ئایا پۆدرەی منداڵ بێ زیانە؟

ئایا پۆدرەی منداڵ بێ زیانە؟

پۆدرەی منداڵ Baby powder بەكاردێت بۆ ڕێگرتن لە سووتانەوەی پێستی پەیوەست بە بەكارهێنانی دایاپەر (حەفازە)،پۆدرەی منداڵ بەگشتی دوو جۆرن: ئەو جۆرانەی كە ماددەی تالك Talc لەخۆدەگرن و ئەو جۆرانەی كە ماددەی تالك لەخۆناگرن. تالك كە بە كانزای گڵ Clay mineral ناسراوە، پێكهاتووە لە مەگنسیۆم، سیلیكۆن، هایدرۆجین، لەگەڵ ئۆكسجین. ئەو پۆدرانەی كە تالك لەخۆناگرن ئەمانەن: نیشاستەی گەنمەشامی، پاودەری كێك، پاودەری سیلیكەیت كە بە گڵی كائۆلین Kaolin ناسراوە، نیشاستەی برنج، هەروەها ئاردی شوفان. هەڵمژینی پاودەری منداڵ مەترسیدارە، بۆنموونە هەڵمژینی تالك لە لایەن منداڵ یان دایكەوە دەبێتە هۆی گرفت لە سییەكاندا، بە شێوەی كۆكە و هەناسەتەنگی، هەروەها هەڵمژینی جۆرەكانی دیكەی پۆدرەی بێ تالك گرفت بۆ كۆئەندامی هەناسە پەیدادەكەن، لە لایەكی دیكە پسپۆران تێبینیی ئەمەیان كردووە كە هەندێك جار لەوانەیە تالك بە ئەسبێست ئالوودە ببێت، لێرەدا مەترسی هەڵمژینی ئەسبێست Asbestos دێتە پێشەوە كە ماددەیەكی شێرپەنجەییە. جێگرەوەكانی پۆدرەی منداڵ بۆ ڕێگرتن لە سووتانەوەی پێست: وشك ڕاگرتنی دایاپەری منداڵ بە پێی توانا، شووشتنی لەشی منداڵ پاش گۆڕینی دایاپەر تەنیا بە ئاو یان سڕینەوە بە قوماشێكی وشكی نەرم، لەگەڵ نەبەستنی دایاپەر بە توندی.

 

Top