ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران رۆژی 10/9/2011 بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان دیاریكرد
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رۆژی 10/9/2011 بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان دیاریكرد‌و پرِۆژه‌ی سیستمه‌ی بنه‌مای ره‌فتاری فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تیشی په‌سه‌ند كرد، سه‌ره‌رِای زیادكردنی مینحه‌ی زیندانیانی سیاسی و هه‌ڵگرتنی باجی ده‌رامه‌ت له‌سه‌ر خانوو و زه‌وی نیشته‌جێبوون.
ئه‌نجامدانی چاكسازی
ئه‌مرِۆ 28/3/2011 ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی به‌رِێز د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌و سه‌باره‌ت به‌دۆخی ئێستای كوردستان و چۆنه‌ییه‌تی جێبه‌جێكردنی داواكاری خۆپیشانده‌ران و ئه‌نجامدانی چاكسازی پێویست به‌مه‌به‌ستی زیاتر خزمه‌تكردنی خه‌ڵك و چه‌سپاندنی بنه‌مای ئیداری تازه‌و شه‌فاف گفتوگۆ كرا، له‌وباره‌یه‌وه سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌ئكیدی كرده‌وه كه‌پێویسته رێز له‌داخوازی ره‌وای خۆپیشانده‌ران بگیرێت و رێوشوێنی جێبه‌جێكردنیشیان بۆ دیاری بكرێت، چونكه مافی خۆپیشاندان و كۆبونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری مافێكی سه‌لمێنداره‌وه به‌گوێره‌ی قانوون، به‌ڵام دوور له‌توندوتیژی و تێكه‌ڵكردنی ئه‌جێندای حزبی و مه‌رامی سیاسی، هه‌روا باسی له‌وه‌شكرد كه‌حكومه‌تی هه‌رێم سه‌ربه‌رزه كه‌توانیویه‌تی هه‌نگاوی گه‌وره له‌بواری چاكسازی و خزمه‌تكردنی خه‌ڵك بچێته پێشه‌وه، به‌ڵام خه‌ڵكی كوردستان شایسته‌ی زیاترن و چاویان له‌وه‌یه حكومه‌ت زیاتر خزمه‌تیان بكات.
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مرِۆیدا هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر ورده‌كاری به‌رنامه‌ی راگه‌یاندراوی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و به‌رجه‌سته كردنی خواستی بره‌ودان به پرۆسه‌ی چاكسازی كرد‌و و ئاماژه به برگه‌كانی ئه‌و راگه‌یاندراوه كرد كه بریتین له‌پێداچوونه‌وه به‌وه‌زعی حكومه‌ت و ئه‌نجامدانی ته‌عدیلی وه‌زاری بنه‌رِه‌تی و په‌له‌كردن له‌دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی راژه‌و ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌و كارا كردنی داواكاری و گشتی ده‌سته‌ی چاودێری دارایی ، سه‌ره‌رِای ره‌چاوكردنی شه‌فافیه‌ت له‌بواری ته‌نده‌رو به‌ڵێنده‌رایه‌تی و نه‌هێشتنی قۆرغكردنی بازارِو كاراكردنی كه‌رتی تایبه‌ت وئاشكرا كردنی سه‌رچاوه‌ی دارایی حزبه‌كان و نه‌هێشتنی رۆتین. سه‌رۆكی حكومه‌ت وه‌زیره‌كانی راسپارد كه‌له‌ماوه‌یه‌كی دیاریكراوی كه‌مدا پێشنیاز و چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌رنامه‌یه پێشكه‌ش بكه‌ن.
هه‌روه‌ها تاكید كرایه‌وه له سه‌ر جێبه‌جێكردنی برِیاره 17 خاڵیه‌كه‌ی په‌رله‌مان و برگه‌كانی په‌یامی سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ خۆپیشانده‌ران.
هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان
هه‌ر له‌م كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا برِیاردرا رۆژی 10/9/2011 بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێم دیاری بكرێت، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌مه‌به‌ستی زه‌مینه‌سازی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان وه‌زیری ناوخۆی راسپارد، داوا له كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق بكات بۆ دابین كردنی پێداویستیه‌كان جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرۆسه‌یه له‌واده‌ی دیاریكراودا.
هه‌روا برِیاریشدرا به‌راوێژ له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌كاری بۆ هه‌مواركردنی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا بكرێت.
زیادكردنی مووچه‌ی زیندانیانی سیاسی
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مرِۆیدا برِیاریدا مووچه‌ی زیندانیانی سیاسی زیادبكرێت، به‌پێی ئه‌و برِیاره مووچه‌ی زیندانیانی سیاسی مه‌حكوم یان ئه‌وانه‌ی زیاتر له‌ساڵێك گیراون ده‌كرێته 450000 هه‌زار دینار. ئه‌و زیندانیه سیاسیانه‌ی له شه‌ش مانگ تا ساڵێك زیندانی كراون برِی 210000 هه‌زار دیناریان وه‌كو مووچه پێده‌درێت، سه‌ره‌رِای پێدانی مینحه‌یه‌ك به‌برِی 250000 هه‌زار دینار بۆ هه‌ر مانگێك بۆ ئه‌وانه‌ی ته‌نیا یه‌كجار ده‌ستگیر كراون كه‌له لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی دیاریكراو بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌ن به‌رزكرابوونه‌وه.
سیستمی ره‌فتاری فه‌رمانبه‌ران
هه‌ر له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پرِۆژه‌ی سیستمی ره‌فتاری فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تی په‌سه‌ند كرد، به‌گوێره‌ی ئه‌م سیستمه ئه‌ركی فه‌رمانبه‌ری حكومه‌ت ئه‌ركێكی نیشتمانیه‌و ئامانجی خزمه‌تكردنی هاووڵاتیانه به‌پێی قانوون، بۆیه ده‌بێ سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌ت به‌بنه‌ماكانی ئه‌م سیستمه پابه‌ندبن، به‌مه‌به‌ستی دارِشتنی بنه‌مای حكومرانیه‌كی ته‌ندروست و شه‌فاف.
هه‌ر به‌گوێره‌ی ئه‌م سیستمه پێویسته فه‌رمانبه‌ری حكومه‌ت له‌كاتی ئه‌ركی ره‌سمی خۆیدا بێ لایه‌ن بێت و له‌چوارچێوه‌ی قانون و رێنمایه‌كان كاربكات و نابێ هیچ چالاكیه‌كی حزبی له‌باره‌گاكانی حكومه‌ت و له‌كاتی ده‌وامی ره‌سمی خۆیدا ئه‌نجام بدات یان داهاتی گشتی بۆ ئه‌نجامدانی كاری سیاسی به‌كارببات.
خاڵیكی تری ئه‌و سیستمه بریتیه له‌وه‌ی كه‌سه‌رجه‌م خاوه‌ن پله تایبه‌تیه‌كانی حكومه‌ت داهات و سامانی خۆیان بۆ لایه‌نی قانوونی په‌یوه‌ندیدار ئاشكرا بكه‌ن ، هه‌روا نابێ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێگه‌و توانای ئیداری خۆیان به‌راسته‌خۆ یان ناراسته‌وخۆ بۆ دۆزینه‌وه‌ی كار یان ده‌ستخستنی گرێبه‌ست یان مۆڵه‌ت یان زه‌وی بۆ كه‌سوكارو ئه‌ندامانی خێزانه‌كانیان به‌كار بهێنن، سه‌ره‌رِای دوركه‌وتنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌ت له‌هه‌ر ره‌فتارێك كه به ناقانونی له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ر چالاكیه‌كی بازرگانی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی یان كه‌سوكاره‌كه‌ی به‌كاربێت.
هه‌ڵگرتنی باجی ده‌رامه‌ت له‌سه‌ر خانوو و زه‌وی نیشته‌جێكردن
له‌ته‌وه‌رێكی تری كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا پێشنیازی گۆرِانكاری یاسای باجی ده‌رامه‌ت په‌سه‌ندكرا كه‌له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریه‌وه پێشكه‌ش كرابوو، به‌پێی ئه‌و گۆرِانكاریه باجی ده‌رامه‌ت له‌سه‌ر خانوو و شوقه‌ی نیشته‌جێبوون و هه‌ر پارچه زه‌ویه‌ك كه رووبه‌ره‌كه‌ی له 800م دوجا زیاتر نه‌بێت، هه‌ڵده‌گیرێت و هه‌ر كه‌سێكیش ده‌توانێ له‌ماوه‌ی پێنج ساڵدا جارێك له‌و به‌خشینه سودمه‌ند ببێت، هه‌روا خانوو و باڵه‌خانه‌و زه‌وی بازرگان‌یش له‌كاتی وه‌رگرتنی باجی ده‌رامه‌ت به‌هاكه‌یان به‌برِی 50% داده‌شكێندرێت، واتا باجی ده‌رامه‌ت ته‌نیا له‌سه‌ر 50%ی به‌هاكه‌یان وه‌رده‌گیرێت.
هه‌ر له‌و گورِانكاریه‌دا له‌كاتی گواستنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی خانوو و زه‌وی له‌ناو ئه‌ندامانی یه‌ك خێزاندا (كورِ و باوك هاوسه‌ر) باجی ده‌رامه‌ت وه‌رناگیرێت.