ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی گەیشتە بەغدا

ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی گەیشتە بەغدا
ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق.

ئەمڕۆ شەممە 10-4-2021، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاندووە: ئەحمەد ئەبولغەیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی گەیشتە بەغدا.

بڕیارە ئەحمەد ئەبولغەیت لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆ ببێتەوە، بەڵام تا ئێستا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان ئاشکرا نین.

ئەو سەردانی ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی بۆ بەغدا دوای سەردانی مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ وڵاتانی سعودیە و ئیمارات و لە سەروبەندی کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی لوتکەی عێراق، ئوردن و میسر لەنێوان کازمی، شا عەبدوڵڵای دووەمی شای ئوردن و عەبدولفەتاح سیسیی سەرکۆماری میسر دێت.

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە مستەفا کازمی هەوڵ دەدات عێراق لە وڵاتانی عەرەبی نزیک بکاتەوە.




باسنيوز
Top