وتاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان له رێوڕەسمی كردنەوەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر

وتاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان له رێوڕەسمی كردنەوەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر
دوێنێ سێشەممە ئەئامادەبوونی سەرۆك وەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردوگان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیلی كردەوە و، تێید وتارێكی خوێندەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەكەیە:


بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

جەنابی سەرۆكی وەزیرانی كۆماری توركیا بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆگان

ئامادەبووانی بەڕێز

میوانە بەڕێزەكان..

زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لە رۆژێكی وا مێژوویدا جەنابی ئەردۆگان بەشداریمان دەكات و سەردانمان دەكات لە كردنەوەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، كە پێمانوایە ئەمە یەكەمین هەنگاوە بۆ بونیادنانی ژێرخانێكی تۆكمە لەهەموو عێراق و بەتایبەتی لەهەرێمی كوردستان و كلیلە بۆ پرۆژەی گەورەترو بۆ بەرەو پێشبردنی هەرێمی كوردستان و ئێراق بەگشتی.

بەڕێز جەنابی ئەردۆگان..

ئەم سەردانەتان ئەمڕۆ بۆ عێراق و بۆ هەولێر، ئێمە بە ڕووداوێكی مێژوویی دەزانین و ئەمە یەكێكە لەبڕیارە بوێرەكانی جەنابت. ئێمە پێمانوایە ئەم سەردانە پردێكی زۆر تۆكمە دروست دەكات لەپەیوەندی نێوان گەلی عێراق بەگشتی و گەلی كوردستان بەتایبەتی لەگەڵ گەلی توركیا. جەنابتان لەوەتەی كە بەئیرادەی میللەتی خۆتان هاتوونەتە سەر حوكم لەتوركیا، ئێمە شاهیدی گۆڕانكاری زۆر گەورەین و بڕیاری زۆر بوێرانەتان داوە. ئێمە بەڕێزەوە تەماشای ئەو هەنگاوانە دەكەین. پێمانوایە بەم سیاسەتە راستەی بەڕێزتان پێگەی توركیاتان گەیاندە ئاستێكی تر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەكەدا. ئەمڕۆ توركیا لەناوچەكەدا ڕۆڵێكی گەورە دەبینێ، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی حەكیمانەی بەڕێزتان. ئێمە ئومێدەوارین لەهەڵبژاردنی داهاتووشدا ئەمە هەر بەردەوام بێت، چونكە پێمانوایە هەبوونی جەنابتان خزمەتێكی گەورە بەئاشتی و ئاسایشی هەموو ناوچەكە دەكات و خزمەتێكی گەورەش بە میللەتی توركیا و دۆستانی میللەتی توركیاش دەكات.

جەنابتان بیر لەچارەسەری حەكیمانەو ئاشتیانە دەكەنەوە بۆ هەموو گرفتەكان و ئێمەش بەگەرمی پشتیوانی لەو سیاسەتەی جەنابتان دەكەین.

من دەمەوێ لێرەدا سوپاسی كۆمپانیای ماكیۆڵ جەنگیز بكەم كە یارمەتی ئێمەیاندا كە ئەم فڕۆكەخانە جوانەیە دروست بكەین. هەروەها سوپاسی باڵیۆزی بەڕێزتان موراد بەگ لەبەغداو كونسوڵی بەڕێزتان ئایدن بەگ لەهەولێر بكەم، چونكە رۆڵێكی گەورەیان بینی لەزەمینە خۆشكردن بۆ ئەو پەیوەندیە دۆستانەیەی كە دروست بووەو بۆ ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە لێرە پێشوازی لەجەنابتان بكەین.

من بەناوی گەلی كوردستان و بەناوی خۆمەوە بەگەرمی بەخێرهاتنی جەنابت و شاندە یاوەرەكەتان دەكەم و ئومێدەوارم كە ئەمە دەسپێكێك بێت بۆ ئاسۆیەكی تر لەپەیوەندی دوو قۆڵیمان. بێگومان ئەم هەنگاوە خێرو خۆشی دەبێت بۆ گەلی عێراق و گەلی توركیا وبەتایبەتی بۆ هەرێمی كوردستان.

جارێكی تر زۆر بەخێربێن و زۆر خۆشحاڵین بەهاتنتان و سڵاوی خواتان لێبێت.
Top