لەهێرشێكی تیرۆریستی بۆ سەر پۆلیسی مەکسیک ٦ کەس کوژران

لەهێرشێكی تیرۆریستی بۆ سەر پۆلیسی مەکسیک ٦ کەس کوژران

 

 

ئەندامانی باندێک لە ڕۆژئاوای مەکسیک دوای هێرشێکی تەقینەوە، چوار بەرپرسی ئەمنی و دوو هاووڵاتی مەدەنییان کوشت ودەیان کەسی دیکەشیان بریندار کرد.

ئینریکی ئالفارۆ، پارێزگاری ویلایەتی جالیسکۆ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندووە: ئەو تەقینەوەیەی کە پۆلیس و ئەو بەرپرسانەی لە نووسینگەی داواکاری گشتی ویلایەتەکەدا کاردەکەن کردە ئامانج، پلانێكی بێ وێنە بووە و ئەوە دەردەخات کە ئەم گروپە تیرۆریستە توانای چییان هەیە.

حکومەتی مەکسیک ئەم هێرشەی بە تیرۆریستی ناوبردووە.

پارێزگاری ئەم ویلایەتە گوتیشی: ئەم هێرشە تەڵەیەک بوو چونکە باندەکە پەیوەندی بە پۆلیسەوە کرد و ناونیشانی ئەو شوێنەیان دا کە پاشماوەی مرۆڤی تێدایە. هەروەها هێزەکانی پۆلیس لە کاتی چوونیان بۆ ئەو شوێنە ڕووبەڕووی تەقینەوەیەکی کوشندە دەبنەوە.

ئەم هێرشە دوای ڕووداوێکی هاوشێوە لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا هات کە تیایدا هێزە ئەمنییەکانی ویلایەتی گواناخواتۆ چوونەتە لێکۆڵینەوە لە ڕێگای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەبارەت بە چەند تەرمێک ناو ئۆتۆمبێلێکدا، کە دوای گەیشتنیان تەقیەوە.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە مەکسیک یەکێکە لە مەترسیدارترین وڵاتەکانی جیهان بەهۆی چالاکیی قاچاخچییەکان و تاوانبارانەوە.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

 

Top