تەندروستیی عێراق هاتوچۆ لە مانگی رەمەزاندا قەدەغە دەکات

تەندروستیی عێراق هاتوچۆ لە مانگی رەمەزاندا قەدەغە دەکات
وەزارەتی تەندروستیی عێراق قەدەغەی هاتوچۆ لە رۆژانی مانگی رەمەزان رادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 12-4-2021، حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، رۆژانی هەینی و شەممە لە مانگی رەمەزاندا، هاتوچۆ بە تەواوەتی قەدەغە دەکرێت.

حەسەن تەمیمی هۆشداریی داوە لەوەی ئەگەر هاووڵاتییان پابەندی رێکارە خۆپارێزییەکانی تایبەت بە پەتای کۆرۆنا نەبن، رۆژانی پێنجشەممەش هاتوچۆ بە تەواوەتی قەدەغە دەکرێت.

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هەموو رۆژانی مانگی رەمەزان، جگە لە رۆژانی هەینی و شەممە، لە هەموو شارەکانی عێراق لە کاتژمێر 7ـی شەو تا کاتژمێر 5ـی سەرلەبەیانی، هاتوچۆ قەدەغەیە.

قەدەغەکردنی هاتوچۆ بە تەواوەتی لە رۆژانی هەینی و شەممە و نیمچەقەدەغە لە رۆژانی دیکە، کەرکووک و هەموو شار و شارۆچکەکانی دیکەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

لەبارەی کارکردنی هاووڵاتییانەوە، حەسەن تەمیمی رایگەیاندووە، چێشتخانەکان دەتوانن بەشێوەی دیلیڤەری خواردنەکان بۆ کڕیارەکان بنێرن، دوکانەکانی دروستکردنی شیرینی و نانەواخانە و سەمونخانەکانیش دەکرێنەوە.












باسنيوز


Top