كۆرِبه‌ندى كارو كۆبوونه‌وه‌ى دووقۆڵى نێوان توركیا و هه‌رێمى ‏كوردستان به‌رِێوه‌چوو

كۆرِبه‌ندى كارو كۆبوونه‌وه‌ى دووقۆڵى نێوان توركیا و هه‌رێمى ‏كوردستان به‌رِێوه‌چوو
به‌ئاماده‌بوونى د.به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و زافر چاغله‌یان وه‌زیرى ‏ده‌وڵه‌ت بۆ كاروبارى بازرگانى ده‌ره‌كى توركیا و ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیرانى حكومه‌تى هه‌رێم و به‌رپرسى ‏په‌یوه‌ندیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌ت و پارێزگارى هه‌ولێر و شاندى بازرگانى و نوێنه‌رانى كۆمپانیاكانى ‏توركیا و ژماره‌یه‌كى زۆرى بازرگان و پیاوانى كارى هه‌رێمى كوردستان، سه‌رله‌ئێواره‌ى 29/06/2010 ‏له‌ هۆڵى شه‌هید سه‌عد عه‌بدوڵڵا له‌ هه‌ولێرى پایته‌ختى هه‌رێمى كوردستان، كۆرِبه‌ندى كارو ‏كۆبوونه‌وه‌ى دووقۆڵى نێوان توركیا و هه‌رێمى كوردستان به‌رِێوه‌چوو كه‌ بۆ ماوه‌ى دوو رِۆژ به‌رده‌وام ‏ده‌بێت.‏


دواى به‌خێرهێنانى میوانه‌كان د.به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ وته‌یه‌كدا ‏خۆشحاڵى خۆى بۆ به‌ستنى كۆرِبه‌نده‌كه‌ ده‌ربرِى و گوتى ئه‌م كۆرِه‌ دوابه‌دواى سه‌ردانه‌ سه‌ركه‌وتووه‌ ‏مێژوییه‌كه‌ى جه‌نابى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كاك مسعود بارزانى ده‌به‌ستین، كه‌ له‌و سه‌ردانه‌دا ‏به‌شێوه‌یه‌كى فه‌رمى وه‌كو سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌رزترین ئاستى كۆمارى توركیا پێشوازى ‏لێكراو و باس له‌ ورده‌كارى په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان توركیا و هه‌رێمى كوردستان كرا كه‌ یه‌كێك له‌و ‏بابه‌ت و كۆڵه‌كه‌ گرنگانه‌ى په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان ئێمه‌ و توركیا په‌ره‌پێدان بوو به‌ئاستى هاوكارى ‏ئابوورى و بازرگانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و ته‌واوى عێراق له‌گه‌ڵ ولاَتى توركیا.‏

سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هیواى خواست شاندى پیاوانى كارو كۆمپانیاكانى توركیا و ‏كۆمپانیاكانى كه‌رتى تایبه‌ت له‌ هه‌رێمى كوردستان پێكه‌وه بتوانن ئه‌و ته‌وژم و ئه‌و زه‌خمه‌ى هه‌یه‌ بۆ ‏به‌ره‌و پێشه‌وه‌بردنى په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و توركیا به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن ‏به‌ئه‌نجامدانى پرۆژه‌ى هاوبه‌ش كه‌ خزمه‌تى هه‌ردوولا بكات.‏

سه‌رۆكى حكومه‌ت ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ رِۆژگارێك ئه‌زمونى هه‌رێمى كوردستانى عێراق به‌شێوه‌یه‌ك ‏سه‌یر ده‌كرا كه‌ مه‌ترسى بێت بۆ سه‌ر دراوسێكانى، ئه‌مرِۆ به‌كردار سه‌لماندومانه‌ كه‌ ئاسایش و ره‌وشى ‏هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و مافه‌رِه‌واكانى خه‌ڵكى كوردستان كۆڵه‌كه‌یه‌كى ‏گرنگى ئاشتى و ئاسایشى سه‌رتاسه‌رى رِۆژهه‌ڵاتى ناوه‌رِاسته‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وه‌ىَ له‌سه‌ر بنه‌ماى ‏به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌ش دوور له‌ زه‌برو زه‌نگ و به‌كارهێنانى توندوتیژى برِه‌و به‌په‌یوه‌ندیه‌كانى ‏هه‌مه‌لایه‌نه‌ بده‌ین كه‌ پێمان وایه‌ سه‌رئه‌نجام به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانمان له‌ رِووى سیاسى و ئابوورى و ‏ئاسایشه‌وه‌ هاوبه‌شن.‏ له‌ درێژه‌ى وته‌یكه‌یدا سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان داواى له‌ وڵاتانى دراوسىَ كرد رِه‌چاوى ‏سه‌روه‌رى خاك و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان و عیراق بكه‌ن و ده‌ست له‌ كاروباره‌كانى ‏ناوخۆمان وه‌رنه‌ده‌ن هه‌روه‌ك چۆن ئێمه‌ رِێگه‌ ناده‌ین هه‌رێمى كوردستان بكرێته‌ پێگه‌ى ‏هه‌رِه‌شه‌كردن بۆ سه‌ر دراوسێكانمان.‏

داواشى له‌ كۆمپانیا توركیه‌كان كرد وه‌به‌رهێنان و كارى زیاتر بكه‌ن بۆ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ى هه‌رێمى ‏كوردستان كه‌ به‌هۆى رِژێمه‌كانى پێشووه‌وه‌ توشى وێرانكاریه‌كى زۆر بووه‌، ده‌كرێت ئه‌م ناوچه‌یه‌ش ‏بكرێته‌ ده‌ه‌روازه‌یه‌ك بۆ ناوچه‌كانى ترى عیراق.‏

به‌مه‌به‌ستى هاندانى زیاترى كۆمپانیاكان بۆ ئه‌نجامدانى وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى كوردستاندا سه‌رۆكى ‏حكومه‌ت ئاماژه‌ى به‌پێشكه‌وتنى داهاتى نه‌ته‌وه‌یی له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراقدا كرد و گوتى له‌ ‏ساڵى 2007دا رِێژه‌ى گه‌شه‌كردنى داهاتى نه‌ته‌وه‌یى عێراق 1.5% بوو، له‌ ساڵى 2009دا بووه‌ته‌ ‏‏4.3%، ئه‌مساڵیش به‌پێى خه‌مڵاندن و لێكدانه‌وه‌ى بانكى نێوده‌وڵه‌تى و سندوقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى ‏له‌سه‌روى 7% ده‌بێت، خه‌مڵاندنى ئێمه‌ له‌ كوردستان 10% تێپه‌رِ ده‌كات و ئه‌مساڵ خه‌رجى حكومه‌ت ‏له‌ هه‌رێمى كوردستاندا 10 ملیار دۆلاره‌.‏

هه‌روه‌ها گوتى ئه‌گه‌ر به‌پێى به‌رنامه‌كان رِێژه‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وت له‌ عێراقدا رِۆژانه‌ له‌ 2 ملیۆن ‏و 100 هه‌زار به‌رمیله‌وه‌ بۆ سه‌روى 4 ملیۆن 6 ملیۆن به‌رمیل له‌رِۆژێكدا زیاد بكرێت وه‌زعى ‏ئابوورى باشتر ده‌بێت.‏

ساڵى 2003 تێكرِاى داهاتى تاك له‌ عێراقدا 465 دۆلارى ئه‌مه‌ریكى بووه‌ ئه‌مساڵ به‌پێى ‏خه‌مڵاندنى بانكى نێوده‌وڵه‌تى 3 هه‌زار و 600 دۆلاره‌، به‌پێى خه‌مڵاندنه‌كانیش له‌ هه‌رێمى ‏كوردستان تێكرِاى داهاتى تاك له‌ هه‌رێمى كوردستاندا له‌ 4 هه‌زار و 500 دۆلار تێپه‌رِى كردووه‌ ‏ئه‌مانه‌ش نیشانه‌ى پێشكه‌وتنى به‌رده‌وامه‌.‏


هه‌ر له‌و كۆرِبه‌نده‌دا زافه‌ر چاغڵه‌یان وه‌زیرى ده‌وڵه‌ت بۆ بازرگانى ده‌ره‌وه‌ى توركیا له‌ وته‌یه‌كدا دوای ‏خستنه‌رِووی په‌یوه‌ندی له‌ مێژینه‌ و دۆستایه‌تی نێوان توركیا و گه‌لی كورد به‌تایبه‌ت له‌رِووی ‏كلتوریه‌وه‌، ئاماژه‌ی به‌و ماڵوێرانیه‌ش كرد كه‌ له‌سه‌رده‌مه‌ جیاجیاكان و به‌تایبه‌ت له‌ سه‌رده‌می ‏رژێمی له‌ ناوچوو به‌سه‌ر گه‌لی كورددا هاتوون. ‏

چاغڵه‌یان رونیكرده‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ برایانی كورد گه‌یشتووه‌ته‌ لایه‌نی ئابوری و بازرگانی ‏و بۆ ئه‌وه‌ش هیوای خواست په‌یوه‌ندییه‌كان فراوانتر بێت، هه‌روه‌ك خواستی وڵاته‌كه‌شی له‌و بواره‌ ‏به‌ئاماده‌بووان راگه‌یاندو گوتی توركیا ده‌یه‌وێت له‌م هه‌رێمه‌ ئاشتی و برایه‌تی و پێكه‌وه‌یی هه‌بێت، ‏بۆئه‌وه‌ی بایه‌خ به‌په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌كانی بدات، بۆ ئه‌وه‌ش خواستی وڵاته‌كه‌ی له‌ چه‌ند رویه‌كه‌وه‌ ‏ئاماژه‌ پێدا به‌تایبه‌ت له‌كردنه‌وه‌ی لقێكی بانكی توركی هه‌ولێرو كاركردن له‌ بواری وزه‌و كشتوكاڵ و ‏گه‌شتوگوزارو چه‌ند بوارێكی تر.‏

هه‌روا ته‌ئكیدی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ له‌ داهاتویه‌كی نزیكدا كه‌ناڵی زیاتری په‌یوه‌ندی به‌رِوی ‏هه‌رێمی كوردستاندا ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ به‌رنامه‌یدایه‌ تا 4 ساڵی دیكه‌ قه‌باره‌ی بازرگانی و ‏ئابووری له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵێكدا بگه‌یه‌ننه‌ 20 ملیار دۆلار، كه‌ ئێستا نزیكه‌ی 7 ملیار ‏دۆلاره‌.‏

دواتر سینان چه‌له‌بى وه‌زیرى پیشه‌سازى و بازرگانى و د.عه‌لى سندى وه‌زیرى پلاندانان و سه‌میر ‏عه‌بدوڵا وه‌زیرى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزارى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و نه‌وزاد هادى و پارێزگارى ‏هه‌ولێر وتاریان پێشكه‌ش كرد و داوایان له‌ ووڵاتى توركیا و كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌ره‌ توركیه‌كان كرد ‏له‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌به‌رهێنانى زیاتر بكه‌ن و سوود له‌و ژینگه‌ له‌بار و هه‌مه‌لایه‌نه‌ى هه‌رێمى ‏كوردستان وه‌ربگرن.‏

دواتر كۆرِبه‌نده‌كه‌ به‌ گفتوگۆى تێرو ته‌سه‌ل له‌سه‌ر ته‌وه‌ره‌ گرینگه‌كانى بوارى ئابوورى و بازرگانى ‏درێژه‌ى هه‌بوو، هه‌روه‌ها ئه‌م كۆبوونه‌وه‌ له‌ رِۆژى 30/06/2010 به‌رده‌وامى ده‌بێت.‏


Top