بەیاننامەی سەندیكای ئابووریناسی كوردستان سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆران و تێكەڵكردنی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەناو ململانێ سیاسییەكان دا

بەیاننامەی سەندیكای ئابووریناسی كوردستان سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆران و تێكەڵكردنی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەناو ململانێ سیاسییەكان دا

 

هەرێمی كوردستان كیانێكی دەستوورییە و بەپێی یاسا ئەرك و ماف و شایستە داراییەكانی لەناو ئەو چوارچێوەیەدا بۆ دیاریكراوەو، دەبێت وەكو هەرێمێكی فیدراڵی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت ، بەتایبەتی بابەتی بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ، كە بەهیچ شێوەیەك نابێت تێكەڵی گەمەی سیاسی بكرێت و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بكرێنە قوربانی ململانێ سیاسییەكان.
ئێمه‌ له‌ سه‌ندیکای ئابووریناسی كوردستان دژی سیاسەتی جیاكاری و جێبەجێ نەكردنی دەستوور و یاسای بودجەی عێراق و خۆدزینەوەی بەڵێنەكانین ، كە لەئێستادا دوور لە بەرژەوەندی هاوبەش و دەستوور و یاسا ؛ كەمینەیەكی ناو حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراق و كەسانێكی ناو حكومەتی عێراق پەیڕەوی دەكەن ، مووچە و قووتی خەڵكیان كردۆتە كارت و فشارێكی سیاسی بۆ ئەجیندەو مەرامی دژ بەكورد بەكاردەهێنرێت .
بڕین و نەناردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق و لەو بڕەش بەشێكی سەرەكی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە و لەلایەن حكومەتی فیدراڵی عێراقەوە تێكەڵ بە گەمەیەكی سیاسی كراوە ، ئەمە جگە لە سه‌پاندنی گه‌مارۆ و برسیكردنی خەڵكی كوردستان هیچ واتایەكی دیكە ناگەیەنێت، ئێمە وەكو سەندیكای ئابووریناسی كوردستان لەكاتێكدا پاڵپشتی هەموو دانوستان و گفتوگۆو لێكتێگەیشتنێكی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵی دەكەین، هاوكات داوا لە حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش دەكەین هەموو هێزو توانای خۆیان یەك بخەن و تەبا و یەكگرتوو بن لەبەرامبەر پاراستنی ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان و هەوڵەكانیان بۆ زامنكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان یەكبخەن ، رێگا نەدەن كەسان و گروپێك بۆ جێبەجێكردنی مەرام و بەرژەوەندی تایبەت بە خۆیان زیان بە مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان بگەیەنن و هەڕەشە لە سەر قەوارەی هەرێمی كوردستان بكەن و، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و عێراقیش بەشێواز و پیلانی جۆراوجۆر پشێوێنن.

سەندیكای ئابووریناسی كوردستان
12/9/2023
لقد أرسلت

Top