شیرین کۆکار هونەرمەند و شاعیر: عاشقی رەنگ و وشەم

شیرین کۆکار هونەرمەند و شاعیر: عاشقی رەنگ و وشەم

هونەرمەند و شاعیر خاتوو شیرین محەمەد عەلی ناسراو بە (شیرین كۆكار)ساڵانێكە لە بە هونەری شێوەكاری و لە بواری شیعر نووسین سەرقاڵە خاوەنی چەندین پیشانگەی هاوبەش و تایبەتییە هەردەم سروشتی جوانی كوردستان بۆتە سەرچاوەی تابلۆكانی،حەزێكی زۆری بۆ هونەر هەیە. بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە كاروچالاكییەكانی بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردوە.

هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

*پێمان باش بووسەرەتا لەرێگەی سیڤی هونەری زیاترخۆتان بەخوێنەرانمان ئاشنا بكەیت؟

-من ناوم (شیرین محەمەد عەلی)یە نازناوم شیرین كۆكارە لەساڵی 1970 لە شارۆچكەی پێنجوێن لە دایك بووم،پەیمانگەی مەڵبەندی مامۆستایانم تەواو كردوە بەشی هونەر، وەكو كاری هاوبەش ساڵانە لەچالاكی قوتابخانەكان، بەپۆستەر و بڵاوكراوە بەشداری پیشەنگەی هاوبەشم كردوە لە هەموو چالاكییەكان ئامادەبوونم هەبووە،جیاوازی من لەگەڵ هونەرمەندانی شێوەكار،من تێكستی شیعری لەسەر تابلۆكانم دەنووسم.

شیرین کۆکار هونەرمەند و شاعیر: عاشقی رەنگ و وشەم

* هاوكاری وپاڵپشتی،بۆ هەموو كەسێك لە هەر بوارێك بێت پێویستە، ئەو كەس ولایانە كێن هاوكاری و پاڵپشتی بەڕێزتان بوون؟

- بەداخەوە هیچ كەس و لایەنێك هاوكارم نەبووە لە ئەنجامدانی سەرجەم چالاكییەكانم،هەمووی لەسەر ئەركی خۆم بووە،چونكە حەزوخولیایەكی زۆرم بۆ هونەری هەیە.

* تائێستا خاوەنی چەند پیشانگەی تایبەتی و هاوبەشی؟

- سەبارەت بە پیشانگەی هاوبەش، لەگەڵ هونەرمەندان بەشداری (10) پیشانگەی هاوبەشم كردووە، بەڵام لەسەر ئاستی چالاكی هونەری تاكەكەسی لە ساڵی 2014 دەستم بە كاری نیگاركردنی تابلۆكردن كردوە بەمەبەستی كردنەوەی پیشانگەی تایبەتی خۆم،هەر بۆ ئەم مەبەستت لە رێكەوتی 7-7-2018 كە رۆژی لەدایك بوونمە یەكەمین پیشانگەی تایبەتی خۆم كردەوە،وە 27-9-2019 دووەمین پیشانگەی تایبەتی خۆم كردەوە، و لە18-8-2018 لە شاری پێنجوێن بە 22تابلۆ لە فیستیڤاڵی زانستی مفتی پێنجوێنی كرد، پێشانگایەكەم كردوە.

لەپیشانگای تایبەتی دووەمم لەژێر ناوی (شیعرو نیگار لە ئامێزی شیرین دابوو) لەسەر هەموو تابلۆكانم تێكستییان لەسەر بوو،سەرنجی زۆری لەبینەرانی بۆخۆی راكێشابوو، چونكە زۆربەی تابلۆكان و تێكستەكان لەگەڵ یەكتری دەگونجان.

شیرین کۆکار هونەرمەند و شاعیر: عاشقی رەنگ و وشەم

* بەڕێزتان لەپاڵ هونەری نیگار كردن، شیعریش دەنووسن ئەگەری باسی ئەو بوارەش بكەیت؟

- ئەوەی راستی بێت پێش ئەوەی دەست بە كاری هونەری بكەم، سەرەتای دەستپێكردنی نووسینم دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 2010 وە زۆربەی تێكستەكانم عاشقانەیە گوزارشت لەو روداو و دابڕانانە دەكات كە بەسەر عاشقەكان داروودەدات،هەر لەسەر ئەو بابەتەش زۆر كەس پرسیاری ئەوم لێدەكەن كە من عاشقم؟ لەوەڵاما دەڵێم، نەخێر عاشق نیم بەڵام من عاشقی رەنگەكانم عاشقی وشەكانم بەڵام من بۆعاشقەكان دەنووسم بۆ ئەو كەسانەی ناگەن بەیەك.

 * زیاتر لەكام قوتابخانەی شێوەكاری كار دەكەیت؟

-من زیاتر لەسەر قوتابخانەكانی سروشتی و تەعبیری تابلۆكانم دەكەم.

 *بەكام لە هونەرمەندانی كوردستان سەرسامی،یاخود كاریگەریان لەسەر تۆ هەیە؟

- من حەزێكی زۆرم بۆ هونەر هەیە، هەموو هونەرەكانم خۆش دەوێت،بەشانۆ و موزیك و سینەما و شێوەكاری،خۆشبەختانە من خۆم لە شێوەكار دۆزییەوە لەهەمان كاتدا سەرسامیشم بە كاری هەموو هونەرمەندێك.

* بابەتی تابلۆیەكانت لە چییەوە سەرچاوە دەگرن؟

سەرچاوەی تابلۆكانم زۆرن،وەكو سروشت هەندێك جاریش تێكستی شیعرێكم كردوە بە تابلۆ جاریش وایە بیركردنەوەی خۆتە یان روداوێك دەبێتە سەرچاوەی تابلۆكانم.

* ئاستی هونەری شێوەكار بەگشتی و ئاستی شێوەكارانی ئافرەت چۆن دەبینی؟

- ئاستی هونەری شێوەكاری لەئاستێكی بەرزدایە،بەشانازیەوە ساڵانە چەندەها پیشانگەی تایبەتی و هاوبەشی دەكرێتەوە بۆ هونەرمەندان و ئافرەتی هونەرمەندی بەتوانامان هەیە، ئاستییان زۆر بەشە كارەكانیان ماییەی رێزن.

* پێتان وایە هونەرمەندی بەهرەمەند پێویستی بە خوێندنی ئەكادیمی هەبێت؟

-هونەر سنووری نییە ئاكادیمی بێت، یان ئەكادیمی نەبێت چەندەها هونەرمەندمان لەبواری موزیك، شانۆ، شێوەكاری هەیەخاوەن ئاستێكی بەرزن لە هونەر وەكو قوتابخانەی هونەری وان،بێ ئەوەی دەرچووی ئەكادیمیا یان پەیمانگەی هونەری بن.

* پرۆژەی نوێتان هەیە؟

- لە ئێستادا خۆم ئامادە دەكەم بۆكردنەوەی پیشانگەی تایبەتی.

Top