سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە ئەمینداری گشتی رێكخراوی كۆنگرەی ئیسلامی و شاندێكی یاوەری دەكات

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە ئەمینداری گشتی رێكخراوی كۆنگرەی ئیسلامی و شاندێكی یاوەری دەكات
پێنج شەممە 17/3/2011 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازیكرد لە پرۆفیسۆر ئەكمەلەدین ئیحسان ئۆغلو ئەمینداری گشتی رێكخراوی كۆنگرەی ئیسلامی و شاندێكی یاوەری.

لە دیدارێكدا ، كە بەرێز كامیل حاجی عەلی وەزیری ئەوقاف ئامادەی بوو هەر دوولا دوا پێشهاتەكانی رەوشی ئێستای جیهانی ئیسلامییان تاوتوێكرد.

ئەمینداری گشتی رێكخراوی كۆنگرەی ئیسلامی كارو چالاكیەكانی رێكخراوەكەی لە عیراق خستەڕوو و رایگەیاند كە هەموو هەوڵیان دەخەنە گەڕ بۆ نەهێشتنی دوو بەرەكی تایفەگەری و چەسپاندنی ژیانێكی ئاسوودە و پێكەوە ژیانی ئاشتیانە لە نێوان سەرجەم پێكهاتەكانی جیهانی ئیسلامی.

هەروا تەئكیدی لە پێگەی هەرێمی كوردستان كردەوە لە جیهانی ئیسلامی و ستایشی رۆڵی سەرۆك بارزانیشی كرد لە پرۆسەی سیاسی عیراق و سەركەوتنی دەستپێشخەرییەكەی و بەرەوپێشبردنی هەرێمی كوردستان لە ڕووی تەبایی و پێكەوە ژیانی برایانەی گشت پێكهاتەكانی گەلی كوردستان.

سەرۆك بارزانی پاڵپشتی خۆی بۆ رێكخراوی كۆنگرەی ئیسلامی دەربڕی و رایگەیاند كە كۆنگرەكە دەتوانێ‌ رۆڵێكی بەرچاو ببینێت لە پەیوەندی نێوان سەرجەم وڵاتە ئیسلامییەكان و تەئكیدیشی لەسەر بایەخی پەیوەندی و هاریكاری لە نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق لە لایەك و رێكخراوی كۆنگرەی ئیسلامی لە لایەكی تر كردەوە و بەشداریكردنی ئەو رێكخراوەشی لە یارمەتیدانی گەلانی عیراق بە پێویست زانی.

هەروەها سەرۆك بارزانی ستایشی پرۆسەی دیموكراتی و فرە حزبیەكەی عیراقی كرد و رایگەیاند كە سەرەڕای بەردەوامی كاری تیرۆریستی بەڵام ئایندەیەكی گەش چاوەڕوانی عیراق دەكات.
Top