مانگی پیرۆزی ڕەمەزان مانگی خوداپەرستی و خۆشەویستی و پاراستنی یەكڕیزییە

مانگی پیرۆزی ڕەمەزان  مانگی خوداپەرستی و خۆشەویستی و پاراستنی یەكڕیزییە

 

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان. بە بۆنەی هاتنەوەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی كوردستان دەكەم، لە خوای گەورە داواكارین خوداپەرستیمان قبووڵ بكات و، ئەم مانگە پیرۆزە ببێتە خێر و خۆشی و ئاسوودەیی و بەختەوەری بۆ هەموو لایەك و، ببێتە مایەی پتەوكردنی زیاتری ڕیزەكانمان و نزیكبوونەوەی زیاترمان لە خودای گەورە و میهرەبان و ئاوەدانكردنەوەی مزگەوت و ماڵەكانمان.

مانگی ڕەمەزانی پیرۆز مانگی ئاسوودەیی دەروون و پاڵنەری چاكە و خێر و گەڕانەوەیە لە تاوان و قبووڵكردنی تەوبەیە. لەم مانگەدا ئەرك و ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە خوداپەرستی و ئیشی چاكە و چاندنی تۆوی ئاشتی و یەكڕیزی و خۆشەویستی زۆر گرنگە. دڵنیام مامۆستایانی ئایینی هەروەك چۆن لە ڕابردوودا پێشەنگ بوون لە وشیاركردنەوەی تاك و كۆمەڵگەدا، هەر بەو نەفەسی خوداپەرستییەوە ژینگەیەكی ئارام و پڕ لە بەختەوەری و خوداپەرستی بە باشترین شێوە بۆ موسڵمانان بەڕێوە دەبەن. لە كاتێكدا موسڵمانانی كوردستان لەم مانگە پیرۆزەدا خوداپەرستی دەكەن و زیاتر ڕوو لە مزگەوتەكان دەكەن، زۆر گرنگە زیاتر هانی موسڵمان بدرێت بۆ كاری چاكە و خێر و بەخشندەیی.

 لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا موسڵمانان لە مزگەوت و ناو ماڵەكان زیاتر لە یەكتر نزیك دەبنەوە و، زیاتر هەست بە ئازار و مەینەتییەكانی یەكتر دەكەن و، دڵنەوایی و ڕێز و خۆشەویستی پێشكەشی یەك دەكەن. لەم مانگە پیرۆزەدا موسڵمانان زیاتر ڕوو لە خێر و سەدەقە و هاوكاری و یارمەتیدانی یەكتر دەكەن، ئەمەش دەبێتە هۆكارێك بۆ زیاتر نزیكبوونەوە و ڕێزگرتن لە یەكتر و هەستكردن بە ئازار و مەینەتییەكانی یەكتر. پێغەمبەرمان دروودی خودای لەسەر بێت، پێمان دەڵێت: لە مانگی ڕەمەزاندا ئەگەر هەر هیچ شتێكت دەست نەكەوت پێشكەشی برا موسڵمانەكەتی بكەیت، بە پارچە خورمایەك هاوكاریی براكەت بكە، بۆ ئەوەی خۆشەویستیی ئەو بەدەست بهێنیت، بۆیە پێویستە هەمووان دەستی هاوكاری و كۆمەك و بەهاناوەچوونی هەژاران درێژ بكەین.  لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا موسڵمانان زیاتر فێری ڕێزگرتن لە كات و یاسا دەبن و، بە یەك (الله اكبر) هەمووان پێكەوە دەستبەرداری خواردن و خواردنەوە دەبن و بە (الله اكبر)ێكیش لە ئێوارەدا دەست بە خواردن و خواردنەوە دەكەنەوە.

ئەمساڵ كە لە ڕۆژەكانی سەرەتای مانگی ڕەمەزانی پیرۆزداین، دوای ئەوەی سوپاس بۆ خودا شوێنەوارەكانی پەتای كۆرۆنا لە سەرمان كەم بووەتەوە، مامۆستایانی ئایینی بەراورد بە دوو ساڵی ڕابردوو باشتر دەتوانن بە ئەرك و پەیامی خوداپەرستیی خۆیان هەڵسن و، ڕیز و تەبایی موسڵمانان بپارێزن.

ئێمە لە یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بەرنامەیەكی چڕ و فراوانمان لەم مانگە پیرۆزەدا داناوە، بۆ خزمەتكردنی موسڵمانان لە بەجێگەیاندنی ئەركی خوداپەرستی و عیبادەتیاندا، هەروەكو چۆن داوامان لە وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان و پارێزگارەكان و بەرپرسانی یەكە ئیدارییەكان كردووە، چاودێری و بەدواداچوونی توندی بازاڕ بكەن و، ڕێگە نەدەن كەسانێك هەڵكشانی خواستی پێداویستییەكانی موسڵمانان بۆ خواردن و خواردنەوە و كەلوپەلەكان بقۆزنەوە و، بە نایاسایی و ناشەرعی قازانجێكی زۆر لەسەر حیسابی موسڵمانان و ئەم مانگە پیرۆزە بكەن. ئێمە وەكو زانایان و مامۆستایانی ئایینی هەرگیز لە دژی ئەوە نین برایەكی بازرگان و كاسبكار و پیشەوەرێك قازانج نەكات، بەڵام لەسەر حیسابی موسڵمانان و گرانكردنی بازاڕ نەبێت. داوامان لە مامۆستایانی ئایینی كردووە موسڵمانان هان بدەن لەم مانگەدا و، لە دوای مانگی ڕەمەزانی پیرۆزیش لە قۆرخكاری و گەمەكردن بە كاڵا و نرخەكان دوور بكەونەوە، بڕواشمان بە موسڵمانانی كوردستان زۆرە كە ڕەچاوی دۆخ و گوزەرانی خەڵكی بكەن و، ڕێگە نەدەن بۆ بەدەستهێنانی قازانجێكی كەم و كاتی زیان بە پاداشتی خوداپەرستی و دینداری و تاعەتكردنیان بگەیێنن و، بەدەستهێنانی ئەو هەموو ڕەحم و بەزەیی و بەخشندەیی و میهرەبانییەی خودای گەورە لەم مانگە پیرۆزەدا لە دەست بدەن.

هەر لەم بۆنەیەدا داواكارم لە حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كە لەم مانگە پیرۆزەدا، دەستی هاوكاری و تەبایی بۆ یەكتر درێژ بكەن و، كێشەو گرفتەكانی نێوانیان بەلاوە بنێن و، هەموو پێكەوە خزمەتی ئەم میللەتە بكەن، پاراستنی كیانی كوردستان و ئەزموونەكەی، یەكێكە لە ئەركە ئایینی و شەرعییەكانمان و خودای گەورەو میهرەبان و پێغەمبەرمان درودی خوای لەسەر بێت داوامان لێ دەكەن خزمەتی موسڵمانان بكەین و، ئاشتی و تەبایی و پێكەوەژیان و لێبووردەیی بپارێزین، ئەمەش بە پاراستنی یەكڕیزی و تەبایی نێوانمان دەبێت، بەتایبەتی لە بەغدا كە لە ئێستادا میللەتەكەمان بە هۆی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی عێراق و بوونی كێشە و دووبەرەكییەوە لە قۆناغێكی هەستیاردان.دووبارە لە خوای مەزن نزاكارم نوێژ و ڕۆژوو و عیبادەتی هەمووان قبووڵ بكات و، ئەم مانگە پیرۆزە ببێتە مانگی خێر و خۆشی و تەبایی و یەكڕیزی .

Top