مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆچی دوایی هەڤاڵی تێكۆشەر (حەمید ئەفەندی) ڕادەگەیەنێت

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆچی دوایی هەڤاڵی تێكۆشەر (حەمید ئەفەندی) ڕادەگەیەنێت

 

بە داخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی کەسایەتیی تێكۆشەر و فەرماندە و خەباتکاری دیاری گەلەکەمان و هەڤاڵ و سەرکردەی ماندوونەناسی پارتیمان (حەمید ئەفەندی) ڕادەگەیەنین، کە بەھۆی نەخۆشییەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ ١٧ـی شوباتی ٢٠٢٣، دوا ماڵئاوایی لێکردین.
بە خەمناكییەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادە تێكۆشەرەكەیان و جەنابی سەرۆك بارزانی و جێگرانی سەرۆکی پارتیمان و سەرجەم ھەڤاڵانی کۆمیتەی ناوەندی و پێشمەرگە و کادیر و ئەندامانی پارتیمان و هاوڵاتییانی كوردستان دەكەین.

هەڤاڵی خوالێخۆشبوو (حەمید ئەفەندی) لە ساڵی ( ١٩٣٤) لە خێزانێكی ناسراوی دەڤەری برادۆست و سیدەکان لە دایكبووە، كەسایەتییەكی خەباتکار و ناسراوی گەلەكەمان بووە، كە هەموو تەمەنی خۆی و خانەوادەكەی لە خەبات و تێكۆشان لە ڕیزی پارتیمان و لە پێناو گەلەكەی و دۆزە ڕەواكەی تەرخان كرد.
لەساڵی(١٩٥٧) پەیوەندیی بە ڕیزەكانی پارتییەوە كردووە، دواتر لە ساڵی (١٩٦١) پەیوەندیی بە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولەوە دەکات و لە ماوەی خەباتی بێ وچانیدا بەشداری چەندین داستان و قارەمانێیەتی کردووە و چەند جارێکیش لە پێناو بەرگریکردن لە کوردستان و رێبازە پیرۆزەکەی برینداربووە و لە مەرگ گەڕاوەتەوە.
هەڤاڵی ناوبرا وەک پێشمەرگەیەکی چاونەترس و دڵسۆز و فەرماندەیەکی ناسراو و کارزان لە ژیانی پارتایەتی و خەباتدا بە دەیان لێپرسراویەتی لە ئەستۆ گرتووە و بەوپەڕیی دڵسۆزییەوە بەئەنجامی گەیاندوون.

هەڤاڵی خوالێخۆشبوو (حەمید ئەفەندی) لە كۆنگرەی نۆیەمی پارتیمان لە ساڵی (١٩٧٩) بەئەندامی یەدەگی كۆمیتەی ناوەندی و دواتر لە کۆنگرەی دەیەم لە ساڵی (١٩٨٩) بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان هەڵبژێردراوە.
ھەڤاڵی کۆچکردوومان هەڵگری میدالیای بارزانی و جێگای باوەڕی جەنابی سەرۆک بووە و، جگە لە بەشداریکردنی لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان، ڕۆڵێکی بەرچاویشی لە ڕاپەڕینی ئاداری ساڵی (١٩٩١)ی گەلەکەماندا هەبووە و دوای راپەڕین و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی كوردستانیش پێگەی دیاری هەبووە و چەندین ئەرک و بەرپرسیاریەتی بەو پەڕیی دڵسۆزییەوە بە جێگەیاندووە، لەوانە پۆستی وەزیری پێشمەرگە.

دووبارە بە ناوی خۆمان و ھەڤاڵانی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان دووپات دەكەینەوە و ئومێدەوارین خانەوادەی تێكۆشەری خوالێخۆشبوو (حەمید ئەفەندی) لە خەم و ئازار و كۆستی دیكە بە دوور بن و، لە خودای گەورە داواکارین ڕۆحی پاکی هەڤاڵی كۆچكردوومان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات.

مەكتەبی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
١٧ـی شوباتی ٢٠٢٣

Top