فەرەنسا.. بە تۆمەتی تاوانی دژەمرۆڤایەتی سکاڵا لەسەر سەرکردەیەکی باڵای عێراق تۆمار دەکرێت

فەرەنسا.. بە تۆمەتی تاوانی دژەمرۆڤایەتی سکاڵا لەسەر سەرکردەیەکی باڵای عێراق تۆمار دەکرێت
لە فەرەنسا بە تۆمەتی تاوانی دژەمرۆڤایەتی، پێنج خێزانی عێراقی سکاڵا لەسەر سەرکردەیەکی باڵای وڵاتەکەیان تۆمار دەکەن.

جێسیکا فینال، پارێزەری فەرەنسی، بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی رایگەیاندووە، لە دادگای تاوانە دژەمرۆییەکان لە پاریس، سکاڵای لەسەر عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق تۆمار کردووە.

جێسیکا فینال هەروەها رایگەیاندووە، سکاڵاکەی لەسەر داوای پێنج خێزانی عێراقی بە تۆمەتی ”تاوانە مرۆییەکان و ئەشکەنجەدان و شوێنبزرکردن“ی رۆڵەکانیان لەکاتی خۆپیشاندانەکان، تۆمار کردووە.

خۆپیشاندانەکانی عێراق لە مانگی 10ـی 2019 لە بەغدا و شارەکانی باشووری عێراق دژی نەبوونی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی ژیان وەک ئاوی خواردنەوە، کارەبا و نەبوونی کار بۆ گەنجان، دەستیان پێکرد و تا ئێستاش بە پچڕ پچڕی بەردەوامن.

لە ساڵی یەکەمی خۆپیشاندانەکان، بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزە ئەمنی و سەربازییەکانەوە، نزیکەی 600 خۆپیشاندەر کوژران و زیاتر لە 30 هەزار خۆپیشاندەری دیکەش بریندار بوون.

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە سەرەڕای داننانی دەستووری عێراق بە مافی خۆپیشاندان، هێزە عێراقییەکان بەشێوەیەکی ”زۆر وەحشییانە“ رووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەوە و بە گوللـە و تەقاندنی سەری خۆپیشاندەران، هەوڵی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانیان دا.

سکاڵاکە، هەروەک جێسیکا فینال رایگەیاندووە، لە 80 لاپەڕە پێک دێت و لە دادگا رووبەڕووی عادل عەبدولمەهدی، کە هەڵگری رەگەزنامەی فەرەنسی و عێراقییە، بەهۆی نەگرتنەبەری هیچ رێکارێک دژی توندوتیژییەکان سزانەدانی بکەرانی، دەکرێتەوە.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە 25-10-2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019ش دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.




باسنیوز
Top