ئایا تاریكی خێرایی هەیە؟

ئایا تاریكی خێرایی هەیە؟

خێرایی تاریكی لە ڕووی فیزیایەوە وجودی نییە، چونكە بۆشایی گەردوون یان گەردوون تاریكە، جیاواز لە ڕووناكی كە لە سووتاندنی مادەیەك یا گازێكەوە بۆ گازێكی دیكە وزەیەك دروست دەكات و دەبێتە جۆرێك لە وزەكان وەك وزەی ڕووناكی. بۆنموونە سووتانی هایدرۆجین و گۆڕینیەتی بۆ هیلیۆم لە نێو خۆردا كە جۆرێك لەوزە دروست دەبێت و ئەو وزەیە وزەی ڕوناكییە و دونیا ڕوناك دەكاتەوە، بەڵام تاریكی وزە نییە، بەڵكو لە نێو فەزای تاریكدا وزەی شاراوە هەیە، كە ئەم وزەیە هی خودی تاریكی نییە، بەڵكو لە نێو تاریكیدایە و هی تەقینەوە یان مادە نەبینراوەكانی نێو بۆشاییە كە بەهۆی تاریكیی گەردونەوە نابینرێت، بۆیە ڕەوا نییە قسەكردن لەسەر خێرایی تاریكی، چونكە تاریكی دەكرێ بە جۆرێ لە جۆرەكان وەك شوێن یان دووری مامەڵە لەگەڵدا بكرێت، نەك وەك وزە، بەڵام بەجۆرێ لە جۆرەكان دەتوانین خێرایی تاریكی بە خێرایی ڕووناكی یەكسان بكەین، كە لە كاتی كشانەوە و نەمانی ڕوناكیدا ئەم خێراییە دەردەكەوێت، كە لە بنەڕەتدا ئەمە بووەتە جێگەی گومان كە بۆچی لە نەمان و كشانەوەی ڕوناكیدا تاریكی دادێت، كەواتە دەبێ خێرایی تاریكییشمان هەبێت!. بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە خێرایی تاریكی نییە بەڵكو خێرایی كشانەوە و نەمانی ڕووناكییە كە لەو ساتەدا تۆ وەك خێرایی تاریكی دەیبینیت، هەروەك چۆن ساردییش هەر وایە لە بەرامبەر گەرمیدا، بە تەقینەوەی شتەكان هەر لە بیگبانگەوە گەرمی دروست دەبێت و هەر شوێنێكیش گەرمیی لێ نەمێنێت سارد دەبێتەوە، ئیدی شتێكمان نییە لە ڕووی فیزیاییەوە ناوی وزەی ساردی بێت.

 

Top