سعودیە ژمارەی رکاتەکانی نوێژی تەراویح کەمدەکاتەوە

سعودیە ژمارەی رکاتەکانی نوێژی تەراویح کەمدەکاتەوە
شای سعودیە رەزامەندیی لەسەر بەجێگەیاندنی نوێژی تەراویح لە مزگەوتەکان دا، بەڵام داوادەکرێت ژمارەی نوێژخوێنان کەم بکرێنەوە.

سەلمان عەبدولعەزیز، شای سعودیە رەزامەندیی دەربڕی لەسەر بەڕێوەچوونی نوێژی تەراویح لە مزگەوتی حەرام لە مەککە و مزگەوتی پێغەمبەر محەممەد (د.خ) لە مەدینە (ناسراو بە مزگەوتی نەبەوی)، بە رەچاوکردنی بەردەوامی رێکارەکانی خۆپارێزی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

سەرۆکایەتیی گشتیی کاروباری هەردوو مزگەوتەکە ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی رکاتەکانی نوێژی تەراویح بۆ پێنج رکات کەمدەکرێنەوە، لەکاتێکدا پێشتر 20 رکات بوون.

بەگوێرەی میدیای سعودیە، عەبدولڕەحمان سودێس، سەرۆکی گشتیی کاروباری مزگەوتی حەرام و مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) رایگەیاندووە، هەموو پێداویستییەکیان بۆ عومرەکاران و نوێژخوێنان لە ماوەی مانگی رەمەزاندا دابینکردووە.

پێشتر دەسەڵاتدارانی سعودیە رایانگەیاندبوو، لە مانگی رەمەزاندا تەنیا رێگە بەو کەسانە دەدەن کە ڤاکسینیان وەرگرتووە بۆئەوەی لە مزگەوتی حەرام لە مەککە عومرە و نوێژ بکەن.

بەڵام ئێستا وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە دەڵێت، بە لەبەرچاوگرتن و جێبەجێکردنی رێکارە خۆپارێزییەکان رێوڕەسمەکان بەڕێوەدەچن و لە 1ی مانگی رەمەزانی ساڵی 1442ی کۆچییەوە رێگە دەدەن بە رێوڕەسمەکانی عومرە و نوێژکردن لە مزگەوتی حەرام لە مەککە و سەردانیکردنی مزگەوتی پێغەمبەر محەممەد (د.خ) بۆ ئەوانەی دوو ژەمی پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان وەرگرتووە، یان 14 رۆژ تێپەڕیوە بەسەر وەرگرتنی یەکەم ژەمی پێکوتە، یاخود لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە.

وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە دەڵێت، شوێنگرتن بۆ ئەنجامدانی عومرە و نوێژەکان لەڕێگەی ئەپلیکەیشنەوە دەبێت.

تاوەکو ئێستا لە سعودیە زیاتر لە 390 هەزار تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون و زیاتر شەش هەزار و 700 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش ژمارەیەکی بەرزە لە ناوچەی کەنداودا. ژمارەی دانیشتووانی سعودیە نزیکەی 34 ملیۆن کەسە.
rudaw -
Top