غەززە. شەڕێكی شێتانەی بەوەكالەت

غەززە. شەڕێكی شێتانەی بەوەكالەت

 

پاش ڕێككەوتنی ئۆسلۆ لە ساڵی 1993دا، هەموو ئیدارە ئەمریكییەكان نەیانتوانی فایلی ململانێی فەلەستینی- ئیسرائیلی بەرەو پێش ببەن، بێجگە لە هەوڵەكەی بیل كلینتۆن كە توانی لە ساڵی 2000دا ئیهود باراك سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتی ئیسرائیل و یاسر عەرەفات سەرۆكی ئەوكاتی دەسەڵاتی فەلەستین، لە هاوینەهەواری كامپ دێڤید بە یەك بگەیێنێت.

كلینتۆن توانی وا لە هەردوولا بكات لە بەرانبەر میدیا و جیهاندا دەست لە ناو دەستی یەكتر بنێن، بەڵام ئەو هەوڵەش نەیتوانی سەر پێهاتییەكەش بەرەو پێش ببات.

دۆخی ئەمڕۆ بەرەو یەك ئاراستە هەنگاو دەنێت، كە ئەویش زیادكردنی لایەنەكانی ململانێی ئێستایە.

ئیسرائیل كە پاش هێرشەكەی ڕۆژی 7ی تشرینی یەكەم هەست بە ڕیسوایی دەكات، بووەتە مێردەزمەیەكی كوێر و دەیەوێت تەواوی غەززە وێران بكات. حاڵەتێكی شێتانەیە و ئامانجەكەشی تۆڵەسەندنەوەیە بە توندترین شێوە بەبێ ئەوەی ڕەچاوی شتێكی دیكەی سیاسی، یان مرۆیی بكات.

هێرشەكەی ڕۆژی 7ی تشرینی یەكەم كاریگەرییەكی زۆری كردە سەر هاوپەیمانانی ئیسرائیل، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەنتۆنی بلینكن خۆی گەیاندە تەلئەڤیڤ و ڕایگەیاند كە وەك جوویێك هاتووە، كە ئەمەش دەربڕینێكی خێرا و نامەسئوولانە بوو، وەك ئەوە وابێ ململانێكە ئایینییە.

ئەوەی دەیبینم، ئەوەیە كە ئیدارەی ئەمریكا هەوڵ دەدات، كێشەیەكی كۆنی ئاڵۆز بە شێوەیەكی سادە و ساكار چارەسەر بكات، بەبێ ئەوی سەر پێهاتی فەلەستینییەكان ڕەچاو بكات.

هێرشەكەی ڕۆژی 7ی تشرینی یەكەم نەتەنیاهۆ و ڕۆژئاوای تووشی شۆك كرد، تا ڕاددەیەك ئەم هێرشەیان بە هێرشەكەی 11ی سێپتێمبەر شوبهاند و چرای سەوزیان بۆ ئیسرائیل هەڵكرد بە كەیفی خۆی غەززە وێران بكات.

ئەمریكاو ڕۆژئاوا ڕایانگەیاند ئیسرائیلی مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خۆی بكات و بە هەموو هێزێكیانەوە پشتگیرییان لێ كرد. كاتێ نەتەنیاهۆ لە شۆكی هێرشەكە بە ئاگا هاتەوە، بڕیاری دا، لە ڕێی ئەنجامدانی لەرزەیەك كۆتایی بە حەماس بهێنێت. دەستی بە كشتوبڕی خەڵكی سڤیلی غەززە كرد و ئەو كارەشی هەر وەكو كارەكەی حەماس بوو، بەڵام بە جیاوازییەكی زۆر.

حەماس و لیكۆد خاوەنی یەك ئایدیۆلۆژیەتن و بە هیچ شێوەیەك لایەنێك قایل نییە لەگەڵ ئەویتر بژی و دەیەوێ بەرانبەر پاكتاو بكات، هەردووكیشیان ئایین لە شەڕەكەدا بەكار دەهێنن و هەردووكیشیان پشت بە لایەنی دەرەكی دەبەستن و قوربانییەكەشی خەڵكی سڤیلە.

حەماس لەژێر درووشمی «مقاوەمەت» شەڕی بەوەكالەتی كرد، بۆ ئەو وڵاتەی كە ویستی حیساباتی خۆی لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل پاكتاو بكات بەرانبەر تیرۆركردنی چەند كەسایەتییەكی ئەو وڵاتە و تۆمەتباریش (مۆساد)ی ئیسرائیلی بوو.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ئیسرائیل توانی سەركەوتن وەدەست بهێنێت، كە لەوانەیە لە ئەمڕۆی هارێتیدا بیدۆڕێنێ، بەتایبەتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە كە زۆر بە ئەستەمی و پاش ماوەیەكی زۆر باشتر ببووەوە. لێكەوتەكانی هێرشەكە زۆر خاڵی هەستیاری كەشف كرد و ئیتر پاراستنی ئابڕوو بوو بە ئەولەوییەت، نەك گوێگرتن و وتووێژی عاقڵانە.

ئەمریكییەكان كە زامنی ئاسایشی ئیسرائیلن، دەبێ دوور لە بۆچوونەكەی بلینكن ڕەفتار بكەن و ئاوێك بە ئاگرەكەی غەززەدا بكەن.

ئەمنییەتی ئیسرائیل تەنیا بە چەك و هێز ناپارێزرێت، بەڵكو بەیەك گەیاندنی فەلەستینی و ئیسرائیلییەكانە لەسەر چارەسەرێكی جددی و بنبڕ، كاتێ ئارێل شارۆن لە ساڵی 2005دا پلانی (پچڕاندنی پەیوەندی) جێبەجێ كرد و ئیسرائیلییەكانی لە غەززە كشاندەوە، ئامانجەكەی پاراستنی نیشتەنییە ئیسرائیلییەكانی بوو لە گرووپە فەلەستینییەكان.

شارۆن دەوڵەتێكی دەویست گشت ئیسرائیلییەكان لەخۆ بگرێت، تا بتوانێ بیانپارێزێت، كەچی نەتەنیاهۆ پێچەوانەی شارۆن دەیەوێ غەززە لە خەڵكەكەی بەتاڵ بكات بە هەنجەتی بنبڕكردنی حەماس و گرووپە ئیسلامییەكانی دیكە، كە ئەمەش كارێكی ئەستەمە.

خودی نەتەنیاهۆ ڕۆڵێكی سەرەكیی بینی لە بەهێز كردنی حەماس لە ڕێی پێشكەشكردنی ئاسانكاری و، ئامانجیشی لاوازكردنی دەسەڵاتی مەحموود عەباس بوو، سەركردەی لێكۆد بە ڕێنوێنی ئەمریكا و لە ڕێی سەربازی ئیسرائیلەوە شەڕی حەماس دەكات و ئامانجیشی ئێران و ڕووسیایە.

لە شەڕی ئۆكتۆبەری ساڵی 1973دا، ئەمریكا لە دژی یەكێتیی سۆڤیەتی جاران نەیویست ئیسرائیل ئەو شەڕە بدۆڕێنێ، لێرەدا كەس ناتوانێ ڕۆڵی كیسنجەر لەبیر بكات كە چۆن توانی ئیسرائیل لە ڕووی سەربازی و دیپلۆماسی و سیاسییەوە ڕزگار بكات.

سەبارەت بە سەركردەكانی حەماسیش وەك (خالید مشعەل و ئیسماعیل هەنییە) شەڕەكە بە ڕێنوێنیی ئێران و خەڵكی دیكە دەكەن و، بە خۆشیان لە دەرەوەی غەززەن و لە ڕێی شاشەكانی ئوتێلە بەناو بانگەكانی قەتەرەوە سەیری شەڕەكە دەكەن، ژیانیشیان پارێزراوە بەپێی ئەو بەڵێنەی كە مۆساد داویەتە بەرپرسانی قەتەر و میسر، ئەمە لە كاتێكدا خەڵكی سڤیلی غەززە بۆنی مردن دەكەن، بەهۆی چەكە كۆكوژەكانی ئیسرائیلەوە.

ئەوانەی ڕابینینی ئەوەیان دەكرد كە شەڕی غەززە هەلێكە بۆ ئێران تا بەڵێنەكەی بە كۆتاییهێنانی ئیسرائیل جێبەجێ بكات، تووشی شۆك بوون بەرانبەر قەبارەی بێدەنگیی ئەو وڵاتە و، تواناكەی بە هەرسكردنی ئەو ئیحراجییەی كە بەرانبەر باڵە توندڕەوەكانی لە ناوەوە و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا تووشی بووە. لە بەرەی لوبناندا، حزبوڵڵا وەك كاردانەوەیەك جار نا جار هەندێ ڕۆكێت ئاراستەی ئیسرائیل دەكات و، ئامانجەكەشی ئەوەیە بە ئیسرائیل و عەرەب بڵێ منیش لە وێنەكەدام، بەڵام تا ئێستا بە كردەیی بەشداریی شەڕەكە نەبووە و باوەڕیش ناكەم بە ئیرادەی خۆی بەشداری بكات، مەگەر بە چرای سەوزی ئێرانەوە.

ئەگەر گوێ لە قسە زلەكانی ئێران و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە بگرین، بۆمان دەردەكەوێت، كە واقیع لەسەر ئەرزدا ئاماژە بە گەمەیەكی وردی ئێران دەكات و، مەبەستیش پتەوكردنی دەسەڵاتیەتی لە عێراق و لوبنان و یەمەن دوور لە هەر شەڕێكی گشتگیر. ئەوەی پەیوەندی بە عێراق و گرووپە چەكدارەكانیشی هەیە، هەمدیسان دەڵێم، ئەوانەش وەكو حزبوڵڵای لوبنانی هەڵوێستێكی شەرمنانەیان نواند. ڕاستە چەند ڕۆكێتێكیان ئاراستەی بنكەی حەریر و عەینولئەسەد كرد، بەڵام بێ ئەنجام.

لێرەدا ئێمە لەبەردەم دوو ستراتیژیەتی دژ بە یەكین، ستراتیژیەتی حكومەتی عێراق كە دەیەوێ هاوكاریی سەربازی لەگەڵ ئەمریكا بەردەوامیی هەبێ و، ستراتیژیەتی گرووپە چەكدارەكان كە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستەی دەكرێن.

ئەبو فەدەك سەرۆك ئەركانی حەشدی شەعبی ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە، بەبێ ئەوەی حیساب بۆ سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی فالح فەیاز و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سوودانی بكات، نەك هەر ئەمە، بەڵكو ئەبو فەدەك زاراوەی «ئێمە دەوڵەتین»ی بەكار هێنا، وەك دەلالەتێك بۆ ئەو ململانێیەی كە لەنێوان دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراق و میلیشیاكانی سەر بە ئێراندا هەیە و، هەروەها ئەو ململانێیەی كە لە نێوان خودی میلیشیاكاندا هەیە.

بەرپرسی كەتائیبی حزبوڵڵا ئەبو حوسێن ئەلحمێداوی، ناوی ئەو گرووپانەی بڵاو كردەوە كە بنكە سەربازییەكانی ئەمریكایان كردبووە ئامانج، وەك بزووتنەوەی (ئەلنوجەبا) و (ئەنساروڵڵای ئەلئەوفیا) و (كەتائیبی سەیدولشوهەدا) بەبێ ئەوەی ناوی (عەسائیبی ئەهلی حەق) بێنێ، كە ئەمەش بووە جێی نیگەرانیی قەیس خەزعەلی و پێی وا بوو، ئەلحمێداوی عەسائیبی تووشی ئیحراجییەكی گەورە كردووە و، كەشفكردنی ناوی گرووپەكانیش هەڵەیەكی گەورەیە و ئەلحمێجاوی نەیتوانیوە نهێنی كاری (مقاوەمە) بپارێزێت، بەم كارەشی چارەنووسی ئەو گرووپانەی خستە بەردەم مەترسییەكی گەورە.

ئەوەی ڕاستی بێ، هیچ هەڵوێستێكی جددیمان نە لە چین و ڕووسیا نەبینی، كە دەیانگوت دەبێ كۆتایی بە دەسەڵاتی تاكڕەویی ئەمریكا بهێنین.

ئەردۆگان لەشەو و ڕۆژێكدا بوو بە بەرەڤان، سەرەڕای سەركۆنەكردنی هێرشەكەی ئیسرائیل، بەڵام خۆی بێلایەن كرد و ئامادەیی دەربڕی بۆ ناوبژیوانی و بەشداری لە ڕێكارە ئەمنییەكانی غەززە، پاش تەواوبوونی شاڵاوەكە.

گشت وڵاتانی ئیسلامی بێدەنگییان هەڵبژارد و وڵاتانی عەرەبیش بە هۆی كێشەی ئابووری و سیاسی و ململانێی ناوخۆیانەوە نەیانتوانی شتێكی ئەوتۆ بكەن.

خودی فەلەستین لە ڕووی سیاسییەوە دابەشە، ئەگەر ڕامەڵڵا بیەوێ هاوكاریی حەماس بكات، دەستی بەستراوە، ئەمە سەرەڕای كاریگەریی كودەتا بەناوبانگەكەی حەماس لە ساڵی 2007دا و كوشتنی ئەندامانی فەتح و فڕێدانیان لە بانی ئاپارتمانەكانی غەززە، كە تا ئێستا ئاسەوارە دەروونییەكانی هەر ماون.

خۆ كۆمەڵگەی نێودڵەتی بووەتە درۆیەكی گەورە و بە نەزانینی خۆمان باوەڕمان پێ كردووە، سیفەتی مەرجەعییەتی لە دەست داوە و هەر ئەندامێكی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش بەپێی سیاسەت و بەرژەوەندیی وڵاتەكەی دژی ئەندامێكی دیكەی هەمیشەیی ڤیتۆ بەكار دێنێ.

بەش بە حاڵی خۆم دەڵێم: دوو عەقڵ غەززەیان گەیاندە ئەو حاڵەتە، عەقڵی ئێران و عەقڵی حەماس، هەردووكیشیان بوونە هۆی ڕوودانی كارەساتەكەی ئەمڕۆی غەززە، ئەمە ئەگەر عەقڵی ڕووسیاشی نەخەینە سەر.

تەوەفان لە كاتێكدا ڕوویدا كە كۆمەڵگەی ئیسرائیل دابەش بوو، چاوەڕوانی گۆڕانكارییەك دەكرا، بەڵام كردەكەی حەماس هەر چۆن هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی نێوان ئیسرائیل و شانشینی سعودیەی تێك دا، ئەوهاش گۆڕانكارییەكەی ناو ئیسرائیلی بۆ ماوەیەكی دیكە دواخست، بەمەش خزمەتێكی گەورەیان پێشكەش بە نەتەنیاهۆ كرد.

بمانەوێ یان نا، ئێران لە یەكەم زەربەدا دەستی هەبوو، بەڵام پاش ئەوە كە پێویست بوو بێتە مەیدان، ڕایگەیاند كە كات و شوێنەكە گونجاو نییە.

هەندێ كەس پێیان وایە ئەو شەڕەی لە كەرتی غەززە ڕوو دەدات، فۆتۆكۆپی شەڕەكەی ساڵی 1973یە. ئەمانە ئەوە لە بیر خۆیان دەبەنەوە كە یەكەمیان لەنێوان دوو سوپای نیزامی و دووەمیان لەنێوان بزووتنەوەیەكی ئیسلامەوی و سوپایەكی نیزامیدا ڕووی داوە.

لێكچوونەكەی تەنیا خۆی لە ماكی كتوپڕی عەرەبدا دەبینێتەوە، هەروا لە فەشەلی دەزگا ئەمنییەكانی ئیسرائیل كە لە هەردوو شەڕەكەدا نەیانتوانی ڕابینینی بۆ بكەن.

پرسیاری هەرە گرنگ ئەوەیە: ئایا دەكرێ ڕابینین هەمان ئەنجامی ساڵی 1973 بۆ ساڵی 2003 بكەین؟

شەڕی ساڵی 1973 كۆتایی بە دەسەڵاتی پارتی (كرێكاران) هێنا لە ئیسرائیل و بووە هۆی سەرهەڵدانی پارتی لیكۆد، كە تا ئێستا پاش تیرۆركردنی ئیسحاق ڕابین فەرمانڕەوایی ئیسرائیل دەكات، هەر بۆ ئاگاداری، پاش تیرۆركردنی ئیسحاق ڕابین، نەتەنیاهۆ ویستی سەرەخۆشی لە (لیارابین)ی خێزانی ئیسحاق بكات، بەڵام ئەو ئافرەتە ڕازی نەبوو پێشوازیی لێ بكات و، گوتی: چۆن پێشوازی لە بكوژی مێردەكەم دەكەم؟

با پرسیارەكەم بە شێوەیەكی دیكە بخەمە ڕوو: ئایا لێكۆڵینەوە و لێپرسینەوە دەربارەی فەشەلهێنانی دەزگا ئەمنییەكانی ئیسرائیل سەبارەت بە پێشبینی نەكردنی شاڵاوەكەی حەماس، دەبێتە هۆی ئەوەی لیكۆد بە یەكجاری دەسەڵات لە دەست بدات؟

پاش شەڕی ساڵی 1973 میسر و ئیسرائیل لە كامپ دێڤید، ڕێك لە ساڵی 1978دا دەستیان بە وتووێژ كرد، كە بە هۆیەوە میسر توانی نیمچە دوورگەی سینا بگەڕێنێتەوە و پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیلدا ببەستێ.

باشە دەبێ لە كۆتایی شەڕی ئێستای غەززە چاوەڕوانی هەمان ئەنجامی ساڵی 1973 بین؟

واتە ڕازیبوونی ئیسرائیل كە وتووێژ لەگەڵ (فەتح) بكات و غەززە بخاتە ژێر دەسەڵاتی مەحموود عەباس و حەماس بە یەكجاری دوور بخاتەوە، یان چاوەڕوانی سیناریۆی دیكە بین؟

لە ڕاستیدا كەس ڕابینینی ئەوە ناكات، ئەنجامی ئەو شەڕە چی دەبێ و چۆن كۆتایی پێ دێت، چونكە شەڕ بۆ ئەنجامدانی كۆمەڵێ ئامانجی سیاسی بەرپا دەبێ، بەڵام بەردەوامی بۆ ماوەیەكی درێژ، ئامانجەكان تەسك دەكاتەوە و لەوانەیە ببێتە هۆی ڕاستكردنەوەیان، یان هێنانە كایەی ئامانجی دیكە كە لە سەرەتادا ئەستەم بوو.

 

Top