د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:   دەبێت پێكەوە بیر لەوە بكەینەوە چۆن لەگەڵ سایكۆلۆژیەتیی ناڕەزایی خەڵك دیالۆگ دروست بكەین

د.سالار عوسمان  بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:     دەبێت پێكەوە بیر لەوە بكەینەوە چۆن لەگەڵ سایكۆلۆژیەتیی ناڕەزایی خەڵك دیالۆگ دروست بكەین

 

 

بەڕێز د.سالار عوسمان ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و یەكێكە لە ڕۆژنامەنووس و قەڵەمە دیارەكانی هەرێمی كوردستان و، لە بواری كاری ڕۆژنامەنووسی و میدیادا زۆر بایەخی بە كرانەوە و كۆكردنەوەی جیاوازییەكان و خواست و داواكارییەكانی خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان داوە، لەسەر پرسە نیشتمانییەكانیش هەموو كات جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە ئەم نیشتمانە نیشتمانی هەموومانە و ئەم حكومەتە حكومەتی هەموومانە، بۆیە دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەكان و تێكڕای نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، كاتێك دێینە سەر باسی نیشتمان و چارەنووس و خۆشگوزەرانیی خەڵكی كوردستان، دەبێت جیاوازییە سیاسی و نەتەوەیی و ئایینییەكانمان بكەینە سۆنگەی فرەدیدگا بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەمە چەشن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانمان. لە بازنەی گفتۆگۆی ئەمجارەدا «خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان» دوای بەخێرهێنانی بەشداربووانی ئەم بازنەیە و ڕوونكردنەوەی ئامانجی «بازنەی گفتوگۆ»، جارێكی دیكە جەختی لەوە كردەوە كە ئێمە دەبێت جیاوازییەكانمان خاڵی بەهێزمان بێت، هەروەك فرەیی نەتەوەیی و ئایینیی خەڵكی كوردستان بووەتە جێگەی شانازی و شكۆی هەرێمی كوردستان لە جیهاندا و، بەمجۆرەش سەبارەت بە خواستی خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆچوونەكانی خۆی خستەڕوو:

زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێزان پارێزگارەكان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكانی كوردستان گفتوگۆ لەسەر پرسێكی زۆر ژیاری و گرنگ دەكەین، كە ئەویش پرسی «خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان»ـە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، بەم بۆنەیەوە جارێكی دیكە بە ناوی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و بە تایبەتیش بە ناوی لێژنەی بازنەی گفتوگۆ زۆر سوپاستان دەكەین كە ڕێگەی دوورتان بڕی و لەم گفتوگۆیە ئامادە بوون.

بە ڕاستی لەم گفتوگۆیە هەموو بەڕێزان زۆر بە جوانی توانییان وێنە و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بگوازنەوە، ئەمەش زەمینەی ئەوەی دروست كرد،  گفتوگۆیەكی دروست بە ئاراستەیەكی ڕاست بێتە ئاراوە. ئەم جۆرە گفتوگۆیە كە یەكێكە لە ئامانجەكانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، لەو ڕوانگەیەوە هاتووەتە ئاراوە كە هەستمان كردووە ئەوەی پێی دەگوترێت گفتوگۆ و ڕۆشنبیری، لێكتێگەیشتن بووە بە بەشێك لە ململانێی نادروستی سیاسی و یەكتری شكاندن، هەر بۆیە ئەم هەوڵەی ئێمە بۆ ئەوە بووە سەكۆیەك دروست بكەین، بۆ ئەوەی جیاوازییەك بكەینە دیدگای فرە ڕەهەند بۆ دیوە جوانەكانی ڕاستی و پێكەوە بیر لە خەمەكانی نیشتمان و خەڵكی خۆمان بكەینەوە، لەم پێناوەشدا باجەكەی چەند قورس و تاڵیش بێت، دەبێت ڕاستییەكان وەك خۆی بخەینە ڕوو، لەبەر ئەوەی كوردستان و هەقیقەتی ژیان و گوزەرانی ژیانی خەڵك لە هەموو شتێكی دیكە گەورەترن.

ئەوەی لەم ڕاپرسییەی بازنەی گفتوگۆ دڵخۆشی كردم، ئارامی و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستانە كە خەڵك زۆر بە ئەرێنی باسی كردووە، ئەمەش لایەنێكی زۆر ئەرێنییە كە خەڵكی كوردستان بەو جۆرە باس لە ئاسایش و سەقامگیریی كوردستان بكات و، دەبێت میدیا و ڕاگەیاندن زۆر بە بەیاخەوە لەسەر ئەم پرسە كار بكەن و، زیاتر جەخت لەسەر ئەم لایەنە بكەنەوە.

لایەنێكی دیكەی ڕاپرسییەكە كە بەڕێزان بەگشتی و د.عەلی تەتەر و كاك ئومێد خۆشناویش ئاماژەیان پێ كرد، منیش هاوڕام كە ئاكامی ڕاپرسیی خەڵك هەر چۆنێك بێت «ئەرێنی یان نەرێنی» دەبێت بە بایەخ و گرنگییەوە وەربگیرێت، هەتا ئەگەر ئەو ڕاپرسییە ڕەنگدانەوەیەكی تەواوی واقیعەكەش نەبێت، بۆیە لەو خاڵەوە دەچمە ناو ئەم پرسە كە بە هۆی كۆمەڵێك هۆكاری سیاسی و میدیایی، جۆرێك لە سایكۆلۆژیەتی ناڕەزایی لای خەڵك دروست بووە و، ئەم سایكۆلۆژیەتەش بووەتە واقیع، بۆیە دەبێت هەموومان پێكەوە بیر لەوە بكەینەوە چۆن دیالۆگ لەگەڵ ئەم سایكۆلۆژیەتی ناڕەزاییە دروست دەكەین، ئەمەش بەرەنجامی ئەو بەناو ئۆپۆزسیۆنەیە كە بێجگە لە كورسی و دەنگ، نیشتمانی لا مەبەست نییە، هەروەها ئەو میدیایانەی كە بێجگە لە لایك و كۆمێنت، هیچ بەهایەكی دیكەیان لا پیرۆز نییە، ئەم ئاراستەیە زۆر كەسی بەتاڵی پڕ كرد، زۆر كاری لە كوردستاندا بەلاڕێدا برد.

پرسی گرنگ ئەوەیە چۆن كار لەسەر ئەم پرسە هەستیارە بكەین، پێموایە دەبێت كار لەسەر گۆڕینی ئەم سایكۆلۆژیەتەی ناڕەزایی بكەین كە ئێستا لای خەڵكی كوردستان دروست بووە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا كاری ئێمە بۆ ئەوە بێت، ناڕەزاییەكان بگۆڕین بۆ پشتگیریی ڕەهای حكومەت؟ نەخێر، دەبێت بیگۆڕین بۆ سایكۆلۆژیەتێكی ڕاست، كە بێگومان لە سایكۆلۆژیەتی ڕاستدا هەم ڕەخنە و ناڕەزایی هەیە، هەمیش دەستخۆشی و پشتگیری لە كارە باشەكانی حكومەت هەیە، یەكێك لەو نێوەندانەشی ئەم كارەی پێ دەكرێت، میدیایە كە بەداخەوە تا ئێستا میدیا ئەم ڕۆڵەی نەگێڕاوە.

لەم چوارچێوەیەدا هەست دەكەین حكومەتی خۆشمان خەمساردی هەبووە و، نەیتوانیوە جگە لە هەواڵ و ڕووماڵ پەیوەندییەكی دیكە لەگەڵ میدیا دروست بكات، بۆیە كاتێك سەرنج دەدەین، دەبینین حكومەتی خۆمان (وەزیرەكان، پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان) بێجگە لە لێدوان و دیمانە و ڕووماڵ پەیوەندییەكی دیكەیان لەگەڵ میدیا نییە، ئەمەش واتە تەنیا پەیوەندییان لەگەڵ لایەنە پیشەییەكەی میدیا هەیە، بەڵام لەگەڵ بەشە نیشتمانییەكەی میدیا هیچ پەیوەندییەكیان نییە، بۆیە لێرەوە پێشنیار دەكەم، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان و تەواوی وەزیرەكان و پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان لینكێكی نزیك لەگەڵ میدیاكاران بكەنەوە و دیالۆگێكی ڕاشكاویان لەگەڵ دروست بكەن و، پێیان بڵێن ئەم نیشتمانە بەر لەوەی هی ئێمە بێت، هی ئێوەیە، هەستێك بۆ میدیاكاران دروست بكەن، كە ئەم وڵاتە وڵاتی ئەوانە و ئەم حكومەتە حكومەتی ئەوانیشە.

Top