راکان جبووری و چەند بەرپرسێکی دیکەی کەرکووک بانگهێشتی دادگا دەکرێن

راکان جبووری و چەند بەرپرسێکی دیکەی کەرکووک بانگهێشتی دادگا دەکرێن
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کەرکووک بە (شەفەق نیوز)ی راگەیاندووە، ئەمڕۆ سێشەمە (13/4/2021) بە تۆمەتی بەهەدەردانی پارە و سامانی گشتی، راکان و جبووری و چەند بەرپرسێکی دیکەی کەرکووک بانگهێشتی دادگا دەکرێن.

سەرچاوەکە رای گەیاندووە، دەسەڵاتی دادوەری، بەپێی مادەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی، فەرمانی ئامادەبوون لە داگای بۆ راکان و جبووری، پارێزگاری کەرکووک و ئەحمەد مەتەڕ عەبد، بەڕێوەبەری بەڵێننامەکانی حکوومی و سەدام حوسێن حەبیب، بەڕێوەبەری بەشی نەخشەدانان و فاتمە حەیدەر، محەمەد، بەڕێوەبەری بەشی ئەندازیاری و عوسمان محەمەد قارەمان، بەڕێوەبەری پێشووی بەشی ژمێریاری، لە دیوانی پارێزگا دەرکردووە.

روونیشی کردووەتەوە، ئەم فەرمانە بەهۆی ئەو سەرپێچییانەوەیە، کە لە کڕینی کەلوپەلەکانی پارێزگا و هۆڵی چاوەڕوانی و گەیاندنی کارەبادا کراون.

دەقی مادەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی بریتییە لە ”سزای بەندکردن کە لە 7 ساڵ زیاتر نەبێ، یان بەندکردنی هەر فەرمانبەر یان کارگوزارێک، کە بە ئەنقەست زیان بە سامان یان بەرژەوەندیی ئەو لایەنە بگەیەنێ، کە کاری بۆ دەکا، یان بەهۆی وەزیفەکەیەوە پەیوەندی پێیەوە هەبێ“.

لەدوای خیانەتی 16 ی ئۆکتۆبەر، راکان جبووری وەک پارێزگار بەسەر شاری کەرکوودا سەپێنرا و جگە لە تێوەگلان لە گەندەڵیدا، چەندین یاسای پێشێل کردوون و بەرپرسە کوردەکانی لە پۆستەکان دوور خستووەتەوە و ئاسانکاریی بۆ تەعریب و داگیرکردنی زەویوزاری خەڵکی کورد کردووە.











باسنيوز

Top