سەرۆكی بارزانی لەگەڵ ژمارەیەك كەسایەتی و رۆشنبیر و نوێنەری كۆمەڵەی مەدەنی و سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان و نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی دەڤەری راپەڕین كۆدەبێتەوە

سەرۆكی بارزانی لەگەڵ ژمارەیەك كەسایەتی و رۆشنبیر و نوێنەری كۆمەڵەی مەدەنی و سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان و نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی دەڤەری راپەڕین كۆدەبێتەوە
ئەمرۆ یەك شەممە 20/3/2011 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان لە سەڵاحەدین لەگەڵ ژمارەیەك كەسایەتی و رۆشنبیر و نوێنەری كۆمەڵەی مەدەنی و سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكانی دەڤەری راپەڕین كۆبووەوە.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی زانكۆی راپەڕین بە بۆنەی یادی راپەڕین و جەژنی نەورۆز و رۆژی رزگاركردنی شاری كەركووك پیرۆزبایی خۆی و ئامادەبووانی پێشكەش بە سەرۆك بارزانی و تێكرای گەلی كوردستان كرد و كورتە باسێكی سەبارەت بە زانكۆی راپەڕین خستەڕوو و رایگەیاند كە ئەم زانكۆیە مەڵبەندی زانست و رۆشنبیرییە لە دەڤەرەكەدا و رۆڵێكی یەكجار گەورە دەبینێ‌ لە ناو خەڵكدا و هیوای خواست كە سەرۆك بارزانی پشتگیری لەو زانكۆیە بكات ، بە تایبەتی كە ئەو زانكۆیە زانكۆیەكی نوێیە و كەموكورتی زۆرە و داوایكرد كە بینایەیەك بۆ كۆلیژی پەروەردەی قەڵادزێ‌ دروست بكرێ‌ و چەند داواكارییەكی دیكەشی خستەڕوو.

پاشان قائیمقامی قەزای رانیە سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد لە بەجێهێنانی داخوازییەكانی خەڵكی پشدەر و بتوێن كە لە كاتی سەردانیدا بۆ دەڤەرەكە پێشكەشی كرابوو و رایگەیاند كە ئەوەی مایەی دڵخۆشی بوو بۆ خەڵكی ئەم دەڤەرە بڕیارەكەی سەرۆك بارزانی بوو سەبارەت بە ئیدارە تایبەتیەكەی بتوێن و پشدەر و روونیشیكردەوە كە راستە بڕیارەكە دراوە بەڵام لە پارێزگای سلێمانی راگیراوە و تا ئێستا بە شێوەیەكی عەمەلی نەچوەتە باری جێبەجێكردنەوە ، بۆیە قائیمقامی رانیە داوای لە سەرۆك بارزانی كرد كە بە خۆی تەدەخول لەو مەسەلەیە دا بكات . هەر لەو كۆبوونەوەیەدا قائیمقامی رانیە چەند داواكارییەكی پێشكەش بە سەرۆك بارزانی كرد لە وانە بە نێودەوڵەتیكردنی مەرزی كێلێ‌ و دەركردنی لێبوردنێكی گشتی بۆ ئەو كەسانەی كە حوكمیان سووكە و هەروا چارەسەركردنی بارگرژییەكەی ئەم دواییەی شاری سلێمانی هەر لە نەهێشتنی ئاسەواری دوو ئیدارەیی و دەستێوەردانی حزبی لە كارو ئەركەكانی حكومەتدا و نەهێشتنی دیاردەی گەندەڵی و دابینكردنی هەلی كار لە كەرتی تایبەت و گشتی و دامەزراندنی پرۆژەی وەبەرهێنان و پەلەكردن لە جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی پێویست و چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێ‌ بوون و زیادكردنی مووچەی ئەوانەی كە بەگرێبەست دامەزراون و تەرخانكردنی بودجە بۆ پرۆژەی سایلۆی رانیە و چەند پێشنیاری تر.

پاشان هەر یەك لە ئامادەبووان پێشنیارو تێروانینی خۆیان بۆ چاكتركردنی باری گوزەرانی خەڵك خستەڕوو ، وەك تەرخانكردنی بەشێكی بودجەی هەرێم بۆ هەژاران و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری و هاریكاریكردنی دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان تا كاتی دامەزراندنیان و دروستكردنی دوو كارگە یەكێكیان بۆ مەرمەر و ئەویتریان بۆ ئەلبان.

دواتر سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا وێرای پیرۆزبایی كردن بە بۆنەی رۆژی رزگاركردنی كەركووك و جەژنی نەورۆز و یادی راپەڕین ئاماژەی بە گرنگی و بایەخی راپەڕینی رانیە كرد و رایگەیاند كە راپەڕینی رانیە دەسپێكی راپەڕینە گەورەكەی كوردستان بوو.

سەبارەت بە داواكارییەكانیش ، سەرۆك بارزانی روونیكردەوە كە داواكارییەكان رەوان و بە هەموو شێوەیەك هەوڵی بە جێ‌ هێنانیان دەدات ، بە تایبەتی بە لە نێودەوڵەتیكردنی مەرزی كێلێ‌ و دروستكردنی بینایەی كۆلێژی پەروەردەی قەڵادزێ‌.

ئەمەو لە كۆتایی دیدارەكەدا كە بەرێز حاجی حاجی برایم راوێژكاری سەرۆك بارزانی ئامادەی بوو ، سەرۆك بارزانی تەئكیدی لە ئامادەبووان كرد كە ئەم وڵاتە وڵاتی هەموومانە و دەبێ‌ زۆر هوشیارانە هەڵسوكەوت لەگەڵ رووداوەكاندا بكرێ‌ ، زۆر شتی مەترسیدار هەیە ، بەڵام بە ئیرادەی هەموومان دەتوانین ئەو هەرێمە و دەستكەوتەكانی بپارێزین.
Top