باڵا ئاكۆ: زۆر ئاسوودەم كە لە دابینكردنی بژێویی ژیانمان یارمەتیی هاوسەرەكەم دەدەم  

باڵا ئاكۆ:  زۆر ئاسوودەم كە لە دابینكردنی بژێویی ژیانمان یارمەتیی هاوسەرەكەم دەدەم   

 

لە هەزارەی سێیەمدا لەگەڵ ڕەوت و پێشكەوتنەكانی سەردەم، بزاڤ و جووڵانەوەی خانمان وەرچەرخانێكی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، خانمانی كوردستانیش وەك هەمیشە لە هەوڵ و كۆششكردن پێشەنگ بوون و ڕچەشكێنییان كردووە. باڵا ئاكۆ خانمە دەستڕەنگینێكی بە سەلیقەی شاری كۆیەیە، دوای تەواوكردنی قۆناغی زانكۆ، لە بری ئەوەی چاوەڕێی دامەزراندن و دەرفەتی كار لە كەرتی گشتیدا بكات، هەوڵی خۆپێگەیاندن دەدات و ئەو بەهرە و توانایەی كە هەیەتی لە بواری دەستڕەنگینی دەیخاتەگەڕ. لە دیدارێكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان هێما بۆ هەنگاوەكانی خۆپێگەیاندنی دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

باڵا ئاكۆ وەك خۆی باسی كرد، دانیشتووی شاری كۆیەی باشووری كوردستانە و ماوەی پێنج ساڵە خوێندنی زانكۆی تەواو كردووە. سەبارەت بە چۆنیەتی تێكەڵبوونی بە بازاڕی كاریشس دەڵێت : «هەر لە منداڵییەوە ئارەزووی كاری دەستیم دەكرد، شتی زۆر و جۆراوجۆرم درووست دەكرد. دوای تەواوكردنی خوێندنی زانكۆم، بیرم لەوە كردەوە كارێك بكەم، تایبەت بێت بە خۆم و بەرهەمی دەستڕەنگینیمی تیدا دەربخەم، بۆیە بریارم دا كار بكەم و دەستم بە كاركردن كرد. سەرەتا تەنیا بە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیا خۆم بە تەواوی لە بواری خواستی خۆم فێركرد و دواتر پەرەم پێ دا و پەیجم دانا. كەلوپەلەكانی ئێمە تابلۆیە زیاتر بە شێوەی ڕۆژمێر، ئینجا بۆ ڕۆژی لەدایكبوون، بۆ زەواج، یان هاوڕێیەك بۆ هاوڕێیەكەی دەیكات بە دیاری، یان بۆ منداڵان كە تازە لەدایك دەبن، كێش و باڵا و گشت تایبەتمەندیی لە دایكبوونی منداڵەكە دەنووسرێت، یان هەیە قورئانی پیرۆزی بۆ دەنووسین، زۆر بابەتی دیكە بە ئارەزووی كەسەكە دروست دەكەین، كاتژمێر دروست دەكەین و سەر مێزی نانخواردن شتی دیكەش بە شێوازی چنین، یان ئەتەمین دروست دەكەین».

باڵا ئاكۆ زۆر خولیای ئەوە بووە ببێتە وانەبێژ، بەڵام بۆی نەكراوە، هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «كاتێك نەمتوانی ببمە وانەبێژ، لە ساڵی ٢٠٢٠ دەزگای ڕوانگە خولێكیان كردەوە، بۆ ماوەی مانگێك كە لە بارەی كاری سەربەخۆ بوو، لەوێ بەشداریم كرد و سوودێكی زۆر باشم لێ بینی، دواتر پڕۆژەكەم پێشكەش كرد و توانیم پلەی یەكەم بەدەست بهێنم و پێشینەیەكیان داینێ بایی ٢٠٠٠ دۆلار كە زۆر سوودی بۆ من هەبوو.

بێگومان خێزانەكەشم پشتیوانم بوون و زۆر یارمەتیان داوم و زۆر سوپاسیان دەكەم».

سەبارەت بە ڕازیبوونی لە كارەكەشی گوتی: «اكاركردن لە كۆیە لە ئاستێكی زۆر باش نییە لە چاو شارەكانی دیكە، زۆربەی داواكارییەكان هی دەرەوەی شارەكەن، بەڵام بەرەوپێشچوون لەم شارەش هەیە، خۆشبەختانە چەندین كچ وەكو من ئێستا لە كۆیە خاوەنی كاری خۆیانن، ئینجا بە ئۆنڵاین، یان لە دووكان خاوەنی داهاتی خۆیانن».

باڵا ئاكۆ لەوە دڵخۆشە كە بە كارەكەی خاوەن داهاتە و هاوكاریی هاوسەرەكەشی دەكات، هەر لەو بارەیەوە گوتی: «زۆر ئاسوودەم كە دەتوانم ئەگەر كەمیش بێت، بۆ دابینكردنی بژێویی ژیانمان یارمەتیی هاوسەرەكەم بدەم، بێگومان داهاتمم بڕێكی زۆر نییە، بەڵام هەر باشە كە بێ كار نەبین و شتێك بكەین و سوودی بۆ كۆمەڵگە و خۆشمان هەبێت».

سەبارەت بە پلانی داهاتووشی گوتی: «لە داهاتوودا پەنا بەخوا هەوڵ دەدەم پڕۆژەكەم گەوەتر بكەم و هەلی كاریش بۆ خانمان بڕەخسێنم. حەز دەكەم بە تەواوی كۆمەڵگەی خۆم بەم بەرهەمە كوردییانە ئاشنا بكەم و هیوادارم خەڵك لە جیاتی بەرهەمی بیانی، گرنگیی زیاتر بە بەرهەمی خۆمانە بدەن. بە خۆشحاڵییەوە ئێستا خەڵك بە كاری دەستی ئاشنان و گرنگی پێ دەدەن».

وەك دواوتەشی گوتی: «پەیامی من بۆ خانمان ئەوەیە كە متمانەیان بە خۆیان هەبێت و هەوڵ بدەن خاوەن داهاتی خۆیان بن، بۆ ئەوەی ژیانێكی باشتریان هەبێت. ئێستاش زۆر باشترە لە چاو ساڵانی پێشوو، كە خانمی گەنجی وەكو من دوای تەواوكردنی خوێندن دەست بەكار دەكەن، بەڕاستی زۆر دڵخۆشكەرە و هیوادارم  ڕێژیان زیاتریشس ببێت».

 

Top