەک فەرماندەی ئێرانی و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، بە بۆردومانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا، لە فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران.

ئەمریکا لە ساڵی 2003 دەستی بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی رژێمی بەعسی عێراق کرد و رژێمەکەی رووخاند و هێزەکانی تا ئێستاش لە عێراق ماون.




باسنيوز
Top