یەك ووشە ژیانی قوتابی دەگۆرێت

یەك ووشە ژیانی قوتابی دەگۆرێت

(لیس براون) گوتاربێژ و نوسەری دیاری بواری هاندانی ئەمریكی دەلێ" پێویست نییە لە سەرت كە نایاب بی ئەوكات دەست پێ بكەی، بەڵام پێویستە لە سەرت دەستی پێ بكەی تاوەكو نایاب بیت".
شكی تێدانییە مامۆستا دەتوانێ‌ بە یەك ڕستە هەموو ژیانی قوتابی بگۆرێت و هانی بدات بەرەو باشتر و باشتر، قوتابی لە قوتابخانە ئەوەی پێی سەرسامە و كاریگەری لە سەری هەیە مامۆستاكەیەتی و چاوەڕێی هەموو هاندان و ئامۆژگاریەك دەكات لە مامۆستاكەی، چونكە مامۆستا ڕۆڵی هەرە كاریگەر و گرنگی هەیە لە گۆڕینی ژیانی قوتابی و هاندان و جۆش و خرۆشی و پەرۆشی بۆ بابەتەكەی، سەرەڕای هەر ئاستەنگ و كێشەیەك كە دێتە پێشی لە تێگەیشتن لە بابەتەكە و لە ژیان. بۆیە هەر قوتابییەك پێویستی بە پاڵنەر و هاندەرێك هەیە تا بتوانێ‌ ئامانجەكانی ببینێ‌، باشترین كەس بۆ نیشاندان و ناساندنی ئامانجەكان لای قوتابی مامۆستاكەیەتی. هەموومان دەزانین قوتابی ئامادەیە هەموو نەسیحەت و ئامۆژگاری و هاندانێك لە مامۆستاكەی وەربگرێت.
لێرە دا گرنگە مامۆستا بەو ڕۆڵە گرنگ و پیرۆزە هەڵسێ‌ ئەویش بتوانێ‌ هەم بابەت و زانستەكەی لای قوتابی خۆشەویست بكات و هەمیش بتوانێ‌ قوتابخانە و ماڵ و كۆمەڵگە و خاك و نیشتمان لای قوتابی پیرۆز و خۆشەویست بكات، وا لە قوتابی بكات هەست بكات كە بەرپرسیاریەتی هەیە بەرامبەر پۆل و قوتابخانە و مامۆستا و پاك و خاوێنی و ژینگە پارێزی ڕابگرێ و جوانتری بكات و بزانێ‌ خۆی خاوەنیەتی و هەست بە شانازی دەكات و كەشێكی لە بارو گونجاوی بۆ بڕەخسێنێ‌ و هەست بە ئارامی و دڵنیایی و پارێزراوی بكات لە پۆل و قوتابخانە، بڕوای بە تواناكانی خۆی بێت و زاڵ بێت بە سەر كێشەو گرفتەكان و ئەوکات متمانەی بەخۆی دەبێت و خۆی بە كەسێكی ئازا و بەهێز و ژیر و سوودبەخش دەبینێت، لە هەمان كات هەمیشە ئاشنای بكات بە ئامانجەكانی و ئاسانی بكات بۆ گەیشتن بە ئامانجەكان.
جودا لەوەش پێویستە مامۆستا ناوە ناوە گۆڕانكاری بكات لە چۆنیەتی شێوازی وانەگوتنەوە و گەشتی ناو قوتابخانە و دەرەوەی قوتابخانە بە قوتابییەكانی بكات و بابەتەكان لە سەر شێوازی فلیم چیرۆك نمایش بكات بۆیان، كەشێكی دڵخۆشیان بۆ بڕەخسێنێ‌ و هەوڵ بدات پەروەردەییانە كێبڕكێ ئاست لە نێوانیان ئەنجام بدات ، لە هەمان كاتیشدا بەردەوام پادداشتیان بکات بگرە بە قەلەمێكی بچووك یان شیرینییەك یان دەست خۆشی و ئافەرینی و هاندانی بەردەوام وا لە قوتابی دەكات بەرهەمدار بێت و هەست دەكات توانای هەیە و لە خۆی ڕازی دەبێت و كاریگەری ئەرێنی و زۆر باشی دەبێت.
جودا لەوانەش پێویستە مامۆستا هەمیشە پەیوەندی ئەرێنی زۆر باشی لەگەڵ قوتابییەكانی هەبێت و دەبێتە مایەی ئاسودەیی و خۆشحاڵی بۆ قوتابیان و زیاتر متمانەیان بەخۆیان دەبێت و دەستكەوت و بەرهەمی بەردەوامیان دەبێت و هەمیشە كاریگەری ئەرێنی زۆرباش لە سەر هەڵسوكەوت و ڕەفتار و گوفتار و كرداری قوتابی جێ دەهێلێ.
لە كۆتایی ئەو وتارەمدا دەمەوێ بە كورتی ئاماژە بە چیرۆكی گوتاربێژی بەتوانا(لیس براون) بكەم خۆی دەگێریتەوە دەلێ " لە قۆناغی سەرەتایی بووم پێیان دەگوتم تۆ گەمژەیی و هیچ نازانێ هەر ئەوە بوو مامۆستا لە قۆناغی پێنجەم منی گەڕاندەوە بۆ قوناغی چوارەم و دەیان گوت تۆ بیركۆڵی و خۆم دەشاردەوە و لە پشتەوە دادەنیشتم و بەشداری هیچم نەدەكرد، بەردەوام بووم تا گەیشتمە قۆناغی ناوەندی ڕۆژێك مامۆستایەك هات و گوتی هەستەلای تەختەڕەش بنوسە ئەوەی پێت دەلێم منیش گوتم ناتوانم گوتی بۆ ناتوانێ‌ گوتم من قوتابی نیم ئەویش لەوەلامدا گوتی گرنگ نییە ئەوە بكە كە پێت دەلێم. دیسان گوتم ناتوانم مامۆستا گوتی لە بەر چی ناتوانی گوتم لە بەر ئەوەی پێم دەلێن تۆ بیركۆڵ و گەمژەی هیچ نازانی، یەكسەر هەستاوە سەرپێ و تەماشای كردم و گوتی جارێكی تر وا مەلێ "ڕای هیچ كەسێك لە سەرت مەرج نییە ئەوە ڕاستی كەتواری تۆ بێت" لەو كاتە وای گوت هەستم كرد دڵم زیاد لێ دەدات و فرمێسك بە گوڕ لە چاوم دەهاتنە خوارەوە کە ئەو قسانەی لە پێناو من كرد، دەڵێ لەو ڕۆژەوە ئەو مامۆستایە هەموو ژیانی منی گۆڕی.
(لیس براون) یەكێكە لە بەناوبانگترین وتاربێژەكانی بواری هاندان و وتارەكانی پڕ بینەرترینن و جگە لەوەش پێشكەشكار بووە لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و ئەندامی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئۆهایۆی ئەمریكی بووە.
گومانی تێدا نییە نموونەی (لیس براون) یەكجار زۆرن، زۆر جار یەك ڕستەی مامۆستایەك، هاندانی مامۆستا، دەست لە سەر شان دانانی مامۆستا بۆ قوتابییەك ژیانی ئەو قوتابییە دەگۆڕێ بەرەو باشتر و هەرە باشتر.
گرنگە مامۆستایانی بەرێز هەمیشە ئەوەیان لە بیر بێت كە كاریگەری ڕاستەوخۆ و هەستیاریان هەیە لە گۆڕینی ژیانی قوتابی، با هەردەم ببینە خاڵی وەرچەرخان و گۆڕین بەرەو ئاراستەی ناوازە و نایاب كە هەمیشە بە نموونەی هەرە بەرز یادیان دەكرێتەوە.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top