پەیامی ئەنجومەنی سەرکردایتیی کەرکووک -گەرمیان بەبۆنەی ٣٤- مین ساڵیادی ئەنفالی بادینان

پەیامی ئەنجومەنی سەرکردایتیی کەرکووک -گەرمیان بەبۆنەی ٣٤- مین ساڵیادی ئەنفالی بادینان

لە بەردەوامیی تاوانەکانی ڕژێمی بەعس و بەردەوامیی جینۆساید دژ بە گەلی کوردستان، لە ٢٥-٨-١٩٨٨ تاکو ٦-٩- ١٩٨٨ لە ڕۆژانی وەکو ئەمڕۆ ڕژێمی تاوانکار لە سەر بیری دڕندانەی بەردەوام بوو و، شاڵاوی ئەنفال بەشێکی زۆری لە ناوچەی بادینانی گرتەوە بەو نیازەی گەلی کورد بە تەواوی لە کوردستانی باشور لەناوبەرن!

ئەوە بوو بە کردەوە دەرکەوت کە ھیچ ھێز و ڕژیمێك ناتوانێت بە توندوتیژی و بیری شۆڤینی گەلێك بەتەواوەتی لە ناوببات و بۆی بچێتە سەر!!

ھەر ئەو تاوانکارانە بوون بەو کردەوانەیان سووك و ڕسوا بوون و تا ئەبەد بە ڕووڕەشی و بەدناوی لە مێژوودا دەمێنن.

گەلێکیش، وەکو گەلی کوردستان، باوەڕی بە خۆی و دادپەروەریی پرسەکەی ھەبێت و، لە تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی مافی ڕەوای خۆی بەردەوام بێت، ھەرگیز لەناو ناچێت و سەربەرز و شکۆدار بە سەربەرزی لە مێژوودا دەمێنێت.

ھەر لەم یادە غەمگین و کارەساتبارە سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەھیدانی ئەنفال و کیمیابارانی کوردستان و گشت شەھیدانی کورد و کوردستان.

سڵاو بۆ ڕوحی پاکی بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی ھەمیشە زیندوو

سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان

دکتۆر کەمال کەرکوکی
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی
کەرکووک - گەرمیان
٢٥-٨-٢٠٢٢

Top