سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی بولگاریا دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی بولگاریا دەكات
چوارشەممە 16/3/2011 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازیكرد لە بەرێز نیكۆلای ملادینۆڤـ وەزیری دەرەوەی بولگاریا و شاندێكی یاوەری كرد .

لە دیدارێكدا ، كە بەرێز ئەحمەد بەرواری سەرۆكی فەرمانگەی ئەوروپا لە وەزارەتی دەرەوەی عیراق ئامادەبوو ، وەزیری دەرەوەی بولگاریا وێرای خۆشحاڵی دەربڕین بە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان ، هاوسۆزی و هاوخەمی خۆی بۆ گەلی كوردستان دەربڕی بە بۆنەی رۆژی كارەساتی هەڵەبجەوە و رایگەیاند كە دەبێ‌ ئەو تاوانە گەورەیە كە رژێمی پێشوو دژ بە خەڵكی هەڵەبجە ئەنجامی دا هەمیشە لە یاد بێت و تەئكیدیشی لەوەكردەوە كە گەلی بولگاریا لەسەدەی نۆزدەدا هەمان كارەساتی هاتۆتە سەر و لەو رووەوە هەر دوو گەلی كوردستان و بولگاریا دەكرێ‌ لەگەڵ یەكتر بیانشوبهێنین.

هەروەها وەزیری دەرەوەی بولگاریا سەرسامی خۆی بەرامبەر گەشەكردنی هەرێم و ئاسایش و ئارامیەكەی دەربڕی و ئەوەشی راگەیاند كە وڵاتەكەی بڕیاری داوە كونسوڵگەری خۆی لە هەرێم بكاتەوە وەك پردێكی پەیوەندی و فراوانكردنی چالاكی بازرگانی و ئابووری و پێشكەش كردنی كارئاسانی هاتوچۆ بۆ وەبەرهێن و كۆمپانیاكان لە نێوان هەرێم و وڵاتی بولگاریا و باسی ئەو بوارانەشی كرد كە دەكرێ‌ وڵاتی بولگاریا هاریكاری هەرێمی كوردستان بكات بە تایبەتی بوارەكانی كارەبا و كشتوكاڵ و خوێندن.

سەرۆك بارزانی سوپاسی وەزیری دەرەوەی بولگاریای كرد بۆ هاوسۆزییەكەی و رایگەیاند كە رۆژی 16/3 رۆژێكی گرنگە لە مێژووی گەلی كوردستاندا ، لەو رۆژەدا و لە ساڵی 1988 دا رژێمی بەعس گەورەترین تاوانی دژ بە میللەتەكەمان ئەنجام دا ، هەندێ‌ كات لە مێژوودا هەیە كە زۆر شتی پێ‌ دەگۆڕدرێ‌ ، لە وانەیە ئەو كات ئەو رژێمە كوشتنی ئەو هەموو خەڵكە بە سەركەوتنێكی گەورەی دانابێ‌ ، بەڵام نەیزانی ئەو رۆژە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە ژیانی ئەو رژێمە تا وای لێ‌ بێ‌ هەرەس بهێنێ‌.

قوربانیەكان رۆڵەی ئەم گەلەن راستە بە جەستە مردون بەڵام بە گیان هەر لەگەڵ ئێمە ماناندان.

سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە هەرێمی كوردستان خوازیاری گەشەپێدانی پەیوەندییەكانیەتی لەگەڵ بولگاریا دا و هەروا كار ئاسانی حكومەتی هەرێمیشی بۆ كردنەوەی كونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەرێم دەربڕی و رونیشیكردەوە كە هەرێم دەتوانێ‌ لە زۆر روەوە سود لە شارەزایی بولگاریا وەرگرێت بە تایبەتی لەو بوارانەی كە هاتنە باسكردن.
Top