سروە عەلی جەباری: هەمیشە هەوڵم داوە دەنگی تووشبووانی تالاسیمیا بە بەرپرسان و خێرخوازان بگەیەنم

سروە عەلی جەباری:  هەمیشە هەوڵم داوە دەنگی تووشبووانی تالاسیمیا بە بەرپرسان و خێرخوازان بگەیەنم

 

سروە عەلی جەباری خانمێكی دانیشتووی شاری هەولێرە، وێڕای ئەوەی تووشبووی نەخۆشیی تالاسیمایە و مانگانە خوێن وەردەگرێت، ساڵانێكە خۆبەخشانە كاری كردووە و، خزمەتێكی زۆری پێشكەش بە نەخۆشانی تالاسیما و خاوەن پێداویستی تایبەت كردووە، لەم گفتوگۆیەشیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان زیاتر باسی ژیانی خۆی و چالاكییەكانی دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

سروە عەلی جەباری، خانمێكی تەمەن 30 ساڵەی لەدایكبووی كەركووك و دانیشتووی هەولێری پایتەختە و وەك خۆی باسی دەكات بە هۆی نەخۆشیی تالاسیمیا لە تەمەنی ساواییەوە خوێن وەر دەگرێت، لە بارەی ژیانی خۆیشی بەم جۆرە هاتەئاخافتن: «من خەڵكی كەركووكم و دانیشتووی هەولێرم، تووشبووی تالاسیمیام كە نەخۆشیەكی بۆماوەییە لە تەمەنی چەند مانگیمەوە خوێن وەردەگرم و تا ئێستاش بۆ خوێنوەرگرتن مانگانە سەردانی نەخۆشخانە دەكەم، بەڵام هەرگیز نائومێد نەبووم و، بەردەوام لە پێناوی خزمەتكردن بە نەخۆشانی تالاسیمیا كار و چالاكیم هەبووە. سەرەتای دەستپێكردنم بەكار و چالاكی بۆ چەندین ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، كە لە رێكخراوە و كۆمەڵە خۆبەخشانە كارم كردووە و دەیكەم و كۆڵم نەداوە و بەردەوام هەوڵم داوە بۆخۆم و هاوڕێیانم و كۆمەڵگەكەم..»

نموونەی كار و چالاكییەكانیشی بەم جۆرە خستەڕوو:

«سەرەتا لە رێكخراوی ئەستێرەی منداڵان وەك خۆبەخشیك كارم دەكرد، جێگای دڵخۆشیمە لەماوەی ئەو چەند ساڵە كە لە رێكخراوی ئەستێرەی منداڵان بووم، پرۆڤە و كار و چالاكییەكانم بەڕێوە دەبرد. لەو بوارەدا بۆ منداڵان چیرۆك و شیعرم نووسیوە و دەنووسم، كاردەكەم بۆیان و بەردەوام هەوڵم داوە خەندە بخەمە سەر لێویان، لە چەندین یادیش بەشدار بووم و كاری پیشكەشكاریم كردووە وەك رۆژانی 6/1 رۆژی جیهانیی منداڵان، و 5/8 رۆژی جیهانیی تالاسیمیا، هەوڵم داوە لەم یادانەدا جێ پەنجەی خۆم و هاوڕێیانم بەنمایشكردنی كاری دەستی دیار بێت.»

سروە عەلی وەك خۆی باسی كرد، لە ساڵی 2013 خۆی بۆ كومەڵەی تالاسیمیا لە هەولێر كاندید كردووە و، پلەی سێی بەدەست هێناوە و بووەتە ئەندامی دەستەی كارگێڕی لە بەشی راگەیاندن ماوەی حەوت ساڵ زیاتریشە كە ئەندامی كۆمەڵەی تالاسیمیایە لە بەشی راگەیاندن و سەرپەرشتیاری گرووپی منداڵانی خۆبەخشی تالاسیمیا بووە، هەر لەوبارەیە دەڵێت: «هەمیشە هەوڵم داوە دەنگی تووشبوان بە بەرپرسان و خواپێداوان و خێرخوازان بگەیەنم، هەر لەو بوارە بە دروشمی(خۆپاریزی باشترە لە چارەسەری) بۆ زیاتر هۆشیاركردنەوەی تاكەكانی كۆمەڵگە، هەوڵمدا لەگەڵ چەندین دكتۆری بەڕێز چەندین سیمیناری خۆبەخشانەمان لە زانكۆ و پەیمانگاكان و ئامادەییەكان پیشكەش بكەین، بۆ هۆشیاریدانی زیاتر بە مامۆستا و قوتابیان و هاونیشتمانیان، سەبارەت بە نەخۆشییە بۆ ماوەییەكان بەتایبەت (تالاسیمیا)، لە چەندین بواری دیكەش كارم كردووە. لەوانە:

هەوڵم داوە لە پرسە نیشتمانییەكان دەنگم هەبێت و لە كاری كەمپیینەكان بۆ برا و خوشكانی ئاوارە كارم كردووە، لە ساڵی 2018 گرووپێكی كاری دەستیم دانا، بۆ كۆكردنەوەی دەستڕەنگینەكانی تالاسیمیا و خاون پێداویستییەكان كە خۆم سەپەرشتیی گرووپەكە دەكەم و بەپێی توانا هەوڵم داوە و دەیدەم، هەلی كاریان بۆ بڕەخسێنم لە شوێنە گشتییەكان وەك پارك و مۆڵەكان دەستڕەنگینیی ئەم توێژەی كۆمەڵگە نمایش بكەین بۆ هانیشتمانیان ولە هەمان كاتیش دەیفرۆشین و، داهاتەكەی بۆ بژێوی خۆیان دەبێت. پاش ساڵێك لە دانانی ئەم گرووپە لەسەر داوای زۆریك لە هاونیشتمانیان گرووپێكی دیكەم دانا بە ناوی (گرووپی هاوبەش) كە لە گەنجان و ئافرەتان و خاون پێداویستییە تایبەتەكان پێك هاتووە، ئەندامانی هەردوو گرووپیش نزیكەی 150 كەسن، تا ئیستا زیاتر لە 60 پیشانگامان كردووەتەوە و لە شەش فیستیڤاڵ و یەك پیشانگای نێودەوڵەتی لە هەولێری پایتەخت بەشداریمان كردووە.

سروە عەلی ئامانجەكانی بەمجۆرە دەستنیشان دەكات:

یەكەم: بە دروشمی «خۆپاراستن باشترە لە چارەسەركردن» هەوڵ دەدەم بۆ كەمكردن و رێگریكردن لە زیادبوونی رێژەی تالاسیمیا، ئەوەشی تووش بووە، هەوڵ دەدەم ببمە ئومێد و هیوای زیاتری پێ بدەم، ئەم كارانەشم لە رێی هۆشیاركردنەوە دەبێت.

دووەم: وەك سەرپەرشتیارێكی گرووپی منداڵانی تالاسیمیا ئامانج لە دانانی ئەو گرووپەش بۆ ئەوە بوو هاوكاریی كۆمەڵە و تیمی گەڕۆكی بانكی خوێن بكەم و، لە فیستیڤاڵەكانی رۆژی جیهانیی منداڵان و تالاسیمیا بە سروود و هەڵپەڕكی و نووسینی كورتە شانۆگەری بەشداریمان كردووە.

سێیەم: هەوڵ دەدەم وەك نەخۆشێكی تالاسیمیا ببم بە پردێك بۆ هاوڕێیان و كۆمەڵگەكەم و بۆ بەدیهێنانی هیوا و ئاواتەكان، كۆڵیش نەدەین ئەگەر ژیان هەر چۆنێك بێت.

چوارەم: ئامانج لە دانانی گرووپەكانی كاری دەستی دەرخستنی تواناو دەستڕەنگینی خۆم و هاوڕێیانم بووە، لە هەمان كاتدا كارەكان بفرۆشرێت و هەركەس كاری ببێتە خاوەن داهاتی خۆی .

سروە عەلی سەبارەت بە ئاستی خوێندنی خۆی و وەرگرتنی بڕوانامە، ئاماژە بەوە دەكات كە كۆسپی زۆری لە بەردەم بووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش درێژەی بە خوێندن داوە و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «لە ئیستادا پۆڵی 12 وێژەییم و لە خوێندنیش بەردەوام دەبم، خۆشبەختانە هەوڵم داوە قوتابی و كەسێكی چالاك بم بۆ قوتابخانە و هاوڕێیانم، لە كارەكانیشمدا بەردەوام دەبم و هەوڵ دەدەم كاتێكی خۆش بۆخۆم و چوار دەورم دروست بكەم».

 

 

Top