بە حزبیكردنی مەسەلەی ژنان!

بە حزبیكردنی مەسەلەی ژنان!
یەكێك لەو تەوەرە سەرەكییانەی لە پەیڕەو پرۆگرام و دروشمەكانی هەر حزبێكی سیاسیدا بەدیدەكرێت بایەخدانە بە مەسەلەكانی ژنان و جەختكردنەوەی هێزە سیاسییەكانە لەسەر گرنگی بەشداریكردنی ژنان لە پەرەپێدانی كۆمەڵگەدا .
دەشێت خۆلەقەرەدان لەم بابەتە مافی هەر حزبێكی سیاسی بێت، بەڵام ئەوەی جێی پرسیار و هەڵوەستە لەسەركردنە چەندی ئەو نووسینە ڕازاوانە چوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە ؟چۆن و بە چ رێگە و بەرنامەیەك كاری بۆ دەكرێت ؟ كێ چاودێر و بەرپرسیارە لەسەر كاركردن بەو ماف و بەندانە ؟ بەرامبەر بەمەش ژنانی نێو حزبە سیاسییەكان بە جیاواز لە ئەركی پیاوانی نێو حزب چ ئەركێكیان دەكەوێتە ئەستۆ ؟ وەڵامدانەوەی هەر یەك لەو پرسیارانە پێویستی بە خوێندنەوەیەكی وردی واقعبینانەی مەیدانی هەیە .
بە بڕوای من ژنان یان پیاوانی یەكسانیخوازی نێو پارتە سیاسییەكان زۆرجار دەكەونە نێو دوو هەڵوەستەی دژ بەیەك لەگەڵ خۆیاندا و وەڵامی پرسیارێك دەبێتە سەنگی مەحەكی یەكلاكەرەوەی هەڵوەستەكانیان بەوەی لە كاتی بڕیاردان لە مەسەلە چارەنووسسازەكان بە ژنانەوە كامیان دەبێتە ئەولەویەت ؟ خودی مەسەلە راستەقینەكەی ژنان یان داخوازی و بەرژەوەندی پارتە سیاسییەكانیان ؟چونكە بەهۆی هۆكارگەلێكەوە واقیعی كاركردن زۆر جار ئەوەمان بۆ دەردەخات كە حزب لە دیاریكردنی پۆلێنكردنی گرنگییە جۆربەجۆرەكانیەوە گەلێك جار مەسەلەی ژنان پەراوێزگیر و فەرامۆش دەكات . لەم گۆشەنیگایەوە بە حزبیكردنی مەسەلەی ژنان دەبێتە هۆی لەباربردنی مەسەلەی ژنان . بوونی ئەم گۆشەنیگایەیە دەبێتە هۆی چەند دەركەوتەیەك لەوانە: چارەسەركردنی مەسەلەكانی ژنان بەشێوەیەكی تەنیا وروژاندن و دەرخستنی نیشانەكانی كێشەكە نەك ریشەكێشكردنی گرفتەكان،لاوازی ریزەكانی ژنان وسنووردانان بۆ خواست و خەونە راستەقینەكەیان، دواخستنی بزووتنەوەیەكی ئازادیخوازانەی راستەقینەی ژنان، لە قاڵبدان و پەرتبوونی چالاكی و تواناكانی ژنان، متمانە نەبوونی هاووڵاتیان بەبەرنامەی پارتە سیاسییەكان، چاندنی تۆوی بێباوەڕی بە كاری حزبەكان، دابڕانی خەباتی ژنان لە خەباتی تێكڕای كۆمەڵگە و سستی لەنێوان ژنان و رێكخراوەكان لەگەڵ حیزبەكاندا .
بێگومان بوونی ئەم بە حزبیكردنە دەرئەنجامی باڵادەستبوونی دۆخێكی دەسەڵاتدارانە و لە قاڵبدانی زۆربەی رێكخراوەكانی ژنانە .بۆ نموونە دەنگدانی پەرلەمانتاران لە پەرلەمانی كوردستان لەسەر پرۆژە یاسای سنورداركردنی فرەژنی، نەك قەدەغەكردنی و ئەولەویەتدان بە پارتە سیاسییەكان بۆ دیاریكردنی ژنان لە كاتی پێكهێنانی دەزگا یان ئەنجوومەنێكی تایبەت بە ژنان، بەڵگەی ئەم هەقیقەتە دەخاتە ڕوو كە ئەگەرچی ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندی مەسەلەی ژنانیشدا نەبێت، ئەوا تەنانەت خودی ژنانی نێو هەریەك لەو ناوەندانە نەیانتوانیوە مەسەلەكەیان بكەنە ئەولەویەت . خودی هاوشێوەی ئەم هەڵوێستانە زەنگێكی مەترسیدارە بۆ داهاتووی مافەكانی ژنان . لێرەوە گرنگی كاركردن و بەرپرسیارێتی مێژوویی ژنانی نێو پارتە سیاسییەكان بە بەراورد لەگەڵ پیاوانی نێو هەمان پارتی سیاسی دوو هێندە دەبێت تا گۆڕانكاری و پیاچوونەوەی نوێ لە ئەقڵییەت و چەمك وپلانەكانی داهاتوودا بكەن و بەدیدێكی مرۆڤدۆستانە و جێندەریانە كار لەسەر بەرنامەی حزبەكان و ئایندەی كۆمەڵگە بكەن، بێگومان ئەوەش بەهۆشمەندبوونی خودی خۆیان دەبێت بە مەسەلەكانی ژنان وێڕای هاوئاهەنگی لەگەڵ رێكخراو و چالاكوانانی بوارەكانی ژنان .
Top