یەکدەنگی فاکتەری بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی کوردستانە

یەکدەنگی فاکتەری بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی کوردستانە

 

  لە دوای شەڕی نەگریسی ناوخۆوە، یەکڕیزیی سەرەکیترین ئاوات و هیوای کورد بووە، بەڵام یەکڕیزیی بەمانا ڕاستەقینەکەی,

ئاڵنگارییە بەردەوامەکانی سەر ‌هەرێمی کوردستان و ئەو پیلان و بۆمبانەی نابەرپرسیارانە بۆ کورد تەوقیت دەکران، هۆکاری سەرەکی ئەم هیواخوازییەی گەلی کوردستانە، چونکە ئیدی بۆ هەمووان ئەوە ڕوون بووەتەوە کە نەیارانی کورد چەندە هەلپەرستانە کار لەسەر تێکدان و نەهێشتن و سڕینەوەی ئەم گەلە ژێردەستەیە دەکەن.

 

(وینستۆن چەرچڵ) لەبارەی گرفتەکانی ناتەبایی ناوخۆییەوە دەڵێت: «کاتێک دوژمن لە ناوخۆ نەبێت، دوژمنەکانی دەرەوە ناتوانن ئازارت بدەن»

 

هەروەک لاوازی یەکڕیزی نیشتمانی کاریگەرییەکی لەناوخۆدایە بێگومان ئەوە کاریگەرییە لەدەرەوەشدا بەشێوەیەک کاریگەر و بزوێنەرە کە بووەتە بیانووی ئەو لایەن و دەوڵەتانی کە زۆر کات بریاریان لە چارەنووسی گەلی کورد داوە وایان وێنا کردووە کە کورد هەرچەند بە‌هێزبێت بەڵام توانای سازان و کۆدەنگی ناوخۆیی نییە، هەرچەندە ئەم جۆرە تانە لێدانەش بەشیک لە شێواندنە پیلانی ناحەزان بە میللەتی کورد، بەڵام خۆ بۆ کورد ئاسان و سادەیە کە ناوماڵەکەی خۆی پتەو و تەبا و ئارام بکات، دروستتر بڵێین بیانوو و هۆکار نەداتە دەست نەیارانی دژ بە کوردستان.

لە ڕاستیدا مەترسییەکە جددییە ناکرێ ھەر سەددەیەک بە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی جیهانییەوە تێپەڕێ ھەر لەم چوارچێوە ساددەیە بخولێینەوە کە ئاواتمان یەکڕیزیی بێت، لە کاتێکدا دەبوو دەیان ساڵ پێش ئێستا ھەر کردار و لۆژیک بۆ ھەموو دونیا ئەوە بسەلمێنرابا کە کورد شایان بە سەربەخۆیی و دەوڵەتە، نەک بە ئاوات خواستن داوای یەکڕیزیی بکەین.

 

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمرۆ دووشەمە 8ـی ئایاری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت کردووە.

تاوتوێێ کێشە و گرفتە دارایی و ئیدارییەکانی بەردەوام حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کەشێکی ئەرێنیدا خاڵی سەرەکی کۆبوونەوەکە بووە  و هەردوولا کۆک بوون لە سەر چارەسەريی گشت کێشەکان بە ڕێگەی گفتوگۆ و هاوکاری نێوان گشت کوتلە وزارییەکانی ناو کابینە.

ئەوەی گرنگە هەر لایەنێک کە ڕؤڵی نەرێنی لە شێواندنی کۆدەنگی نیشتمانیدا بینووە بە خۆیدا بچێتەوە، دروستتر کاریگەرییەکان لەو کاتە دەردەکەون کە داهاتی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە گەنجینەی حکوومەت و چیدیکە بە بیانووی جۆراوجۆر هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دوانەخرێت و ئەم کۆبوونەوەیە ببێتە خاڵی وەرچەرخان و تێپەڕاندنی هەموو گرژی و ناکۆکی و تەنگژانەی لەماوەی ڕابردوودا هەبوون، چونکە قۆناغی دروشم و کات بردن بەسەرچووە، لە ئێستادا گرنگە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان لە بەغداد و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بخرێتە پایەی سەرەکی کۆکبوون و یەکدەنگی  بۆ ئەوەی دەرهاوێشتەکانی داهاتووی ناوچەکە لە بەژوەندی گەلی کوردستان بێت و لێکەوتە نەرێنییەکان بەرپەرچ بدرێنەوە.

ھەروەک بیرمەند (لەیلا گیفتی ئاکیتا) دەڵێت:  «جوانی دەسەڵات لە یەکگرتوویدایە پێویستە ھەمووان لە دڵ و دەرووندا یەکگرتوو بین»

Top