حكوومەتی عێراق ناڕەزایی بەرانبەر كۆمپانیای فەیسبووك دەردەبڕێت

حكوومەتی عێراق ناڕەزایی بەرانبەر كۆمپانیای فەیسبووك دەردەبڕێت
ئەمڕۆ سێشەممە حكوومەتی عێراق ڕەخنەی لە كۆمپانیا و تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك گرت بەوەی ئاسانكاری دەكات لە عێراقدا هەواڵ و زانیاریی ناڕاست بڵاو بێتەوە و یاری بە ڕای گشتی بكرێت.

لەمبارەیەوە فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەلیكترۆنیی عێراق كە سەر بە حكوومەتی فیدراڵییە، لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوە كردووە كۆمپانیای فەیسبووك ئاسانكاری دەكات لەوەی یاری سیاسی بە ڕای گشتیی عێراقی بكرێت، ئەمەش لە میانی بڵاوكردنەوەی زانیاری لەخشتەبەر و ناڕاستەوە دەكات.

بەپێی بەیاننامەكە، حكوومەتی عێراق چاودێری چالاكیی بەردەوامی چەندین پەڕەی فەیسبووك بە ناوی كەسایەتیی گشتییەوە كردووە، تیایاندا زانیاری ناڕاست و لەخشتەبەر بڵاو دەكرێنەوە، دواتر لە فەرمانگە فەرمییەكان و سەرچاوەی فەرمییەوە زانیارییەكان ڕەت كراونەتەوە، كەچی كۆمپانیای فەیسبووك لەمبارەیەوە هیچ ڕێوشوێنێكی نەگرتووەتەبەر و ئەو پەڕانەی دانەخستووە، بەڵكو پەڕەكان بەردەوامن لە بڵاوكردنەوەی زانیاریی نادروست.

فەرمانگە عێراقییەكە ڕەخنەشی لە فەیسبووك گرتووە بەوەی لە كاتی هەبوونی پەڕەی ساختەی وەهادا لە وڵاتانی جیهان، كۆمپانیاكە یەكسەر دایاندەخات، بەڵام لەگەڵ ئەوانەی عێراقدا هیچ ڕێوشوێنێك ناگرێتەبەر.

ئاماژەشی بەوە كردووە كە بەردەوامبوونی ئەم پەڕە و هەژمارانەی فەیسبووك لە كاتی هەڵبژاردنی داهاتوودا، مەترسیی گەورە دروست دەكەن، داواشی لە لایەنە بەرپرسەكانی هەڵبژاردنی عێراق كردووە بە زووترین كات ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر، تا لە ڕێگەی ئەم پەڕە و هەژمارانەوە یاری بە ڕای گشتی نەكرێت و زانیاری لەخشتەبەر بڵاونەكرێتەوە.
basnews -
Top