نـــوێـكـردنەوەی پەیمان لەگەڵ بارزانیی نەمر بۆ خزمەتكردن و فریاگوزاریی مرۆیی

نـــوێـكـردنەوەی پەیمان لەگەڵ بارزانیی نەمر بۆ خزمەتكردن و فریاگوزاریی مرۆیی

مستەفا بارزانی(1903-1979)، ڕابەری ڕۆحی و نەتەوەیی و گەورە پلان دانەر و هاندەر و پشتیوانی تەبایی و پێكەوەژیانی گشت نەتەوە و شوێنكەوتووانی هەموو ئایین و ئایینزاكان، هەم لەدایكبوونی ئەستێرەیەكی درەوشاوە بوو لە ئاسمانی دەستەبەری ماف و دۆزی میللەتەكەیدا، هەم هەموو تەمەنی لە پێناوی گەلەكەیدا بەخت كرد، هەم دوای كۆچی دواییشی، ڕێبازی گەورە و پەیامی بەرفراوانی مرۆیی بۆ كۆمەڵگەی جیهانی بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی بەجێهێشت.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ لە ئەستۆگرتنی پەرەپێدان بە یەكێك لەو پەیامانەی بارزانیی نەمر دامەزراوە، كە فەرموویەتی: "شانازییه بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت".
شكۆمەندیی مستەفا بارزانی لای هەموو پێكهاتەكانی كوردستان(بە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزایەكەوە) وای كردووە، ساڵانە چ لە ڕۆژهاتی لەدایكبوونی، چ لە ساڵوەگەڕی ژیان ئاوابوونیدا، تەنانەت لە ڕۆژانی ئاساییدا چین و توێژەكانی كوردستانی و بیانی، هەروەها ژمارەیەك لە دیپلۆماتكاران و سەركردە و بڕیارسازانی سیاسەتی حكوومیی دەوڵەتان، سەردانی گڵكۆی مەزاری نەمران لە بارزان بكەن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەزگایەكی ناسیاسی و ناحكوومییە و لە دوای دامەزراندنیەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە بەرنامەی پێشكەوتووتر و لە پڕۆژە و سێكتەری جۆراوجۆردا خزمەتی بەو كەسانە كردووە كە پێویستیان بە هاریكاری بووە.
هەڵمەت و چالاكییەكانی فریاكەوتن و فریاگوزاری و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ ئاوارە، پەنابەر و پەناخوازان، لێقەومانی كارەساتەكانی ئاگركەوتنەوە و لافاو و عەردهەژێن(بوومەلەرزە)، سنووری چەندین وڵاتی جیهانیان بڕیوە.
هەر لە ساڵی ڕابردوو(2022) لە پڕۆژەیەكدا 420 یەكەی نیشتەجێبوونی بە سەر خانەوادەی سەربەرزی شەهیداندا دابەش كرد. هەر لەو ساڵەدا زیاتر لە 17،000 منداڵی لە پڕۆژەی ئازیزان (منداڵانی بێ باوك)دا، بە پێدانی مووچە و دابینكردنی جلوبەرگ و خۆراك و تەنانەت گەشت و سەیران دڵخۆش كردووە.
لە سێكتەری پەروەردە و وەبەرهێنان و پەرەپێدان، زیاتر لە 180 چالاكیی جۆراوجۆری هەبووە، جگە لە دروستكردنی چەند ناوەندی خوێندن، 203 قوتابخانەی لە باشووری كوردستان بە كوركووك و مووسڵیشەوە نۆژەن كردەوە.
ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی(BCF)، هەر لە ڕۆژی ڕوودوای عەردهەژێن و كارەساتی بوومەلەرزەكان لە توركیا و سووریا (6/2/2023)، تیمەكانی فریاكەوتنی خۆی خستە ئامادەباشی و بە خێرایی ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەكانی كردن.
لە دەستپێكی هەڵمەتی فریاكەوتنی تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە توركیا و باكووری كوردستاندا، جگە لە دابینكردنی خۆراك، جلوبەرگ، گەرمكەرەوە و خێوەت بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە، ستافی پسپۆڕی پزیشكی و دەرمانیش بۆ چارەسەری برینداران دابین كرا.
هاوكات دەزگای كاره‌سات و دۆخه‌ له ‌ناكاوه‌كان له‌ توركیا(ئافاد)، ئاسانكاری بۆ تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد، بۆ ئەوەی بە هانای قوربانییانی بوومەلەرزەكانی ڕۆژئاوای كوردستانیشەوە بچن و لەوێش بتوانن زیاتر ھاوکاری بە لێقەوماوان بگەیێنن و لە گەیاندنی پەیامی مرۆڤایەتی و خزمەتکردن بەردەوام بن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی یەکەمین ڕێکخراوی جیھانی بوو، ھاوکاری بە شاری عەفرین گەیاند. جگە لە فریاكەوتن و خزمەتگوزاری بۆ زیانبەركەوتووانی بوومەلەرزەكان و پێشكەشكردنی خواردەمەنی و ژەمە خۆراكی گەرم، زیاتر لە 500 خێوەتیان لە ڕێگەی موختاری گوندەكانەوە بۆ خەڵكی لێقەوماوی گوندەكانی سەربە عەفرین دابین كرد. هەروەها ڕێككەوتی 22/2/2023 لە سەمسوور کەمپێکی بۆ خێزانە زیانبەرکەوتووەکانی بوومەلەرزە دروست كرد.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە كەمتر لە ماوەی كەمتر لە دوو مانگدا (6/2/2023 تا 25/3/2023) ئەم خزمەتگوزارییانەی لە(دیاربەكر، مەلاتیا، ئورفا، مەڕەش، سەمسوور، دیلۆك، ئەدەنە و عەفرین) پێشكەش كردووە:

ژەمە خۆراكی گەرم: 215,263
خواردنی وشك: 32,370
خواردنی خێرا: 23,154
خێوەت: 4,286
سۆپا: 9,324
خەڵووز (رەژوو): 27،000 كیلۆ
پارەی كاش: £ 500،000 پاوند
جلوبەرگ : 7,071
شیری منداڵ: 9,690
سێتی ئاو: 50,105
بەتانی و دۆشەك: 49,745
ئامێری بیناسازی: 100
دەرمان بۆ نەخۆشخانەی عەفرین: 4،000 كیلۆ
هاوكاری و چارەسەری پزیشكی: 12,917
ژمارەی خێزانی سوودمەند: 358,215 خێزان بوون، كە لە هەر یەك لەم شارانەدا بەمجۆرە بووە:
دیاربەكر: 88,510 خێزان
مەلاتیا: 6،580 خێزان
ئورفا: 11,536 خێزان
مەڕەش: 108,327 خێزان
دیلۆك: 35،440 خێزان
ئەدەنە: 9,000 خێزان
عەفرین: 61,782 خێزان
سەمسوور: 26,790 خێزان

 

 

 

 

سالار حيسامى

نـــوێـكـردنەوەی پەیمان لەگەڵ بارزانیی نەمر بۆ خزمەتكردن و فریاگوزاریی مرۆیی
Top