نێچیرڤان بارزانى: پرسی كورد لە توركیا رێگەچارەی سەربازی نییە

نێچیرڤان بارزانى: پرسی كورد لە توركیا رێگەچارەی سەربازی نییە
نێچیرڤان بارزانى سەرۆك وەزیرانی پێشووی حكوومەتی هەرێم و جێگرى ئێستەى سەرۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان لەبارەى پرسی كورد لە توركیا گوتى، رێگەچارەى سەربازى پرسی كورد لەو وڵاتە چارەسەر ناكا.

نێچیرڤان بارزانی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەى (تەرەف)ى توركیایى كە لە ژمارەى ئەمڕۆ دووشەمدا بڵاو بووەتەوە، ئاماژە دەكا كە پێوەندییەكانى نێوان حكوومەتى هەرێمى كوردستان و توركیا لە باشترین ئاستدایە.

بارزانى وێرای باسكردن لەوەى لە چەند ساڵ پێش ئێستە توركیا 200 هەزار سەربازى لەسەر سنوور جێگیر كردبوو گوتى، ئەمڕۆ قەبارەى بازرگانیمان لەگەڵ توركیا گەیشتووەتە 7 ملیار دۆلاری ئەمەریكایی، بەشێكى زۆرى پڕۆژەكانى بیناسازی و نیشتەجێكردن لەلایەن كۆمپانیاكانى توركیاوە جێبەجێ دەكرێن، واتە داهاتوویەكى گەش هەیە لە پێوەندییەكانمان لەگەڵ توركیادا و بەنیازین دەروازەى سنووریی نوێ بكەینەوە.

هەروەها جەختى كردەوە، لە ئایندەیەكى نێزیكدا لە ناوچەى خابوور دەروازەیەكى نوێ دەكەینەوە و ئەو دەروازەیەى ئێستەی (ئیبراهیم خەلیل) فرەوانتر دەكەین.

جێگرى سەرۆكى پارتى دیموكرات روونی كردەوە، پێوەندییە سیاسى و ئابوورییەكانمان لەگەڵ توركیا زیاتر پەرەدەستێنێ و لە وەڵامیدا بۆ پرسیارى \"ئاخۆ كێشەكانى ئێستەى نێوان توركیا و كوردستان چییە؟\"" گوتى، \""ئێستە زیاتر لەبارەی پرسی پارتى كرێكارانى كوردستان \""پەكەكە\""وە گفتوگۆ دەكرێ، ئەم كێشەیە پێویستە لە ناوەخۆى توركیادا بەڕێگەى دیالۆگ بێتە چارەسەركردن.

بارزانی گوتی، بەهەڵە لێم وەرمەگرن، من باس لە ئەنجامدانى دیالۆگ ناكەم لەگەڵ \""پەكەكە\""، دەڵێم لە ناوەخۆى توركیادا كێ كێشە دروست دەكا پێویستە لەگەڵ ئەودا دیالۆگ ئەنجام بدرێ، لە توركیا ماوەى 30 ساڵە چەكدارانێك شەڕ دەكەن و لەو بەینەدا كەسانى بێتاوانیش دەكوژرێن و رێگەچارەى سەربازى چارە نییە.

بارزانى ئاماژەى بەوەش دا كە ڕەگى پرسەكە سیاسییە و رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك وەزیرانى توركیا بەئاراستەیەكى ڕاستدا هەنگاو دەنێ و لەو بڕوایەداین دوابەدواى هەڵبژاردنەكانى 12ى حوزەیران/یۆنیۆی داهاتوو بەمەبەستى چارەسەرى هەنگاوى زیاتر بنرێ.

-ئاكانيوز"
Top