سه‌رۆكی حكومه‌ت: ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندی گشتی خه‌ڵك، بنه‌مای یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی هه‌ر جۆره ململانێیه‌كی سیاسی بێت
جه‌ماوه‌ری خۆشه‌ویستی كوردستان
به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی پرِ شكۆی نه‌ورۆزه‌وه، پیرۆزبایی گه‌رمم ئاراسته‌ی یه‌ك به‌یه‌كی خه‌ڵكی كوردستان، به‌دانیشتوانی شار‌و لادێ و سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانیه‌وه ده‌كه‌م، هه‌روا پیرۆزبایی تایبه‌تیشم بۆ خه‌ڵكی ئازیزی كه‌ركوكی خۆمان ده‌نێرم، كه له‌راپه‌رِینه مێژوویه‌كه‌ی ساڵی 1991 دا به‌رزگاركردنی ئه‌و شاره ئازیزه‌مان تاجی سه‌ركه‌وتنی خۆی له‌سه‌ر نا.
ئه‌مساڵ كه‌یادی ئه‌م جه‌ژنه نه‌ته‌وه‌ییه‌ی خۆمان ده‌كه‌ینه‌وه، كوردستان به‌دۆخێكی هه‌ستیاردا تێده‌په‌رِێت، بۆیه ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موو لایه‌كمانه به‌گیانی به‌رپرسیارێتی نه‌ته‌وه‌ی و نیشتمانی ره‌فتار بكه‌ین و هه‌وڵبده‌ین ناكۆكی و جیاوازیه‌كان بكه‌ینه فاكته‌ری به‌هێزبوونی پێگه‌ی ئه‌م ئه‌زموونه‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و گرفته‌كانی، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌هاووڵاتیان و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی خه‌ڵك، بنه‌مای یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی هه‌ر جۆره ململانێیه‌كی سیاسی بێت.
له‌كۆتایدا وێرای پیرۆزبایی و خۆشه‌ویستیم بۆ ئێوه، هیوادارم هه‌موو ساڵێك به‌خۆشی و به‌ده‌سكه‌وتی زیاتره‌وه یادی جه‌ژنی نه‌ورۆز له‌هه‌موو بسته‌خاكێكی ئه‌م كوردستانه ئازیزه بكرێته‌وه‌و هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه له‌میانه‌ی دیالۆگ و له‌یه‌كگه‌یشتندا سه‌روه‌ری و ده‌سكه‌وته‌كانمان بپارێزین و كێشه‌و گرفته‌كانیشمان به‌هه‌مان گیان چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
له‌گه‌ڵ رێز و خۆشه‌ویستی براتان
د. به‌رهه‌م ساڵح
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان